گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ عێراق دەتوانێت بەردەوام بێت لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران؟ ئه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم؟

2020.03.11 - 17:24
به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ عێراق دەتوانێت بەردەوام بێت لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران؟ ئه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم؟
ناس کورد- بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت بەهیچ شێوەیەک کاریگەری نابێت لە سەر توانای حکومەتی عێراق لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، بەدوریشیزانی حکومەت دەست ببات بۆ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت،. . ئەمڕۆ(چوارشەممە، 11ى ئاداری2020) ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند:" دابەزینی نرخی نەوت لەجیهان بەهیچ شێوەیەک کاریگەری نابێت لە سەر توانای حکومەتی عێراق لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران". . وتیشی:" ئەو قەیرانەی کەئێستا دووچاری جیهان بوەتەوە کاتییە هۆکارەکانیشی دیارن لەئێستاشدا هەوڵی نێودەوڵەتی چڕ هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە چارەیەک بۆئه‌و  قەیرانە بدۆزرێتەوه‌". . سەفار، ئاماژەی بەوەشدا:" سەرباری بوونی کێشەی سیاسی، تەندروستی و ئابوری لە عێراق، بەڵام ئێمە گەشبینین لەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو هەموو ئاستەنگیانە دوابەدوای یەکتر چارەسەر بکرێن". . بڕیاردەرەکەی لیژنەی دارایی عێراق، بەدوری زانی حکومەتی عێراق دەست بۆ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت ببات و دەڵێت:" موچەی فەرمانبەران هێڵی سورە". . وتیشی:" لە ئێستادا حکومەت هیچ نیازێکی نییە موچەی فەرمانبەران دەستکاری بکات یاخود کەمی بکاتەوە ئەو بابەتەش پەیوەندی بەلیژنەی دارایی پەرلەمانەوە نییە ، ئەو پرسە تەنها پەیوەندی بە خودی حکومەتەوە هەیە حکومه‌تیش لەئێستادا حکومەتێکی کاربەڕێکەرە بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەست لە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بدات". . "ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بێتە خوار 30 دۆلاریش، حکومەتی عێراق توانای ئەوەی هەیە تاکۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت لە پێدانی موچەی فەرمانبەران، ئەوەی کاریگەری لەسەر دەبێت تەنها بودجەی وەبەرهێنانە ئەوەش لە ئێستادا ڕاگیراوە بەهۆی دەنگنەدان لە سەر بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق" ئەحمەد سەفار وای وت. . سەفار، ئەوەشی خستەڕوو:"دەبێت بۆ لەمەودوا عێراق پلانی ستراتیژی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت دووچاری قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت بێتەوە، نابێت بە تەنها لەڕێگەی کەرتی نەوتەوە حکومەت ئەندازەی بودجەکە ڕێکبخات، دەبێت پەرە بدرێت بە هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پێشەسازی بۆ ئەوەی بتوانرێت لە دۆخێکی وەک ئێستادا بتوانین پێدوایستییەکانی ناوخۆ پڕبکەینەوە". . ئەمە لەکاتێکدایە کە جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێم کوردستان پێش چەند ڕۆژێک لە مەوبەرلە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى کاریگەرى دابەزینى نرخى نەوت لەسەر دابەشکردنى موچە ڕایگەیاند، "ئەولەویەتى حکومەتى هەرێم دابەشکردنى موچەیە و ئەوە ستراتیژی حکومەتە و پێوەى پابەندە". . حکومەتى هەرێم بەدرێژایی ساڵى ڕابردوو تا ئێستاش بۆ دابەشکردنى موچەى هەر مانگێک چاوەڕوانى پارەکەى بەغداى کردووە، لەهەر دواکەوتنێکیدا دابەشکردنى موچە دواکەوتووە، وەکو موچەى ئەم مانگە کە بەهۆى دواکەوتنى ناردنییەوە لە بەغدا دابەشکردنى دواکەوت. بەڵام دیار نییە بەغدا کە زیانمەندێکى گەورەى دابەزینى نرخى نەوتە دەست بۆ بڕینى پارەکەى هەرێم دەبات یان نا، ئەگەر هەرێم بەردەوام بێت لە رادەستنەکردنى نەوت بە بەغدا. . هەر لەو باریەوە شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێشتر بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، لە فرۆشی ئەو نەوتەش 300 ملیۆن دۆلاری بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانکردووە". .   وتیشی "ئەگەر نرخی نەوت لەوەش زیاتر دابەزێت حکومەتی هەرێم دەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات، بەو پێیەی ئەو داهاتەی کە حکومەت لە فرۆشتنی ئەو 500 هەزار بەرمیل نەوتە دەستیدەکەوێت زۆر لەوە زیاترە کە  حکومەت بۆ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی تەرخانکردووە". . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو 450 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق ڕەوانەی هەرێمی دەکات بۆ موچەی فەرمانبەران هیچ کێشەیەکی نابێت لە دابینکردنی موچە. .   نرخی نەوت بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕابردوو، دوای کردنەوەی بازاڕەکان بەرێژەی 30% دابەزی بە جۆرێک کە لە دوای ساڵی 1991وە ئەوە یەکەمجارە نرخی نەوت بەتەنیا لە یەک ڕۆژدا بەو ڕێژەیە دادەبەزێت و گەیشتە 33 دۆلار. .   بەگوێرەی زانیارییەکانیش هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، ئەو داشکانە گەورەیە کە سعودیە بۆ نەوتی خۆی کردویەتی و دەیەوێت شەڕی نرخەکانی نەوت لەگەڵ ڕوسیا و بەرهەمهێنەرانی دیکە دەستپێبکات.   .