گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارێزگای سلێمانی 23 بڕیاری نوێی لەبارەی کۆرۆناوە دەرکرد

2020.03.12 - 19:44
پارێزگای سلێمانی 23 بڕیاری نوێی لەبارەی کۆرۆناوە دەرکرد
  ناس کورد-   ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2020، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ هەریەک لە جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری هونەری و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی (تەندروستی و گەشتوگوزار)و بەڕێوەبەرانی کاروباری ناوخۆو هەماهەنگیی قەیرانەکانی پارێزگای سلێمانی و قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە. ، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ڕێکارو ڕێنمایی و بڕیارو هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو هەماهەنگیی تەواو لەنێوان یەکە کارگێڕییەکاندا کران و چەند بڕیارێک دەرکران. ، بڕیارەکان: ،  
  1. بەپێی بەیانی ژمارە (١٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاو پارێزگاکانی تری هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکاندا ڕادەگیرێت، تەنها بۆ ئەو لایەنانە نەبێت، کە لە بەیاننامەکەدا دیاریکراون، بۆ باری تایبەت و سەردانی دیاریکراو بۆ پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک لەڕێی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانیەوە دەبێت، بۆ (کەرکوک لەڕێی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خۆرئاوای سلێمانی)، بۆ (پارێزگای هەڵەبجە لەڕێی قائیمقامی قەزای سەیدسادق و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە)، بۆ (ئیدارەی ڕاپەڕین لەڕێی قائیمقامی قەزای دوکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە)، بۆ (ئیدارەی گەرمیان لەڕێی قائیمقامی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە) دەبێت بە ئاگاداری پارێزگاری سلێمانی.
،
  1.  هاتووچۆ لەنێوان هەموو گوندو ناحیەو قەزاکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا کەمدەکرێتەوەو داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت تەنها لە حاڵەتی پێویستدا سەردانی شوێنی تر بکەن.
،
  1. دەسەڵاتی تەواو دراوەتە بەڕێزان سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان (قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان)، کە بازاڕەکان ڕێکبخەنەوەو چاودێری وردی نەهێشتنی قەرەباڵغی و پاکژکردنەوەو نرخ و کوالێتی بازاڕو کاڵاکان بکەن.
،
  1.  دەسەڵاتی تەواو دراوەتە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان (قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان)، هەر جووڵەو کۆبوونەوەو بۆنەو چالاکییەک لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانیاندا بەپێی تایبەتمەندی ناوچەکانیان ڕابگرن لەپێناوی تەندروستی گشتیدا.
،
  1. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هاوکاری تەواوی یەکە کارگێڕییەکان دەبێت بۆ چاودێریکردنی ڕەوشی تەندروستی و ڕاهێنان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ڕێنماییە تەندروستیە پێویستیەکان.
،
  1. دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕێکدەخرێتەوەو چاودێری زیاتری بارهەڵگرو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکرێت و تیمی تەندروستی و هێزی زیاتری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانی سنور لە دەروازەو خاڵە سنورییەکاندا جێگیر دەکرێن.
،
  1. هەموو چالاکییەکی وەرزشی و پاڵەوانێتی و خولی یانەو تیپە میللییەکان تا کاتێکی نادیار لە سنوری هەموو یەکە کارگێڕییەکاندا ڕادەگیرێن.
،
  1.  هێڵی خزمەتگوزاریی (هۆت لاین) ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی لەسەر ژمارە (١٢٢) ڕاگەیەندراوەو داوا لە هەموو یەکە کارگێڕییەکان کرا هاووڵاتیانی خۆیان لەم هێڵ و خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییە ئاگادار بکەنەوە، کە بەشێوازێکی شایستە لەڕێی تەلەفۆنەوە بەبەردەوامی (٢٤) سەعات و بەبێ بەرامبەر ڕێنمایی و ڕاوێژو ئاراستەکردن و پشکنین و چارەسەرسازیی پێشکەش دەکەن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناداو دەبێتە تاقیگەیەکی پێشکەوتووی خێرا لە هەر ماڵێکدا.
،
  1. شوێنە گشتیەکان کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک تیایدا کۆدەبنەوە دادەخرێن لە نموونەی (شەقامی سالم (سەهۆڵەکە)، چایخانەی شەعب، بازاڕی دۆلارەکە، بازاڕە داخراوەکان، چایخانە قەرەباڵغەکان، دامەزراوە گەشتیارییەکان) و هەر شوێنێکی تریش پێویست بکات بەپێی تایبەتمەندی ناوچەیی و دانیشتوانی سنوری یەکە کارگێڕییەکان دادەخرێن.
،
  1.  پرسەدانان و چوونەسەر ئارامگای ئازیزان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیەو رێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر.
،
  1.  ئارایشتگاو سەرتاشخانەو هەر شوێنێکی تایبەت کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەخۆبگرێت بەپێی ڕێنمایی قائیمقامیەتەکان دادەخرێن.
،
  1.  پارێزگاری سلێمانی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە کرێی مانگێک یان دوو مانگی موڵکەکانی حکومەت ببورێت و داوا لە خاوەن موڵکە تایبەتیەکانیش کرا هەمان هەڵوێستی جوامێرانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بنوێنن.
،
  1.  لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستییەوە، پارێزگاری سلێمانی داوا لە هەموو نەخۆشخانە ئەهلی و تایبەتەکان دەکات نرخی هەموو خزمەتگوزاریی و پشکنین و نەشتەرگەرییەکانیان لە ٢٥٪ بۆ ٤٠٪ کەمبکەنەوە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی.
،
  1.  داوا لە هەموو کۆمپانیاو کارگەو دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت کرا کە دەوامی کارمەندانیان ڕێکبخەنەوە بەپێی ئەم بارودۆخەو ژمارەی کارمەندەکان لە دامەزراوەکاندا بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان کەمبکەنەوەو پرۆسەی پاکژکردنەوەو دەرمانپژان و خۆپارێزیی و دابینکردنی پێداویستیەکانی پاکژکردنەوە بۆ هەموو شوێنەکانیان دابین بکەن.
،
  1.  پێویستە هەموو مۆڵ و دامەزراوە گەشتیارییەکان و لەسەر ئەرکی خۆیان و بە چاودێری لایەنە حکومیەکان پاکژکردنەوەو دەرمانپژاندن جێبەجێ بکەن، لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و قائیمقامیەتی سلێمانی.
،
  1.  هەموو سەنتەرو دامەزراوەو شێڵتەرو خانەکان پاکژدەکرێنەوەو دەرمانپژ دەکرێن، لەڕێی تیمە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.
،
  1. تیمە هاوبەشەکان لەژێر چاودێری سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکاندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاکاندا بەردەوام دەبن لە پرۆسەی پاکژکردنەوەو دەرمانپژاندنی شەقام و شۆستەو شوێنە گشتییەکاندا.
،
  1.  لیژنەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان پێکهێنرا بۆ دیاریکردنی ئەو شوێن و ناوچەو هاوینەهەوارە گەشتیارییانەی کە پێویستە لە یادەکانی نەورۆزدا دابخرێن و لە قەرەباڵغی بەدووربن، بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی.
،
  1.  هەموو نووسینگەی گەشتیاری و بڕینی تکتی فڕۆکە ئاگادارکراونەتەوە کە لیستی ناوی ئەو خێزانانە پێشکەش بە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بکەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپاو دەرەوە دەگەڕێنەوە، هەر هاووڵاتیەک هەوڵی بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتکردنی بدات، ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
،
  1. بەسوپاسەوە فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی پشتیوانی هەنگاوو ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێی و یەکە کارگێڕییەکان دەبێت و هەر سەرپێچیکردن و چەواشەکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و گومان دروستکردنێک بۆ هاووڵاتیان و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان، ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
،
  1. تا ڕۆژی (١٦ /٣ /٢٠٢٠) ڕێ بە هاتنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەروازەکانی (باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران)ەوە دەدرێت کە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوماوەیە ڕێ بە کەس نادرێت تا کاتێکی نادیار.
 
  1.  هەر هەڵگرێکی پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی غەیرە عێراقیی بەبێ رێکاری یاسایی نشینگەو ئاسایش لە هەر شوێنێکی پارێزگای سلێمانیدا دەستگیربکرێت ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆی دەکرێتەوە.
،
  1.  پێویستە هەموو لایەک پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنماییە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر