گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بارودۆخى پڕ ئاژاوەى عێراق خزمەتى تاران ناكات

عەلى شەمخانى.. هەڵگرى ميراتيەكەى قاسم سولەيمانى لە عێراق و هەوڵدان بۆ رێكخستەوەى ماڵى شيعە

2020.03.11 - 23:45
عەلى شەمخانى.. هەڵگرى ميراتيەكەى قاسم سولەيمانى لە عێراق و هەوڵدان بۆ رێكخستەوەى ماڵى شيعە
ناس كورد-    سەردانەكەى ئەم دواييەى "عەلى شەمخانى" ئەميندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسايشى نيشتمانى ئێران بۆ عێراق چەندين پرسيارى بەدواى خۆيدا هێنا كە زۆرينەيان سەبارەت بە نيگەرانيەكان بون لەسەر داهاتوى سياسى عێراق لەدواى خۆپيشاندانەكانى عێراق كە زياتر لە 5 مانگە دەستيان پێكردوە. . سەردانەكە لە بارودۆخێكى هەستياردا بوو كە ئێستا كۆمارى ئيسلامى ئێرانى تێدايەو توشبوان و قوربانيانى ڤايرۆسى كۆرۆنا بەشێوەيەكى بەرچاو لە هەڵكشاندايە و تائێستاش هەوڵەكانى كۆنترۆڵكردنى ئەو پەتايە بێسودن. . شەمخانى بە كەسايەتيەكى سەربازى ناسراوەو پێش ئەوەى ببێتە ئەميندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسايشى نيشتمانى ئێران پلەى وەزيرى بەرگرى ئەو وڵاتەى هەبوە، سەرەڕاى ئەوەش لەناو بازنەى ڕێبەرى باڵاى شۆڕشى ئێران هەژمار دەكرێت. . وەك دەزگاكانى ڕاگەياندنى ئێرانى بڵاويانكردوەتەوە، شەمخانى بە ياوەرى وەفدێكى باڵا سەردانى عێراقى كرد، سەردانەكەش لەكاتێكدا بوو كە بەهۆى دياريكردنى سەرۆكوەزيرانى نوێى عێراقەوە ئاژاوە كەوتوەتە ناو ماڵى شيعە. . بەهۆى ڕێكنەكەوتن لەسەر تێپەڕاندنى حكومەتەكەى محەمەد تۆفيق عەلاوى كێشەكانیان بە ئاشكرا دەركەوتن، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ زيادبونى توندوتيژيەكان دژى خۆپيشاندەران كە داواى باشتركردنى گوزەران و بەرەنگاربونەوەى تيرۆر دەكەن، بەڵام دواتر داواكاريیەكان بونە داواكارى سياسى و خۆپيشاندەران داواى گۆڕانكارى دەكەن. . بەپێى بۆچونى چاودێران، بارودۆخى پڕ ئاژاوەى عێراق خزمەتى تاران ناكات بەتايبەتى كە ماوەى دەيەو نيوێكە هەموو هەوڵێكى خۆى خستوەتە گەڕ بۆ دياريكردنى سياسيەكان لە عێڕاقدا، ئەو چاودێرانە جه‌ختیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە شەمخانى دەيەوێت كارەكەى قاسم سولەیمانى تەواو بكات، ئەويش تەواوكردنى پرۆژەى ئێرانييە بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەكەداو كۆنترۆڵكردنى بڕيارى سياسى لە بەغدا. . عەلى شەمخانى لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هەواڵى ئێرانى ئاماژەى بەوەداوە، ڕۆڵى دەزگا هەواڵگرى و ئەمنيەكان لە ئيدارەدانى بارودۆخى نوێى عێراق گرنگى باڵاى هەيە. . ئەوەشى ئەم لێدوانەى ناوبراوى بەهێزتر كرد ئەوەبوو، تەنها لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمان و سەرۆك وەزيرانى كاربەڕێكەرى عێراق كۆنەبويەوە بەڵكو لەگەڵ سەركردەكانى حەشدى شەعبى و ميليشياكانى نزيك لە تارانيشەوە كۆبويەوە. . هشام هاشمى، لێكۆڵەرى سياسى عێراقى لە هه‌ژماری خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر نوسيويەتى، سەردانەكەى شەمخانى بۆ پڕكردنەوەى كەلێنەكانى مەلەفى سياسى بوو كە نەمانى قاسم سولەيمانى دروستى كردوو جێگرەوەكەشى " ئيسماعيل قائانى" فەرماندەى نوێى فەيلەقى قودسى ئێرانى نەيتوانى پڕی بكاتەوە. .