گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەرانەوەی پاشەکەوتی موچە یان؟

پەرلەمانتارێک: ئەگەر حکومەت هەنگاو نەنێت ناچارن پەناببەنەوە بەر پاشەکەوتی موچە

2020.03.10 - 22:40
پەرلەمانتارێک: ئەگەر حکومەت هەنگاو نەنێت ناچارن پەناببەنەوە بەر پاشەکەوتی موچە
ناس کورد- ماوەی دوو ڕۆژە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەوەش هەریەک لە حکومەتی هەرێم و عێراقی ترساندووە و ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر حکومەتی ھەرێم زوو ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ناچارن پەنا ببەنەوەبەر پاشکەوتی موچە.  . لەدوای ڕێكنەکەوتنی وڵاتانی ئۆپیک لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەری، ماوەی دوو ڕۆژە نەوت بەردەوام دادەبەزێت و نزیکەی %30ی نرخەکەی پێشووی لەدەستداوە، بەشێوەیەک ئێستا نرخی بەبرمیلێک نەوتی خاو بە 37 دۆلارە، بەردەوامبوونی ئەو دۆخەش کێشەی گەورە بۆ هەرێم و عێراق دروستدەکات کە زۆرینەی داهات لەسەر فرۆشی نەوتە. . کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژمارەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە: "ئەگەر حکومەتی ھەرێم زوو ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ناچارن پەنا ببەنەوەبەر پاشکەوتی مووچە، کە ئەمە ئینتیحاری سیاسی دەبێت".  . ئاماژەی بەوەشکردووە: "دابەزینی نرخی نەوت بۆ 37 دۆلارە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان 10 دۆلار کەمتر نەوت بە بازاڕ دەکات؛ واتا ئەگەر عێڕاق بە 37 دۆلار نەوت بفۆرشێت، ئەوا حکومەتی هەرێم تەنها بە 27  دۆلار دەیفرۆشێت".  . "ئەو 27 دۆلارە بەسەر دوودا دابەش دەکرێت، نیوەی پارەکە واتا 13.5 دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت و 13.5 دۆلار دەمێنێتەوە، دیسانەوە بەشێک لەو پارەیە دەدرێتە بنیادنانی ناوچەی نەوت و کرێی گواستنەوە، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە دەبێتە قازانجی نەوت و جارێکی تر لە نێوان کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت و حکومەتی هەرێم دابەش دەکرێت و نیوەی پارەکە بۆ حکومەتی هەرێم و نیوەکەی تری دەدرێتە کۆمپانیاکە"، کاروان گەزنەیی وادەڵێت.  . ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەگەر حکومەتی هەرێم 450 هەزار بەرمیل بفرۆشێت کە زۆر زیاترە لەو پارەیە، ئەوە فرۆشی هەرێم بە 27 دۆلار دەکاتە 17 ملیۆن و 390 هەزار دۆلار بۆ مانگێک و بەگوێرەی ئەو فۆرمیولەیەی سەرەوە، کە نزیکەی 10 دۆلار بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە ئەوا داهاتی حکومەت لە نەوتەوە زیاتر نابێت لە نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە 180 ملیار دینار بۆ هەر مانگێک".  . گەزنەیی باسی لەوەشکردووە: "هەڵبەت ئەو ھاوکێشەیە بۆ حکومەتی ناوەندیش ھەر ڕاستە و رایەک ھەیە کە حکومەتی ناوەندی نزیکی 60 ملیار دینار کورتهێنانی ھەبێت بۆ ساڵی تازە! کورتھێنانێکی گەورە لە بودجەی ناوەندی بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و چەند لێکەوتەیەکی دیکەی ئابووری و قەرز ڕوودەدات، ئەگەر حکومەتی ناوەندی بچێتە ژێرباری ئەم کورتھێنانە گەورەیە، ئایا دەتوانێت ھەموو مانگێک بڕی 460 ملییار بنێرێت بۆ ھەرێمی کوردستان؟! بێگومان نەخێر، ڕەنگە حکومەتی ناوەندی بە جۆرێکی تر و زمانێکی تر قسە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات کە ھێشتا نازانین چۆن دەبێت".  . . ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم 300 ملیۆن دۆلار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەردەگرێت، 30 ملیار دینار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەگەر کەمی نەکردبێت، بەشە بودجەی بەغدا کە 453 ملیار دینارە و داهاتی ناوخۆش نزیکەی 250 ملیار دینارە، لە بەرامبەردا خەرجی وەبەرهێنان و خەرجی ئاوەدانکردنەوە و موچەمان هەیە، واتە بە کۆکردنەوەی هەموو داهاتەکان، حکومەتی هەرێم پێشتر سەرووی یەک ترلیۆن داهاتی مانگانەی بووە".  .  ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: "دوای دابەزینی نرخی نەوت، ئەو ڕێژەیە دەگاتە خوار ترلیۆنێک کە تەنها موچەی فەرمانبەران نزیکبووەتەوە لە 900 ملیار دینار، واتا نزیکەی 150 ملیار دینار کورتهێنانمان دەبێت، تەنانەت بەم دۆخەی ئێستاشەوە".  . گەزنەی ئەوەی خستووەتەڕوو: "پرسیارەکان ئەمانەن: حکومەت چۆن چارەسەری ئەم دۆخە دەکات؟ ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت داهاتی ناوخۆیی زیاد بکات؟ ئایا حکومەت دەتوانێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بگاتە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو؟ ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات؟".  . ئاماژەی بەوەشکردووە: "ڕەنگە جارێ نەگەڕێینەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە و کێشەی داھات و داراییش دروست نەبێت، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم دۆخە ئاڕاستەکەی خێرنابێت و پەککەوتنی بواری ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنانیش پەکیان دەکەوێت، ھۆکاری ئەمەش یەک سەرچاوەییە لە داھات و لە بەرامبەردا ھەمەجۆرکردنی ئابووری تاکە ڕێگەی دەرچوونە لەم دۆخە نەخوازراوەدا و چارەسەر بۆ حکومەتی ھەریم زیادکردنی داھاتی ناوخۆییە بە ڕێکخستنی سیستمی باج لەگەل رێکخستنەوەی خالە سنوورییەکان، ئەگەر حکومەتی ھەرێم زوو ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ناچارن پەناببەنەوە بەر پاشکەوتی مووچە، کە ئەمە ئینتیحاری سیاسی دەبێت".