گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیس: گومانمان لە دار و بەرد هەیە

بۆ یەکەمجار ڤیدیۆی ناو ئەو تونێلە ببینە کە لێیەوە دزی لە زێڕنگەرەکەى سۆران کرا

2020.03.09 - 21:25
بۆ یەکەمجار ڤیدیۆی ناو ئەو تونێلە ببینە کە لێیەوە دزی لە زێڕنگەرەکەى سۆران کرا
ناس کورد- پۆلیسى سۆران سەرقاڵى لێکۆڵینەوەى وردە بۆ ئاشکراکردنى ئەو کەسانەى دوکانى زەڕەنگەڕێکیان لە سۆران بڕى، بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان نەگەیشتوون بە ئەنجام. . شەوى هەینى ڕابردوو، دوکانێکى زەڕەنگەر لەناو بازاڕى سۆران لەلایەن کەسانى نەناسراوە بڕدرا و 40 کلیۆ زێڕ و نزیکەى 35 دەفتەر دۆلارى تێدا دزرا. . شەماڵ بێوار، وتەبێژى پۆلیسى سۆران بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ڕۆژانە 24 کاتژمێر سەرقاڵى لێکۆڵینەوەین، لەبەرئەوەى رووداوێکى گەورە و نوێ بوو، تا ئێستا چەندین حاڵەتى دزی هاتووەتە پێش هیچیان لە دەست پۆلیس دەربازیان نەبووە، بەڵام ئەمەى ئێستا شتێکى نوێ بوو". . دزەکان کە تا ئێستا نەناسراونەتەوە بۆ بڕینى دوکانەکە تونێلى تایبەت بە ئاوەڕۆى بازاڕەکەیان بەکارهێناوە و پاشان تونێلێکى تریان بۆ ناو دوکانەکە لێداوە، بەگشتى 500 مەتر بە تونێلدا ڕۆیشتوون تا گەیشتوون بە تونێلەکە. . شەماڵ بێوار وتى "چۆنیەتى دزیکردنەکە و قەبارەى دزیەکە پێشتر لە کوردستان نەبووە، ئەمان لەژێر زەوییەوە دزیەکەیان کردووە، بەبێ ئەوەى لەهیچ کامێرایەک دەرکەوتبن". https://www.youtube.com/watch?v=agFbmIZY9pc بەوتەى بەرپرسانى سۆران، دزەکان ماوەى زیاتر لە 10 ڕۆژیان پێچووە بۆ ئەنجامدانى ئەو تاوانە، بەو پێیەى ڕوبەرێکى زۆریان هەڵکەندووە تا گەیشتوون بەدوکانەکە، هەروەها چینێکى ئەستۆرى شیش و پۆڵای چواردەورى قاسەى دوکانەکەیان بڕیوە. . "سنورى لێکۆڵینەوەکانمان زۆر فراوانکردووە و ئیشى زۆرمان کردووە، بەڵام ئیش لەسەر گومان ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گومان لەداروبەرد دەکەین، ئەگەر وا نەبێت ناگەینە ئەنجام، بۆ ئەوەش خەریکى کۆکردنەوەى بەڵگەین"، وتەبێژى پۆلیسى سۆران وایوت. . پاراستنى ئاسایشى بازاڕى سۆران نزیکەى ساڵێکە لەدەست پۆلیسى سۆران نەماوە و دراوەتە کۆمپانیایەکى بوارى سکیوریتى، وتەبێژى پۆلیسى سۆران وتى، "لێکۆڵینەوەکانمان زۆر زۆر فراوانکردووە و بەردەوامن، کۆڵنادەین تا دەگەین بە ئەنجام، دەبێت ڕونکردنەوەیەک هەر هەبێت و نابێت شتەکان هەروا بە ناڕونى بمێننەوە".