ناس کورد-
دەستەی دەستپاكی بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونەکانیان لە دادگاکانی هەرێم دۆسیەیەكیان گێڕایەوە کە داخرابوو، هەروەها بەڕێوەبەرێكی گشتیی پێشوویان لە ھەولێر بە یەك ساڵ بەندکردن سزا دا.
،
لە راگەیەندراوێكدا دەستەی دەستپاكیی هەرێم بڵاویکردەوە: "بەرواری 6ی ئاداری 2018 دادگای تاوانەكانی ھەولێر/1 بڕیاری دا بە داخستنی داوای سزایی ژمارە 543/ج/2017 و تایبەت بە تۆمەتباران لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 4ی ساڵی 2017، دوای تانە لێدانی دەستە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان/ دەستەی سزایی 1 بڕیاریدا بە گێڕانەوەی ئەو دۆسیەیە بۆ لێكۆڵینەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داخستنی كە لەلایەن دادگای تاوانەكانی ھەولێر/1 دەرچوو بوو".
،
دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوەشکردووە لە درێژەی یەكلاكردنەوەی ئەو کەیسانەی کە کاریان لەسەر کردووە: "دادگای كەتنی ھەولێر بڕیاریدا بە بەندكردنی بەڕێوەبەرێكی گشتیی پێشوو لە ھەولێر بە یەك ساڵ لەگەڵ ڕاگرتنی سزاکە".