گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئايا چاويلكە دەمانپارێزێت لە توشبون بە كۆرۆنا؟

2020.03.12 - 13:33
ئايا چاويلكە دەمانپارێزێت لە توشبون بە كۆرۆنا؟
ناس كورد- هەروەك چۆن ڕاگرتنى پاكوخاوێنى بەتايبەتى دەستەكان و بەستنى كەمامەو دەستكێش بەيەكێك لەڕێگەكانى خۆپاراستن دادەنرێنت، چاويلكە رێگەيەكى كاريگەرە بۆ خۆپاراستن لە ڤايرۆسى كۆرۆنا. . شارەزايان ئاماژە بەوە دەدەن، چاويلكە جياكەرەوەيەكى كاريگەرە لەنێوان چاوەكانت و ڤايرۆسدا، بەتايبەتى كە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ڕێگەى چاوەكانيشەوە دەگوازرێتەوە، بۆيە چاويلكە وەك پارێزەرێك كار دەكات. . ڕۆبين گيرشۆن، مامۆستاى زانستى پەتاكان لە كۆلێژى تەندروستى گشتى لەزانكۆى نيويۆرك بە ڕۆژنامەى "زە پۆست"ى وتوە، ئەوانەى چاويلكەی "پزيشكى و چاويلكەى دژە خۆر" دەكەن وەك بەشێك لە خۆپارێزى دژى ڤايرۆسى كۆرۆنا ڕۆڵى هەيە. . بەپێى ڕاپۆرتە پزيشكيەكان، ڤايرۆس بەهۆى پرژەى كۆكە و پژمينى كەسانى توشبوەوە دەگوازرێتەوەو ئەگەرى هەيە ئەو پرژانە بەر جەستەى كەسانى تر بكەوێت و لەڕێگەى دەم و لوت و چاوەوە بچنە جەستەى كەسانى ترەوەو توش ببن. . گيرشۆن باس لەوە دەكات، بەكارهێنانى چاويلكە دەبێتە هۆى ئەوەى كە پرژەى پژمە و كۆكەى كەسانى تر ڕاستەوخۆ نەچێت بۆ چاوەكانت، لەڕێنماييە تەندروستيەكانيش بەئاشكرا ئەوە دەبينرێت كە چاوەكان بپارێزرێن بەتايبەتى كاتێك مەترسى ئەوە هەيە پرژەى كەسى توشبوت بەركەوێت. . لەلايەكى ترەوە دكتۆر "جيك دويچ" پزيشك لە "مانهاتن"ى ئەمريكا ويەكێك لە دامەزرێنەرانى كۆمپانياى infusion ى بوارى تەندروستى دەڵێت، شتێكى سروشتيە كە هەر ڕێوشوێنێك بگريتە بەر بۆ پاراستنى دەموچاوت لەوانەش چاوەكانت و سودى زۆرى دەبێت. . باسى لەوەشكردوە، چاويلكە چارەسەرێكى ئاسان و سادەيە بۆ ڕێگەگرتن لەوەى لەڕێگەى پرژەوە ڤايرۆس بچێتە چاوەكانتەوە، بەڵام ئەبێت وەك تەواوكاريەكى ڕێوشوێنەكانى ترى خۆپاراستن بێت و خۆت لە كەسى نەخۆش بەدور بگريت، هۆكارێكى تريش هەيە كە وا دەكات چاويلكە  بيرۆكەيەكى باش بێت بۆ خۆپاراستن ئەويش ئەوەيە كە وەك بەربەستێك وايە و رێگريمان لێدەكات لەوەى دەست بدەين لەچاوەكانمانەوە، چونكە دەستدان لە چاو مەترسيدارە. . ئەو پزیشكه‌ ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، هيچ لێكۆڵينەوەيەك نييە لەسەر ئەوەى ئەو كەسانەى چاويلكە دەكەن كەمتر توشى ڤايرۆسەكە دەبن، بەڵام دەرفەتى پەيوەنديكردن لەگەڵ چاوەكاندا كەمدەكاتەوە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى ناتوانێت لەژێر و سەروى چاوەكانتەوە بتپارێزێت. .