گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

به‌هۆی كۆرۆناوه‌ عێراق دوو دەروازەی سنوری لەگەڵ ئێران داخست

2020.03.04 - 18:43
به‌هۆی كۆرۆناوه‌ عێراق دوو دەروازەی سنوری لەگەڵ ئێران داخست
ناس كورد- حکومەتی عێراق بۆ بەرگرتن لە نەخۆشی کۆرۆنا و بەهۆی تەشەنەسەندنی  ڤایرۆسەکە لە ئێران، دوو دەروازەی سنوری سەر بە پارێزگای دیالەی بەڕووی ئەو وڵاتەدا بە تەواوی داخست.  . ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4 ی شوباتی2020)، لیوا ڕوکن حامد شەمەری، فەرماندەی پۆلیسی دیالە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەردوو دەروازەی سنوری مونزەریە لە خانەقین و دەروازەی مەندەلی لە نزیک ناحیەی مەندەلی، بە تەواوی داخران.  . لیوا ڕوکن حامد شەمەری ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر داوای فەرمانگەی تەندروستی دیالە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا لە ئێران وەک ڕێکارێکیش بۆ بەرگرتن لەو نەخۆشییە ئەو دوو دەروازەیە بەڕووی ئێران داخران.  . ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق لە ئێستادا گەیشتووەتە 30 کەس و پێنج لە توشبوانی ڤایرۆسەکەش لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.  . به‌گوێره‌ی دوایین ئاماریش، تا ئێستا لە ئێران دوو هەزار و 922 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش، 92 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.  .