گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو چالاكوان لەپارێزگاى ميسان تيرۆر كران

تارمايى تيرۆر يەخەى چالاكوانانى عێراق بەرنادات

2020.03.11 - 22:58
تارمايى تيرۆر يەخەى چالاكوانانى عێراق بەرنادات
ناس كورد-    جارێكى تر تارمايى تيرۆركردن لە عێڕاق باڵى بەسەر گيانى چالاكوانانى عێراقدا كێشايەوەو بەپێى زانياريەكان دوو چالاكوانى تر بەناوى "عەبدولقەدوس قاسم" چالاكوان و "كەرار عادل" پارێزەر، لەپارێزگاى ميسان تيرۆر كراون. . چالاكوانان باس لەوە دەكەن، چەند چەكدارێكى نەناسراو لەناوچەى پيشەسازى لە عەمارەى باشورى ميسان تەقەيان لەو دوو چالاكوانە كردوە و تيرۆريان كردون، دواتریش چەكدارەكان هەڵاتون. . شەوى بەڕێكردنيان بۆ دوا مەنزڵگە دەيان كەس لە پارێزگاى ميسان كۆبونەوە بۆ ماڵئاوايى كردن لەو چالاكوانانە، لەكاتێك دايكى قوربانيەكان بەسەر تەرمى ڕۆڵەكانيانەوە دەگريان دەنگى چالاكوانان بەرز دەبويەوەو حزبەكانى ناو حكومەتيان بە تيرۆركردنيان تۆمەتبار دەكرد. . لەماوەى پێشوشدا شوێنكەوتوانى ڕه‌وتی سەدرى كە بە "كڵاو شينەكان" ناسرابون هێرشيان كردە سەر خێوەتگەى خۆپيشاندەران، ئەوەش لەو كاتەدا بوو كە ژمارەيەك چالاكوانى ناو خۆپيشاندانەكان لە پارێزگاى بەغداو چەند پارێزگايەكى ترەوە سەردانى ميسانيان كرد بۆ ڕێكخستن  هه‌ماهه‌نگی لەنێوان مەيدانەكانى خۆپيشاندان لەسەرجەم پارێزگاكانى عێراق. . خۆپيشاندانەكانى عێراق هەر لەسەرەتاى دەستپێكردنيەوە لە سەرەتاى مانگى 10ى ساڵى 2019 توندوتيژى و تيرۆركردنى چالاكوانان و ڕاگەياندكاران و پارێزەرانى بەخۆيەوە بينى، سەرەڕاى ئەوەى چەندين كردارى تيرۆركردن لە كامێراكانەوە وێنەگيران بەڵام تائێستا هيچ كەسێك بەتۆمەتى تيرۆرى ئەو چالاكوانانە ڕانەگيراوە. . خۆپيشاندانەكان سەرەتا بۆ داواكارى بژێوى و بەرەنگاربونەوەى تيرۆر دەستى پێكرد، بەڵام دواتر گۆڕان بە دواكارى سياسى و خۆپيشاندەران داواى گۆڕانكارى ڕيشەيي دەكەن، لە دەيان وێستگەدا توندوتيژى دژى خۆپيشاندەران ئەنجام دراو ئەوەش بوە هۆى كوشتنى سەدان و برينداركردنى هەزاران خۆپيشاندەر.   . پێشتريش عەلى بەياتى وتەبێژى كۆمسيۆنى مافەكانى مرۆڤ لە عێراق ئەوەى ئاشكرا كردبوو، كە 550 خۆپيشاندەر لە خۆپيشاندانەكانى عێراق كوژراون و هەزارانى تريش بريندار كراون، بەپێى سەرژمێريەكى ئاژانسى ڕۆيتەرزيش نزيكەى 500 خۆپيشاندەر كوژراون و 80 ڕوداوى ڕفاندن ڕويانداوە و تەنها  22 لەو ڕفێنراوانە ئازاد كراون. . لە ڕاپۆرتێكى ڕێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى سەبارەت بە ڕەوشى مافەكانى مرۆڤ لەساڵى 2019 لە عێراق ئاماژە بەوە دراوە، هێزە ئەمنيەكان بە گروپە ميليشياكانى سەر بە حەشدى شەعبيشەوە هێزى لە ڕادەبەدەريان دژى خۆپيشاندەران بەكارهێناوە، چالاكوانان دەستگير دەكرێن و دەڕفێنرێن و ئەشكەنجە دەدرێن، هەروەها چەندين جۆرى ترى تۆقاندنى لەسەر دەستى هێزە هەواڵگرى و ئەمنيەكان ئەنجام دەدرێت. .