گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناساندنی كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی له‌لایه‌ن رێكخراوی تەندروستی جیهانی چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ 

2020.03.12 - 10:28
ناساندنی كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی له‌لایه‌ن رێكخراوی تەندروستی جیهانی چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ 
ناس كورد-    دوای بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بەزۆرترین وڵاتانی جیهاندا، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسەكەی وەكو پەتایه‌كی جیهانی ناساند كە تا ئێستا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت. . ناونانی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ په‌تایه‌كی جیهانی دۆخی تەندروستی جیهانی دەباتە چەند قۆناغێكەوە بەو پیێەی پەتای جیهانی چەندین خەسڵەت و تایبەتمەندی جیاوازتری هەیە. . دوێنێ (چوارشەممە)، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە بەپەتایەكی جیهانی ناساند، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هێشتا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت. . بەپێی ڕێكخراوەكە، لەماوەی هەفتەی ڕابردودا ژمارەی توشبووان بەو ڤایرۆسە بۆ 13 قات لەدەرەوەی چین زیادی كردووە ، هەروەها ژمارەی ئەو وڵاتانەش كە ڤایرۆسەكە ڕووی تێكردوون بۆ 3 قات زیادی كردووە. . بەپێی ئامارەكانی ئەمدواییەش،ژمارەی توشبون بەكۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 126 هەزار حاڵەت و ژمارەی مردووانیش بۆ 4600 زیادی كردووە. . دوای ئەوەی دوێنێ، تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوەكە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسه‌كە دەربڕی باسی لەو مەترسیانەش كرد كە بەوهۆیەوە ڕووی لەجیهان كردووە و بزاوتێكی ئەوتۆش بۆ بەرەنگاربوونەوە نەگیراوەتە بەر. تیدرۆس ڕاشیگەیاند، پێشتر پەتای لەو شێوەیەیان نەبینوە كە بەخێرایی بەجیهاندا بڵاوبێتەوە. . بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوەش كردەوە، وەسفكردنی بارودۆخەكە بە پەتایەكی جیهانی هیچ لەو هەڵسەنگاندنە پڕ مەترسییە ناگۆڕێت كەڤایرۆسەكە دروستی كردوە و هیچ له‌و ڕێوشوێنانه‌ش ناگۆڕێت كه‌ وڵاتان بۆ به‌رگرتن به‌و ڤایرۆسه‌ گرتویانه‌ته‌به‌ر. . بەڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌گوێره‌ی ناونانه‌كه‌ی رێكخراوه‌كه‌، پەتا چیە و مەبەست لەو ناونانە نوێیە چی ده‌گه‌یه‌نێت؟. . پەتا چییە؟ . ڕاگەیاندنی ئەو ژمارەیەی لەتوشبووان و مردن بەڤایرۆسی كۆرۆنا پەیوەندی بە گۆڕانكاری لەتایبەتمەندییەكانی ئەو نەخۆشییەوە نیە بەڵكو پەیوەندی بە نیگەرانی ئەو سنور بڕییەوە هەیە كە لەڕووی جواگرافیەوە ئەو ڤایرۆسە خوڵقاندویەتی، بەتایبەت وتەكەی مایكڵ ڕەییان بەرپرسی ڕێكخراوەكە لەگەڵ ئەوەدا كۆكە كە پەیوەندی پەتاكە بەمەترسی نەخۆشییەكەوە نیە بەڵكو پەیوەندی بەو بەربڵاویییە جوگرافییەوە هەیە. . بەپێی پێناسەی گشتیش بۆ پەتا، ئەو نەخۆشیەیە كە بەچەندین وڵاتدا لەهەمان كاتدا بڵاو دەبێتەوە، لێرەوە بەپێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕاگەیاندنی وەكو پەتایەكی جیهانی دوای بڵاوبونەوەی پەیوەندی بەپارێزبەندی خەڵكیەوە نیە بەڵكو سەرنجڕاكێشانە بۆ ئەوەی لەئاستی چاوەڕوانیەكاندا دەرچووە. . لەلایەكی تریشەوە، پەتا بەوەش دەوترێت كە زیاد لەڕادەی خۆی بەكتوپڕی خەڵكی نەخۆش دەخات یاخود بەو نەخۆشیەش دەوترێت گەر لەسنوری یەك وڵات و كۆمەڵگەشدا بڵاو ببێتەوە. . چۆن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ناوی نا پەتا؟ . تۆماركردنی حاڵەتەكانی گەشتیاران كە لەوڵاتێكی بیانیەوە توشبوون و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان بۆ نمونە گەشتیارێك لەئیتاڵیا توشبووە و دواتر بۆ وڵاتەكەی خۆی گەڕاوەتەوە، یاخود ئەوانەی كە لەگەشتیارانی وڵاتەكەیانەوە توشبوون كە پێیده‌وترێت " حاڵەتی ئێندێكس" ئەوە نابێتە هۆی ڕاگەیاندنی حاڵەتەكانی پەتا یاخود بڵاوبونەوەی پەتا. . ڕاگەیاندنی نەخۆشیەكە وەكو پەتا پێویستی بە شەپۆلی دووەم لەتێپەڕین هەیە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لەسەرتاسەری جیهاندا، لەو حاڵەتەشدا حكومەتەكان پێویستیان  بە سیستمێكی تەندروستی هەیە كە ئامادەسازی بۆ قۆناغی تێپەڕینی نەخۆشیەكە هەبێت. . كەی پەتا ڕادەگەیەنرێت؟ . ڕاگەیاندنی پەتا كە جیهانیە تەنها لەدەسەڵاتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیدایە پەیوەندی بەوە نیە ڕەخنەیەك یاخود فشارێك هەبێت بەهۆی بڵاوبونەوەی مردن یاخود توشبونەوە یاخود ژمارەی وڵاتانی كاریگەری بەنەخۆشیەوە ئیتر پێویست بەڕاگەیاندنی پەتای جیهانی بكات. . بۆ نمونە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەكاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی سارس لەساڵی 2003 پەتای جیهانی ڕانەگەیاند لەكاتێكدا ئەو ڤایرۆسە لە 26 وڵات بڵاوبویەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خێرا كۆنترۆڵكرا و چەند وڵاتێك نەبێت زۆر نەكەوتنە ژێر كاریگەرییەكانیەوە بەچین و هۆنگ كۆنگ و تایوان وسەنگاپورە و كەنەداشەوە. . ماری لویز كلاو پسپۆڕی پەتاكان لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت :" هەموو كات ڕاگەیاندنی پەتای جیهانی ڕوون نیە و دەكرێت سود لەچەند نمونەیەك وەربگیردرێت و لەنێوان ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێكخراوە تەندروستیەكانی تریشدا لەو بوارەدا بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌". . كلاو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بەشێك لەو هۆكارە كە ڤایرۆسەكە وەكو پەتای جیهانی ناو ببرێت ئەوەیە كە بڵاوبونەوەی گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە پیێدەوترێت " تەنێكی نامۆ یاخود بێزاركەر" بەتایبەت كاتێك هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێت نیشانەكانی پشتگوێ ناخرێن، سەرەڕای ئەوەش پێویستی بەهاریكاری هەیە بۆ هەڵسوكەوتكردن و قەڵاچۆكردنی. . ساڵی 2009 ڕیكخراوی تەندروستی جیهانی ڕووبەڕووی ڕەخنە بویەوە كاتێك ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای بەرازی وەكو پەتا ناساند، بەوپێەی كە پشتی بەچەند پێوەر و بڕیارێك بەستبوو كە پێشتر بەكارنەهاتبوون، سەرەڕای ئەوەش ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی مەترسیدار كەچاوەڕێ دەكرا بڵاو نەبویەوە، بۆیە ڕێكخراوەكە بەوە تۆمەتبار كرا كە پەلە لەڕاگەیاندنی حاڵەتی پەتای جیهانی دەكات و لەو ڕووەوە چەندین ڕەخنەی توندی ئاڕاستە كرا. .