گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى چین داوا لە ئەمریکا دەکات داتاکان ئاشکرا بکات

بەرپرسانی چین باس لە پیلانگێڕییەک دەکەن کە سوپای ئەمریکا کۆرۆنای بڵاوکردبێتەوە

2020.03.14 - 15:15
بەرپرسانی چین باس لە  پیلانگێڕییەک  دەکەن کە سوپای ئەمریکا کۆرۆنای بڵاوکردبێتەوە
ناس کورد- بەرپرسێکی دیاری چینی بانگەشە بۆ "پیلانگێڕییەک" دەکات کە لەوانەیە سوپای ئەمریکا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بردبێتە ناو چینەوە و پشتگیری لەو ڕایە دەکات کە ڤایرۆسەکە سەرەتا لە چینەوە سەری هەڵنەداوە. . ژاۆ لیژیان، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەى چین لە تویتەرەکەى خۆی کە زیاتر لە 345 هەزار فۆڵۆوەری هەیە ڤیدیۆیەکی ڕۆبێرت ڕێدفیڵد، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگری لە نەخۆشییەکان داناوە کە ڕۆژی 11ی ئازار ناوبراو قسە بۆ لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات. . لە ڤیدیۆکەدا ڕێدفیڵد دەڵێت کە هەندێک لەو کەسانەی لە ئەمریکا مردوون بەهۆی ئەنفلۆنزاوە دواتر ئاشکرا بووە کە توشی ڤایرۆسی کۆڤید 19 بوون، واتە کۆرۆنای نوێ. . ڕێدفیڵد زانیاری لەسەر ئەو کەسانە نادات کە کێن و لە چ کاتێکدا مردوون، بەڵام وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەى چین لە تویتەکەیدا ڤیدیۆکەى شەیرکردووەتەوە بۆ پشتگیری لەو بیردۆزی "پیلانگێڕییە"ی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی هوبی و شاری ووهانی چینەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵام هیچ زانیاری و بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو بۆ بانگەشەکانی. https://twitter.com/zlj517/status/1238111898828066823?s=20 وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەى چین نوسیویەتی، "سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگری لە نەخۆشییەکان لە قافدا گیرا، کەى نەخۆشییەکە لە ئەمریکا دەستیپێکردووە؟ چەند کەس توشبوون؟ ناوی نەخۆشخانەکان چین؟ لەوانەیە سوپای ئەمریکا پەتاکەى هێنابێت بۆ ووهان. دەى شەفاف بن، داتاکان ئاشکرا بکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت ڕوونکردنەوەمان پێ بدات." . لە تشرینی یەکەمی 2019دا، سەدان یاریزان لە سوپای ئەمریکاوە لە ووهان بوون بۆ بەشداری لە "یارییە سەربازییە جیهانییەکان". . جیا لە وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەى چین، ڤیدیۆکەى ڕێدفیڵد لە تویتەری چەند میدیایەکی تری چینی وەک تەلەفزیۆنی فەرمی چین (CCTV) و (Global Times) بڵاوکراوەتەوە. . هەروەها دوێنێ هەینی، یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى چین وتی کە "چەند بژاردەیەک" هەن کە ئایا سەرچاوەى ڤایرۆسەکە لە کوێوە هاتبێت. . وتیشی، "چین بە بەردەوامی ئەو بابەتە وەک پرسیارێکی زانسی تەماشا دەکات و دەبێت بە ڕێکارێکی زانستی و پیشەییانە ئاشکرا بکرێت. . کەواتە ئەسڵی بیردۆزەکە چییە؟ بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چین و تەنانەت هەندێک لە ناو حکومەتیشدا دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەى هەڵمەتێک کە تێیدا گومان دروست دەکەن لە شوێن و سەرچاوەی یەکەمی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید 19) کە لە ئێستادا 147 هەزار کەس لە جیهاندا توشبوون و نزیکەى پێنج هەزار کەسیشی کوشتووە. . هەرچەندە حاڵەتەکانی سەرەتا لە شاری ووهان تۆمارکران، ئەو شارەش زۆرترین توشبوو و مردنیشی تێدایە، بەڵام ڕۆژی 4ی ئازاری 2020، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی کە "هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام لەبارەى سەرچاوەی یەکەمی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە و زانایان چین هێشتا سەرقاڵن بۆئەوەى بزانن ڤایرۆسەکە لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە." . هاوکات ڕۆژی 27ی شوباتیش، ژۆنگ نانشان، شارەزایەکی نەخۆشییە پەتاییەکانی چین گومانی هەبوو کە ڤایرۆسەکە لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە. . نانشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، "پەتاکە سەرەتا لە شاری ووهان تۆمارکراوە، بەڵام لەوانەیە لە چینەوە سەرچاوەى نەگرتبێت." . هەروەها ڕۆژی 8ی ئازار، لین سۆنگتیان، باڵیۆزی چین لە باشوری ئەفریقا لە تویتەر بڵاویکردەوە کە "هەرچەندە پەتاکە سەرەتا لە چین تۆمارکراوە بەڵام مانای ئەوە نییە کە لە چینەوە سەرچاوەى گرتووە." . زیاتر لەوەش، ڕۆژی 6ی ئازار، کونسوڵی چین لە دوبەى بۆ یەکەمجار سێ وڵاتی تر تۆمەتبار دەکات بە سەرچاوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕەتی دەکاتەوە یەکەمجار لە شاری ووهان بڵاوبووبێتەوە و ڕەتی دەکاتەوە ناوی وڵاتەکان بهێنێت. .. لی هانگ لی، کونسوڵی چین لە دوبەى ئیمارات لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە دەڵێت، ڕاستە سەرەتا ڤایرۆسەکە لە شاری ووهانی هەرێمی هوبی چین دۆزراوەتەوە، بەڵام هەندێ لە پزیشکەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەوانەیە سەرچاوەکەى ووهان نەبێت.   زیاتر بخوێنەوە: قسەیەکی جیاواز لە بەرپرسانی چین.. "سەرچاوەى کۆرۆنا سێ وڵاتی ترە نەک چین"