گه‌ڕان

Shadow Shadow

دەوری تەکنەلۆجیا لە ناسینەوەی توشبوانی ڤیرۆسی کرۆنا

2020.03.12 - 00:54

ناس بیروڕا - بەختیار ئەمین . بەپێی ڕاپۆرتی‌ دەزگای تەندروستی جیهانی (who) سەرەتا ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەکۆڤید-١٩ ناسراوە لە ٣١ی سێبتەمبەری ٢٠١٩ دا لەشاری وهانی وڵاتی چینەوە سەری هەڵدا. دواتر ئەم ڤایرۆسە بەخێرایەکی چاوەڕوان نەکراو بڵاو بووەوە بە هەموو جیهاندا. مەترسی ئەم ڤایرۆسە گەیشتە ئەو ئاستە ترسناکەی کە لەهەندێ ووڵاتدا هەموو جوڵەیەکی هاووڵاتیانی پەکخست و تەنانەت کار گەشتە ئەوەی کە باری نائاسایی ڕابگەیەنرێت لە زۆر ووڵاتدا بەنمونە لە (چین، ئێران، ئیتاڵیا، چەند وولایەتێکی ئەمریکا، کۆریای و یابان...هتد). . ئەوەی جێگای دڵخۆشیە تیمەکانی تەندروستی جیهانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڤاکسین و چارەسەر بۆ ئەم ڤایرۆسە مەتریسدارە، بەڵام ئەوەی کە کاری تیمەکانی تەندروستی ووڵاتانی زۆر قورسکردوە ئەویش ناسینەوەی توشبوانی ڤایرۆسەکەیە یان دۆزینەوەی ئەو ناوچەیەیە کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە. بۆیە خۆشبەختانە پسپۆڕانی تەکنەلۆجیای زانیاری توانیان لە ڕێگای تەکنەلۆجیای ژیری دەستکردەوە کە بە (Artificial Intelligence) ناسراوە هاوکاری ووڵاتی چین بکەن لە دەستنیشانکردنی توشبوان و هەڵگرانی ڤایرۆسی کرۆنا لەسەرجەم جێگا قەرەباڵەغەکانی وەکو فڕۆکەخانەکان، بازاڕ و ویستگەی شەمەندەرەکان (بڕوانە سەرچاوەکانی ٣ و ٤). هاوکات پسپۆڕان توانیان لە ڕێگای هەردوو تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر ڤیژن و ڕۆبۆتی زیرەکەوە کە بەشێکن لە تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد کاری تیمەکانی تەندروستی ئاسانتر بکەن و توشبوانی ڤایرۆسی کرۆنا بدۆزنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا یان ئەو ناوچەیەی کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە. . ئێستا لە ڕێگای تەکنەلۆجیای ژیری دەستکردەوە دەتوانرێت کەسی توشبوو یان هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنا لەناو چەندین کەسی دیکەدا بدۆزرێتەوە بە تایبەتریش لە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکاندا بەبێ بەکارهێنانی ئامێری پێوەری پلەی گەرمی لەش. هەروەها بە ڕێگەیەکی ئاسانتر و بە بەکارهێنانی ڕۆبۆتی زیرەک دوو کۆمپانیای چینی و هۆڵەندی توانیان پشکنین بۆ سەرجەم ئەو جێگایانە بکەن کە گومانی بڵاونەوەی ڤایرۆسەکەی تیدایە. بۆیە لەم ڕێگەیەوە تیمەکانی ڕشتنی دەرمانی دژە ڤایرۆس کارەکانیان ئاسانتر دەبێت و حکومەت دەتوانێت هاوکاری پزیشکی بەزووترین کات بگەیەنێتە شوێنی دەستنیشان کراو. لە ئێستادا هەردوو پرۆسەکە بەسەرکەوتووی لە ووڵاتی چین بەکاردەهێنرێت و هاوکارێکی باشە لە دەستنیشان کردن و دۆزینەوەی ئەو جێگایانەی کە مەترسی ڤایرۆسەکەی لێ دەکرێت. ئێستا چین سەلماندنی کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنای هەیە بەچەندین شێوازی نوێی زانستی. . هیوادارم پێویستمان بەم ڕێگایانە نەبێ لە کورستان، بەڵام ئەگەر بوو ئەوا من ئامادەم هاوکاری کوردستان بکەم لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد لە فڕۆکەخانەکان، سەرسنور یان بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا تاوەکو توشبوانی ڤایرۆسی کرۆنا بدۆزرێنەوەو چیتر نەهێڵرێت کە تێکەڵ بە دانیشتوان ببن. . *ژیری دەستکرد (کۆمپیوتەر ڤیژن) نویترین و زیرەکترین تەکنەلۆجیای سەدەی ۲۱ کە، پێکهاتەی کۆمەڵە ئەلگۆریثمێکن ک توانای ناسینەوەی هەموو ئامانجێکیان هەیە لە ناو ملیۆنان ئۆبجێکتی دیکەدا. . د.بەختیار ئەمین (توێژەرو وانە بێژ لە زانکۆی لیڤەرپوڵ- ئینگلتەرا) سەرچاوەکان ١. https://www.who.int/health-topics/coronavirus ٢. https://www.google.com/amp/s/venturebeat.com/2020/03/03/how-people-are-using-ai-to-detect-and-fight-the-coronavirus/amp/ ٣. https://www.google.com/amp/s/www.aljazeera.com/amp/news/2020/03/china-ai-big-data-combat-coronavirus-outbreak-200301063901951.html ٤. https://www.forbes.com/sites/jeremybogaisky/2020/02/10/we-are-running-as-fast-as-we-can-coronavirus-sparks-surge-in-demand-for-infrared-fever-detection-equipment/#2992d63360c9