گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەمخانى: ژماردنى پێچەوانە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەناوچەکە دەستى پێکردووە

2020.03.08 - 19:55
شەمخانى: ژماردنى پێچەوانە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەناوچەکە دەستى پێکردووە
ناس کورد- عەلى شەمخانى ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى ئێرانى دەڵێت، ژماردنى پێچەوانە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەناوچەکە دەستى پێکردوە. . دواى کۆبونەوەى لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراقى، شەمخانی وتى، لەبەر ڕۆشنایى بارودۆخى سیاسى و ئەمنى لە عێراقدا ڕۆڵى دەزگا ئەمنى و هەواڵگریەکان زۆر گرنگ و ئاڵۆزە بۆ ئیدارەدانى ئەم بارودۆخە نوێیە. . باسى لەوەشکردوە، گەشەسەندنە سیاسى و ئەمنیەکان لە عێراق کاریگەرى جدى هەیە لەسەر بارودۆخى ئەمنى و سەقامگیرى ناوچەکە، پێکهێنانى حکومەتێکى بەتوانا و چالاکیش لە عێراق لەسەر دەنگى گەلى عێراقى هەمیشە ئاواتێکى کۆمارى ئیسلامى ئێران بوە. . شەمخانى دەڵێت "تیرۆرکردنى قاسم سولەیمانى سەرکردەى بەرەى بەرگرى و ئەبو مەهدى موهەندیس بەهۆى هەڵەیەکى ستراتیژى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و تیمە شەڕەنگێزەکەى بوو لە کۆشکى سپى". .  وتیشى  "ژماردنى پێچەوانە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەڕۆژى 2020/1/3 ئەو کاتەى سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیس شەهید کران دەستى پێکردوەو". . ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى ئێرانى تەئکیدیشى کردوەتەوە، ئەنجامدانى خۆپیشاندانى ملیۆنى مێژویى و وەستان دژى داگیرکارى ئەمریکا و پشتگیریکردنى سەربەخۆیى و سەروەرى نیشتمانیى عێراقى، ئاماژەیە بۆ ڕۆڵى ڕێبەرایەتى گەلى عێراق لە ڕێچکەى دەرکردنى ئەمریکا لەناوچەکەدا. . لاى خۆشیەوە مستەفا کازمى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراقى ستایشى ڕۆڵى کاریگەرى ئێرانى کردوە لە ڕوبەڕوبونەوەى تیرۆر و بەهێزکردنى ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەکە و پشتگیرى کردنى بێسنورى بۆ عێراق لەو بوارەدا، تەئکیدیشى کردوەتەوە کە پێشوازیش لە بەردەوامبونى هاریکاریەکانى نێوان هەردوو وڵات دەکەن بۆ لە ڕەگەوە دەرهێنانى گروپە تیرۆرستیەکان.