گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێمی کوردستان له‌كوێی ئه‌و شه‌ڕه‌دایه‌؟

بەدواداچوونێک بۆ زۆرانبازیی نرخی نەوت لە نێوان سعوودییە و روسیادا [تایبه‌ت]

2020.03.11 - 17:52
بەدواداچوونێک بۆ زۆرانبازیی نرخی نەوت لە نێوان سعوودییە و روسیادا [تایبه‌ت]
ناس كورد- ئالان م نوری   دوابەدوای شکستهێنانی گفتوگۆی رۆژی(6ی ئاداری 2020)ی نێوان سعوودییە و رووسیا لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و بەرپاکردنی شەڕی نرخ داگرتن لە لایەن سعوودییەوە بە بیانووی نەگەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ئۆپێک و رووسیادا، نرخی نەوتی خاوی برێنت، کە پێوەری جۆرەکانی دیکەیە، لە بازاڕی جیهاندا بە جۆرێک هاڕەی کرد کە لە 1991ەوە بازاڕەکانی نەوت دابەزینی بەو ڕادەیەیان بە خۆیانەوە نەدیبوو. . سعوودییە قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە . سعوودییە لەو رۆژەوە خەریکی بەرز کردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەیەتی لە 9.7 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ئەوپەڕی توانای کە بە 12.5 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت. . لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت بە وڵاتانی ئاسیا بە داشکاندنی 4-6 دۆلار لە خوار نرخی بازاڕی نەوتی خاوی جۆری (عەرەبیی سووک) دەفرۆشێت، و بە ئەمریکا بە داشکاندنی 7 دۆلار، و بە ئەوروپا بە داشکاندنی 8 دۆلار  دەیفرۆشێت. واتە بە بڕی 10.25 دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت. . ئەمە لە کاتێکدا کە رووسیا نەوتی خاوی جۆری ئۆراڵ ی خۆی بە 2 دۆلار کەمتر لە برێنت بە ئەوروپا دەفرۆشێت. . ئەم هەنگاوەی سعوودییە نرخی دراوی رووسی (روبڵ)ی بە رێژەی 10٪ شکاند. لە ئەمریکاش قوربانیی یەکەمی ئەم هەنگاوەی سعوودییە پیشەسازیی دەرهێنانی بەردی نەوتییە لە ئەمریکادا کە نرخی ئێستای نەوتی خاودا مایەی خۆیان دەرناهێننەوە و زوربەی کێڵگەکانیان لە کار خراون. . هەواڵەکان رایدەگەیەنن کە سعوودییە گرێبەستی نوێی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر تانکەری دەریایی زەبەللاحدا ئەنجام داوەو کڕیاری سەرەکیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. . ئەمریکا و رووسیا بەرگە ده‌گرن، بەڵام سعوودییە نا . ئابووری وڵاتانی وەک ئەمریکا و رووسیا کە هەردووکیان بەرهەمهێنی زەبەللاحی نەوتن و هەمان کاتیشدا چەندین پیشەسازییی جۆراوجۆریشیان هەیە کە نەوت سەرچآوەی وزەیانە. ئەمە وا دەکات ۆر بە ئاسانتر لە وڵاتی دیکە ئابوورییەکەیان بەرگەی بەرزی و نزمیی نرخی نەوت بگرێت. . وڵاتێکی وەک ئەمریکا لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا دەبێت بەکڕیاری نەوت و نەوتەکەی خۆی وەک یەدەک بۆ کاتی گران بوون دادەنێت، لە کاتی گرنبوونیشدا نەوت بەرهەمدێنێت و لە وڵاتانی دیکەی ناکڕێت. . رووسیاش بە هەمان شێوە لە کاتی کەمبوونی نرخی نەوت وەبەرهێنان تێیدا لە کەرتی نەوتەوە بەرەو کەرتە بەرهەمهێنەکانی دیکە دەچێت و کە نرخ گونجایەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت. . بە پێی ئامارەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، بەراوردێک لە نێوان نرخەی بەرمیلێک نەوت کە سعوودییە پێویستێتی بۆ هاوسەنگ کردنی بوودجەی ساڵانەی لە چاو رووسیادا نزیکەی دوو ئەوەندەیە. . سعوودییە پێویستی بەوەیە هەر بەرمیلێک نەوت بە 83.6 دۆلار بفرۆشێت ئەوسا بودجەی ساڵانەی هاوسەنگ دەبێت، بەڵام رووسیا 42.4 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک بەسە تا بگات بەو هاوسەنگییە. . لە ئاکامی بڕیاری شەڕی نرخدا، پشکی بەشەکانی کۆمپانیای (ئارامکۆ)ی حکوومەتی سعوودی کە خراونەتە بازاڕەوە، لە 8/3 ەوە بۆ کۆتایی رۆژی 9/3، بڕی 19.1٪ دابەزی. شایانی باسە خودی خستنەبازاڕی پشکەکانی ئارامکۆ دەرهاویشتەی قەیرانی بودجەی ئەو وڵاتەیە. . بە هیوای بەردەوامی گفتوگۆکان . بازاڕی نەوتی خاو جووڵەیەکی رووەو سەرەوەی بە خۆوە بینی لە دوو رۆژی رابوردوودا، ئەویش لە ئەنجامی راەگەیاندنی رووسیا کە ئەوان، سەرەڕای ئەوەی دەتوانن بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەیان بە بڕی 500 هەزار بەرمیل زیاد بکەن، بەڵام  ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ سعوودییە دەستپێبکەنەوەو راشیانگەیاند کە گفتوگۆی تەکنیکارانیان لەگەڵ تەکنیکارانی ئۆپێک بەردەوامە. . چاودێرانی رووس پێیان وایە ئەگەر ئەم شەڕی نرخە بەردەوام بێت و نرخی نەوتی خاو بگاتە 20 دۆلار و خوارتر ئەوا پێناچێت کە بەرەنگاربوونەوەکە لە بواری نرخی نەوتدا بمێنێتەوە. . شەڕی نرخ  شەڕی (چەکداری بە وەکالەت)ی لێ دەبێتەوە؟ . بەردەوام بوونی ئەم شەڕە، رەنگە پاڵ بە رووسیاوە بنێت لە رێی ئێرانەوە یارمەتیی سەربازی و تەکنیکیی رووسی بگەیەنێتە نەیارانی سعوودییە لە یەمەن و ئەوانیش بە دڵخۆشییەوە ئامادەن ئەو یارمەتییانە بەکاربێنن بۆ پەلاماردانی کێڵگە نەوتییەکانی سعوودییە، وەک چۆن پێشتر سەلماندیان کە ئەو جۆرە توانایەیان هەیە. . لەبەردەم ئەگەرێکی وەهادا، ئەڵتەرناتیڤەکانی بەردەستی سعوودییە، مەترسییەکی ئەوتۆ بۆ رووسیا دروست ناکەن. لەوەتەی شەڕی ناوخۆی شیشان بەلای رووسیادا شکاوە، چەکدارە ئیسلامییەکانی ناوچەکانی قەفقاس لە رووسیا، کە هەواداری سعوودییە بوون، توانای سەربازیی جارانیان نەماوە وهەڕەشەیان لە کێڵگە نەوتییەکانی رووسیا پێ ناکرێت. . هەرێمی کوردستان و ئەم شەڕی نرخە . شەڕی نرخی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەڵایەکی دیکەیە، لە پاڵ قەیرانە داراییە بەردەوامەکەی هەرێم و بنبەستی چارەسەری سیاسی لە عێراقدا و، ئینجا ئاکامە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی پەتای کۆرۆناشی هاتۆتە سەر. . جگە لەمانە هەمووی رووسیا یەکێکە لەگەورەترین وەبەرهێنەرانیی کەرتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم، ئەگەر شەڕی ئابووریی سعوودییە و رووسیا شەڕی تێرۆری لێ بۆوە، ئەوا دوور نییە پڕیشکی ئەم شەڕە پیشەسازیی نەوتی هەرێمیش نەگرێتەوە. .