گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم راگیرا

2020.03.11 - 20:35
هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم راگیرا
ناس كورد-   وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە راگرتنی هاتووچۆی هاووڵاتییان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم. . لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بڕیاردرا بە، راگرتنی هاتووچۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جگە لە تیمە تەندروستییەکان و دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان. . ڕونيشكراوەتەوە، بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە پێویستی بە رەزامەندی ژوری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان پێکهێنراوە بە سەرۆکایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14\3\2020 تاوەکو 28\3\2020 بەردەوام دەبێت.   دەقی بڕیارەکان   1-راگرتنی هاتووچۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جگە لە تیمە تەندروستییەکان و دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان و بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە پێویستی بە رەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان پێکهێنراوە بە سەرۆکایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 بەردەوام دەبێت.   2- سنووردارکردنی جموجۆڵ و هاوردەکردنی بازرگانی لە هەرسێ دەروازەی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری گشتی گومرگ بۆ رێکخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەک هیچ جۆرە بەرکەوتنێک لەنێوان هاووڵاتیان و شۆفێران دروست نەبێت.   3- راگرتنی هاتن و چوون لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست کە ئەویش بە رەزامەندیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاكان و یەكە سەربەخۆكان پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 بەردەوام دەبێت.   4- ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی كوردستان كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە دوایین وادە بۆ گەڕانەوەیان 16-3-2020 دەبیت و لە 17-3-2020 تاوەکو 1-4-2020 رێگە بە كەس نادرێت لە ئێران بگەڕێتەوە.   5- پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایروسی كۆرۆنا كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووه بەتایبەتی كەمكردنەوەی گەشتەكانی نەورۆز و نابێت لە یەك خێزان زیاتر لە شوێنێك كۆببێتەوه.   6- پێویستە دەستەی گەشتوگوزار ئەو شوێنە گەشتیارییانە و هاوینە هەوارەکان دابخات كە دەبنە هۆكارى گردبوونەوەی گەشتیاران و دروستبوونی جەنجاڵی.   7- راگرتنی گشت چالاكییە وەرزشییەكان تاوەکو 1-4-2020 جگە لە خولی نایابی عێراق كە هەندێك لە یارییەكانى لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و پێویستە یارییەكان بە بێ هاندەر بەڕێوەبچێت.   8- دەسەڵات دەدرێتە پارێزگاكان بۆ رێكخستنەوەی بازاڕەكان بە تایبەتی بازاڕە ميللیەكان و رێگرتن لە درۆستبوونی قەرەباڵخی.   9- داوا لە هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەین كە پابەند بن بە هەموو رێنمایی و رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.   10- راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە هەر دوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی بەغدا و بەسرە لە 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 جگە لە دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان و گەشتەکانی رێکخراوی un و هاوپەیمانان.   .