گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە کاتی قسەکەدا پەرلەمانتاران بێدەنگ بوون

ئەنجێلا مێرکڵ هۆشداری دەدات: لەوانەیە 60 بۆ 70%ی دانیشتوانی ئەڵمانیا توشی کۆرۆنا ببن

2020.03.11 - 09:11
ئەنجێلا مێرکڵ هۆشداری دەدات: لەوانەیە 60 بۆ 70%ی دانیشتوانی ئەڵمانیا توشی کۆرۆنا ببن
ناس کورد- ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەى زیاتری کۆرۆنا و ڕایگەیاند، لەوانەیە 60 بۆ 70%ی دانیشتوانی ئەڵمانیا توشی ڤایرۆسەکە ببن. . ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی ئازاری 2020، ئەنجێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانتاراندا ئامارەکەى باس کردووە، ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیش دەڵێت، "لەو کاتەدا پەرلەمانتاران بێدەنگ بوون." . لە ئێستادا هەزار و 400 حاڵەتی توشبوو بە کۆرۆنا لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە، دوو کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردوون. . لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجێلا مێرکڵ داوای ڕاگرتنی کۆبوونەوە و گردبوونەوە ناپێویستەکانی کردووە و داوای کردووە کاری بەپەلە بکریت بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەى. . بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەى بیڵد، مێرکڵ هیچ ڕێکارێکی پێویست و بەپەلەى بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ڤایرۆسەکە ڕانەگەیاندووە. . بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا جێنس سپاهن، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا وتوویەتی کە 80%ی توشبووان هێشتا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە. . لەئێستادا وڵاتانی ئەوروپا ڕوبەڕوی مەترسی بڵاوبوونەوەى زیاتری ڤایرۆسەکە بوونەتەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، خراپترنیان ئیتاڵیایە کە تەواوی دانیشتوانەکەى کەرەنتینە کردووە و هاتوچۆی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگرتووە، ژمارەى توشبووانیش گەیشتووەتە نۆ هەزار و 100 کەس، 463 کەسیش مردوون.