گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كۆرۆنا ڤایرۆسی سياسيەكان.. هۆكار چييە ژمارەيەكى زۆر سياسیى توشى كۆرۆنا بوون؟

2020.03.12 - 22:07
كۆرۆنا ڤایرۆسی سياسيەكان.. هۆكار چييە ژمارەيەكى زۆر سياسیى توشى كۆرۆنا بوون؟
ناس کورد-   نزيكەى 130 هەزار كەس لەجيهاندا توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە لەناو توێژە ديارەكانى كۆمەڵگادا توێژی سياسيەكان زۆرترين توشبويان تێدايە، ئەوەش هەر لەئێران و وڵاتانى ئەوروپا و تا بە ئەمريكاش دەگات، زانایانیش هۆکاری ئەوە ئاشکرادەکەن. ، لەهەموو شەڕ و نەهامەتى و كارەساتێكدا كە لە جيهان ڕويداوە، زۆرکات توێژی سياسيەكان ئەوانەن كە زەرەرمەند نين و لەپێشەوەى قوربانيەكان نابينرێن و لە نەهامەتيەكان ڕزگاريان دەبێت، بەڵام ئەمجارەيان نا، ڤايرۆسى كۆرۆنا بەرۆكى ئەوانيشى گرتوەتەوەو چەندين قوربانى لە ڕيزى سياسيەكاندا دەخاتەوە. ، بەپێى راپۆرتێكى ڕۆژنامەى "تايم"ى ئەمريكى، ژمارەيەك بەرپرسى باڵاى ئێرانى توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون كۆتا دانەشيان، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ئایەتوڵا خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.  ، پێش ئەویش بير حسێن كۆليفاند، سەرۆكى خزمەتگوزاريەكانى فرياكەوتنى نيشتمانىي كە لەو هەفتەى پێشودا توشبوو،  ئەوەش دواى چەند كاتژمێرێك لە مردنى مير محەمەدى، ئەندامى ئەنجومەنى دياريكردنى بەرژەوەنديەكانى ڕژێمى ئێران بوو بە هەمان ڤايرۆس، هەفتەيەك پێش ئەوەش ئيرەج حەريرجى، جێگرى وەزيرى تەندروستى ئێران و "مەعسومە ئيپتيكار" ياريدەدەرى سەرۆكى ئێران توشى كۆرۆنا ببون. ، بەپێى دوايين ئامار، سەرەڕاى ئەوەش 20 پەرلەمانتارى ئێرانى توشى ڤايرۆسەكە بون و خراونەتە كەرەنتينەوە و لانيكەميش دوانيان گيانيان لەدەستداوە، هەروەها ئيسماعيل نەجار، سەرۆكى ڕێكخراوى ئيدارەدانى قەيرانەكانى ئێرانيش بەهۆى توشبونيەوە كەرەنتين كراوە. ، هەرچى لەسەر ئاستى ئەوروپايە، لەنێوان توشبواندا سياسيەكانى فەرەنسا، بەريتانيا، ئيسپانيان و ئيتاڵيا دەبينرێن، ڕۆژى دووشەممەى پێشوو نوسينگەى فرانك ريستەر، وەزيرى ڕۆشنبيرى فەرەنسا بڵاويكردەوە كە ناوبراو توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بووە و لەماڵەكەى خۆيدا كەرەنتين كراوە. ، سەرەڕاى ئەوەش پێنج پەرلەمانتارى فەرەنسى و  دوو ئەندامى كۆمەڵگەى نيشتمانى فەرەنسى توشى هەمان ڤايرۆس بوون و وەزيرى ڕۆشنبيرى ئەو وڵاتەش لەكۆبونەوەيەكى هەمان كۆمەڵگەدا توشبوە. ، هەرچى بەريتانيايە، نادين دوريس،  وەزيرى تەندروستى ئەو وڵاتە بەهەمان شێوە توشى ڤايرۆسەكە بوە، دۆریس به‌رپرسی به‌شێكی هه‌وڵه‌كانی به‌ریتانیایه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و هه‌فته‌ی رابردوش بەشدارى له‌ بۆنه‌یه‌كدا كردوە كه‌ بۆریس جۆنسۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانى ئەو وڵاتە ئاماده‌ی بوه‌، هەروەها چاوى بەسەدان كەس كەوتوە لە پەرلەمان و حكومەتى وڵاتەكەى. ، هەرچى ئيسپانيايە، توشبونى خافيێر ئۆرتيگا، ئەميندارى گشتى حزبى فۆكس-ى ڕاستڕەو بە ڤايرۆسەكە ڕاگەيەنراوە. ، سەبارەت بە ئيتاڵياش كە يەكێك لە وڵاتە گيرۆكەبوەكانى دەستى كۆرۆنا، نيكۆلا زينگاريتى، سەرۆكى حزبى ديموكراتەكان وەك توشبوو تۆمار كراوە. ، دودڵى و نيگەرانى باڵى بەسەر كۆنگرێسى ئەمريكاشدا كێشاوە، ئەوەش دواى ئەوەى تيد كروز، سيناتۆرى كۆماريەكان و پۆڵ گوسار، ئەندامى كۆنگرێسى ئەو وڵاتە بەهۆى گومانيان بە توشبون بە كۆرۆنا خرانە جياكەرەوەى تەندروستيەوە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى پێش چەند ڕۆژێك لە كۆنگرەيەكدا بەشداربون كە توشبوى ڤايرۆسەكەى تێدا بوە. ، هۆكارێكى سەرەكى دودڵى و ترسى كۆنگرێسى ئەمريكا ئەوەيە كە يەك لەسەر چوارى ئەندامەكانى لەسەروو 70 ساڵەوەن، ئەوەش تەو تەمەنەيە كە كاريگەرى ڤايرۆسەكە زۆرە لەسەريان، بە كۆى گشتيش ڕێژەى تەمەنى مامناوەندى ئەندامانى كۆنگرێس 57 ساڵە. ، شارەزايان دەڵێن، چەندين هۆكار لەپشت ئەوەوە هەيە كە ژمارەيەكى زۆر سياسى توشى ڤايرۆسەكە بون، فرانسوا بالۆ، مامۆستاى زانكۆى لەندەن دەڵێت، سياسيەكان پەيوەنديان لەگەڵ ژمارەيەكى زۆر خەڵكدا هەيە لە چاو خەڵكانى تر، هەروەها هەميشە تەوقە دەكەن. ، بالۆ دەشڵێت، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەى كە سياسيەكان زوو زوو پشكنينى ڤايرۆسەكەيان بۆ دەكرێت لەچاو هاوڵاتيانى ئاسايى  كە ئەوان لەئەگەرى هەستكردن بە نيشانەكانى ڤايرۆسەكە پێويستە پەيوەندى بەو هێڵانەوە بكەن كە دانراون. ، ڕاپۆرتەكەى ڕۆژنامەى تايم ئەوەشى نەشاردوەتەوە، هەميشە تەمەنى سياسيى و بەرپرسەكان گەورەيە، بۆيە زياتر مەترسى توشبون بە ڤايرۆسەكەيان لەسەرە لەچاو گەنجاندا.