گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەزانم کە ئێستا وەرزی گەشت و سەیران

قوباد تاڵەبانی لەبارەى کۆرۆناوە: 30 ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگە بۆ هەموومان

2020.03.10 - 19:49
قوباد تاڵەبانی لەبارەى کۆرۆناوە: 30 ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگە بۆ هەموومان
ناس کورد- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکومەتى هەریم داوای لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان بن بۆ خۆپاریزی لە کۆرۆنا و دەڵێت، 30 ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگە بۆ هەموومان، "بۆیە داواتان لێدەکەم کە دان بەخۆتاندا بگرن". . قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکیدا دەڵێت، "ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا چەند  بڕیارێکی گرنگمان دەرکردووە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوانە: درێژکردنەوەی ماوەی ڕۆژانی پشوو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و قوتابخانە و زانکۆکانمان لە مانگی ئازاردا." . دەشڵێت، "لە بارێکی ئاوادا، گرنگە ئێمە رێگە لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکان بگرین و ڕێوشوێنی پێویست بگرینە بەر، نەک تەنها کاردانەوەمان هەبێت بۆ ڕووداوەکان." . "دەزانم هەندێک لە بڕیارەکانمان ڕەنگە کاربکاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و بژێویشتان، بەڵام ئەوەتان لەیاد نەچێ کە ئەم بڕیارانە بۆ ئێوەیە و لە پێناو تەندروستی و سەلامەتیی ئێوە دراون." قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت. . ئاماژەى بەوەشکردووە کە "دەزانم کە ئێستا وەرزی گەشت و سەیرانە، ئەوکاتەیە کە کۆدەبینەوە و کاتی خۆش لەگەڵ یەکتر بەسەردەبەین، بەڵام تکایە با هەموومان پێکەوە تەندروستی و ژیانی خۆمان و خۆشەویستانمان بکەینە خەمی لە پێشینەمان. هەروەک بۆ حاڵەتی زۆر پێویستیش نەبێ گەشتی نێوان شارەکانی هەرێم و دەرەوەش ئەنجام نەدەین." . دەشڵێت، "ئەوانەی بەساڵاچوون تا پێتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هێڵی گەرمی ۱۲۲ ی فریاگوزاریمان داناوە تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ تکایە لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن و بەدڵنیاییەوە هاوکاریی پێویست وەردەگرن. تکاشتان لێدەکەم جگە لە ڕێنمایی و زانیارییە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان پشت بە زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە مەبەستن."