گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سعودییە لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا یاری بە ئاگر دەکات

2020.03.09 - 22:35
سعودییە لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا یاری بە ئاگر دەکات
تایبەت - ئالان م نوری پاش دەرکەوتنی نیشانەکانی قەیرانێکی ئابووریی جیهانیی نوێ و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئابوورییە زەبەلاحەکەی چیندا، هەروەها پەککەوتنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە چەندین وڵاتدا لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، نرخی نەوتی خاویش دەستیکرد بە دابەزین لە بازاڕە جیهانییەکاندا. . بۆ تاووتوێکردن لەسەر بارودۆخی بازاڕی نەوتی جیهانی و رێکخستنی سیاسەتی وڵاتە بەرهەمهێنەکان، ڕێکخراوی ئۆپێک لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا سەرەتای ئەم مانگە کۆبوونەوە، بە شێوەیەکی گشتی رێککەوتن لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی زیاد لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیلی رۆژانە تا نەهێڵن نرخ بە جۆرێک دابەزێت، زیانێکی گەورە لە ئابووریی ئەو وڵاتانە بدات کە زووربەیان لە ژێر باری قەیرانی دارایی قووڵ دەناڵێنن. . کۆبوونەوەکە بە هیوای ئەوەبوو کە بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەکەی دەرەوەی ئۆپێک کە ڕوسیایە، هاوڕا و هاوئامانجی ئەمان بێت لەم هەوڵی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەدا. . سعودیە وەک گەورەترین بەرهەمهێن لە ئۆپێکدا کەوتە دانوستان لەگەڵ ڕوسیا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام لە هەینی ڕابردووەوە  (6ی ئازار)وە دەرکەوت کە ئەو دوو وڵاتە ناگەنە رێککەوتن.  . "سعودیە بۆ دانوستان نەهاتووە" ڕوسیا پێی وایە کە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە قازانجی بەرهەمێنەرانی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەوان ئەو بەشە کەمکراوە پڕ دەکەنەوە، بەڵام نیگەرانیی خۆیان دەبڕی لەوەی سعودیە بە مەبەستی دانوستان نەهاتووە و دەیەوێت ڕای تاکڕەوانە بەسەریاندا بسەپێنێت. . هەواڵی بە بنبەست گەیشتنی دانوستانی سعودیە و ڕوسیا بووە مایەی دابەزینێکی زۆر بە پەلەی نرخی نەوت لە ئاڵوگۆڕی بازاڕە جیهانییەکاندا و لە یەک ڕۆژدا 30٪ نرخی لەدەستدا و ئێستە نرخی خامی برێنت لە دەوروبەری 36 دۆلار بۆ بەرمیلێک گیرساوەتەوە. . بەشی هەرەزۆری هۆکاری دابەزینی نرخیش تەنها هەواڵی ڕێککەوتنەکە نییە، بەڵکو هەڵوێستی سعودیەی دوای بەنبەست گەیشتنی دانوستانەکەیەتی لەگەڵ ڕوسیادا، چونکە سعودیە دەستبەجێ دەستیکرد بە داشکاندنی نرخی نەوت، وەک هێمایەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی نرخ لەگەڵ ڕوسیادا. . شەڕێکی دووبارە؟ شایانی باسە نرخی نەوت لە 1991ەوە دابەزینی وا کوتوپڕی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەوساش لە ئەنجامی شەڕی نرخی سعودیە بوو لەگەڵ یەکێتی سۆڤێتی ئەو کاتە کە ڕوسیا میراتگری ئێستایەتی و بە هەرەسهێنانی سۆڤێتی ئەوسا کۆتایی هات.  . سعوودییە پشت بە چی ئەم شەڕی نەوتە دەکات؟ ئەوەى کە وا لە سعودیە دەکات پێی وابێت ئەمجارەش لەم شەڕی نرخەدا سەرکەوتوو دەبێت ئەوەیە کە تێچوونی دەرهێنانی نەوت لە سعودیە کەمترینە لە جیهاندا. تێچوونی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی سعودی تەنها 2.80 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە ڕوسیادا زیاد لە 20 دۆلارە. لە هەمان کاتیشدا سعودیە خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەکی نەوتە لە جیهاندا و سێ ئەوەندەی یەدەکی ڕوسیای هەیە. هەروەها ڕەنگە سعودیە بیەوێت بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت چونکە دابەزینی نرخی نەوت لەگەڵ ئەم قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا پێکەوە ئابووریی وڵاتە نەیارە سەرسەختەکەی، کە ئێرانە، دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە.  . بەڵام سعودیەی 2020 ئەوەی 1991 نییە لە سەرەتای دەیەی ڕابردووەوە، کێشە ئابوورییەکانی دەوڵەتی سعودیە لە قووڵبوونەوەدان، بەپێی ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، ئەمساڵ ڕێژەی کۆی قەرزی حکومەتی سعودی بۆ بەرهەمی نیشتیمانییان گەیشتە سەرو 40٪. کورتهێنانی بودجەیان ئەمساڵ دەکاتە نزیکەی 7٪ ی بەرهەمی نیشتمانی. . ڕێژەی گەشەی ئابووری لە سعودیە لە 2011ەوە لە نزیکی 10٪ەوە ڕوو لە دابەزینە و ساڵی ڕابردووە  0٪ بوو. بەپێی هەڵسەنگاندنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی حکومەتی سعودییە بتوانێت بە هەمان ئاستی مەسرەفکردنی ئێستای کار بکات، ئەوا پێویستی بەوەیە کە بەرمیلێکی نەوت بە 83.6 دۆلار بفرۆشێت تا بودجەیەکی هاوسەنگی هەبێت. لەبەر ئەمانە هەمووی، پێدەچێت سعودیە ئەم جارە نەتوانێت لەم شەڕی نرخ دابەزاندنەدا سەرکەوتوو بێت، بە تایبەتی کە چەندین ساڵە گلاوەتە شەڕێکی پڕ مەسرەف لە یەمەندا ،بە بێ ئەوەی ئەو شەڕە هیچ کۆتاییەکی لە ئاسۆدا دیار بێت. . مەترسیی گەورە ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسیی دەوڵەتی سعودیە کەوتۆتە دەست ئەمیر موحەممەد بین سەلمانی کوڕی مەلیکە نەخۆشەکەیان و ئەویش بە کەسێکی توندڕەو و کورتبین لە سیاسەتدا خۆی بە جیهان ناساندووە. سعوودیە و رووسیا و ئێرانیش خەریکی گازگرتنن لە پەنجەی یەکتر و جیهانیش بە دۆش داماوییەوە چاوەڕوانە یەکێکیان بڵێن ئاخ.