گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم چۆنە و کەی نەخۆشخانە بەجێدەهێڵن؟

2020.03.14 - 17:44
تەندروستی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم چۆنە و کەی نەخۆشخانە بەجێدەهێڵن؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان 26 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و لەژێر چاودێری پزیشکیدان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، جگە لە دوو کەسیان سەرجەم ئەوانیتر بارودۆخیان زۆر باشە و چاوەڕێ دەکرێت بەمنیزیکانە بەشێک لە توشبووان چاکببنەوە، دەنگۆی چاکبوونەوەی چوار کەسیش لە سلێمانی ڕەتدەکرێتەوە. .  محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم، تەنها دوو کەسیان زیاتر چاودێری دەکرێن، یەکێکیان کەسێکی بەتەمەنە و نەخۆشی دیکەی هەیە، یەکێکی دیکەشیان ژنێکی دوو گیانە و زیاتر پێویستییان بە چاودێرییە". . جیا لەو 26 توشبووە، توشبوویەک باشبووەتەوە و یەکێکی تریش مردووە. . وتیشی، جگە لەو دوو کەسە سەرجەم توشبووانی دیکە تەندروستییان جێگیرە و باشن، بەڵام ناکرێت چاودێری نەکرێن، چونکە تایبەتمەندییەکی کۆرۆنا ئەوەیە هەندێک کات لەپڕ قورس دەبێت لەسەر توشبووەکە و تەندروستیی تێکدەدات. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی ئەو توشبووانە چاوەڕێ دەکەین بەمنزیکانە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەشێکیان چاکببنەوە و بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە، چونکە بەشێکی زۆر لە توشبووانی کۆرۆنا ئەگەر زۆر بە قورسی ڤایرۆسەکە نەگرن ئەوا لەماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا چاکدەبنەوە". . سەبارەت بە ڕێکارەکانی حکومەت بۆ بەرگرتن بە ڤایرۆسەکە و قەدەغەکردنی هاتوچۆی هاووڵاتیان، محەمەد قادر باسی لەوەکرد: "جگە لەوەی کۆرۆنا دەکرێت لە کەمترین ماوەدە بتەقێتەوە و خەڵکێکی زۆر توشبێت وەک لە زۆر وڵاتدا ڕوویدا، ترسێکی دیکە ئەوەیە کە خەڵکانێکی زۆر با نایاسایی هاتوونەتەوە و لەناو خەڵکدان، بۆیە بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ دەتوانین بەرکەوتنی خەڵک بەیەکتر کەمبکەینەوە". . ڕوونیشیکردەوە، تاووتوێی بارودۆخەکە دەکەن و ئەگەر پێویست بکات قەدەغەی هاتوچۆ درێژدەکەنەوە و گرنگرترین داواشیان ئەوەیە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئەو کەسانەش بە نایاسایی لە وڵاتی ئێرانەوە هاتوونەتەوە بچن بۆ پشکنین. . لەلایەکی دیکەوە دەربارەی دەنگۆی چاکبوونەوەی چوار توشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی، هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە ناس کوردی وت: "نەخێر تائێستا کەس چاکنەبووەتەوە و ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە".