گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار سه‌ركۆنه‌ی به‌ئامانجگرتنی سه‌ربازگه‌ی تاجی ده‌كات

2020.03.12 - 08:39
سه‌رۆكایه‌تی كۆمار سه‌ركۆنه‌ی به‌ئامانجگرتنی سه‌ربازگه‌ی تاجی ده‌كات
ناس كورد- سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق سه‌ركۆنه‌ی به‌ئامانجگرتن و ئه‌نجامدانی هێرشی موشه‌كی بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی تاجی له‌شاری به‌غدا كرد و داوای كرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ بكرێت. . له‌راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ "سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كرایه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی تاجی و بۆردومانكردنی به‌ موشه‌كی كاتیۆشا كه‌ بووه‌ هۆی زیانی گیانی بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ راهێنه‌ر و راوێژكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌عێراق كارده‌كه‌ن له‌چوارچێوه‌ی شه‌ڕی دژی تیرۆر و له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ن". . به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌و هێرشانه‌ به‌ئامانجگرتنی عێراق و ئاسایشی عێراقه‌ و داواشی كرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ بكرێت و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاوون. . له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌رۆكایه‌تی كۆمار داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات دانبه‌خۆیاندا بگرن و حكومه‌تیش به‌ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبسێت له‌ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباراندا. . شه‌وی رابردوو، شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی به‌ئامانجگرتنی سه‌ربازگه‌ی تاجی له‌شاری به‌غدا به‌ هێرشێكی موشه‌كی كاتیۆشا بڵاوكرده‌وه‌ و پاشان ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاشكرای كرد به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ سێ سه‌ربازی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كوژراوون. . هاوكات محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی كرد و داوای له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كرد كه‌ لێپێچینه‌وه‌ی توند بگرێته‌ به‌ر له‌پارێزگاریكردنی ئه‌و سه‌ربازگانه‌ی كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی تێدایه‌. .