ناس کورد-
وەزارەتى نەوتى عێراق بەرپرسیارێتى داڕوخانى نرخى نەوتى خستە ئەستۆى هەریەکە لە سعودیە و ڕوسیا بەهۆى سوربوونى هەردوولایان لەسەر هەڵویستەکانیان.
.
عاسم جیهاد، وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "شاندى عیراق هەوڵى گەورەیداوە بۆ نزیککردنەوەى بۆچوونەکانى ڕوسیا و سعودیە لە کۆبوونەوەکەى ڤیەننا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەڕێوەچوو".
.
وتیشى، "سوبوونى هەردوو وڵات لەسەر هەڵوێستەکانیان بووە هۆى نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئەوەش نامەیەکى گەیاندە بازاڕەکانى نەوت و بەهۆیەوە نرخى نەوت بەخێرایی دابەزی، سەرەڕاى ئەوەى سعویە نرخى فرۆشتنى نەوتى کەمکردەوە".
.
عاسم جیهاد هۆشداری دا لەوەى داروخانى نرخى نەوت کاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت لەناویاندا عێراق، هەروەها کاریگەرى لەسەر ئابورى جیهانى دروستدەکات و دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى وەبەرهێنان.
.
جەختیشیکردووەتەوە، عێراق زەرەرمەندى یەکەم نابێت، بەڵکو سەرجەم وڵاتانى هەناردەکەرى نەوت زیانیان بەردەکەوێت.
.
عاسم جیهاد باسى لەوەشکردووە، ناکۆکییەکانى ئێستا لە سودى کەسدا نییە و پێویستە هەموان ئاستى بەرهەمهێنانیان دیارى بکەن بۆ هەڵمژینى ئەو نەوتە زیادەیەى خراوەتە بازاڕ، تا هاوسەنگى بگەرێتەوە بۆ خواست و خستنەڕوو، کە دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى نرخى نەوت.
.
ئەوە لەکاتێکدایە نرخى نەوت ئەمرۆ بەرێژەى زیاتر 30% دابەزى و گەیشتە نزمترین نرخ لەساڵى 2016ەوە تائێستا، دواى ئەوەى سعودیە نرخى فرۆشتنى نەوتى کەمکردەوە و سەرەتاى جەنگێکى لەسەر نرخى ئەو وزەیە ڕاگەیاند، دواى شکستهێنانى گفتوگۆکانى ئۆپیک لەگەڵ ڕوسیا لەبارەى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەى زیاترى بەرهەمهێنان.
.
ڕوسیا ڕۆژى هەینى پێشنیازێکى ئۆپیکى ڕەتکردەوە بۆ کەمکردنەوەى زیاترى ئاستى بەرهەمهێنان، لەپێناو گەڕاندنەوەى سەقامگیریی بۆ نرخى نەوت کە بەهۆى کاریگەرییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە زیانى بەرکەوتووە.