گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند لایەنێک داوایان لە مالیکى کردووە ببێتەوە سەرۆکوەزیران

پەرلەمانتارێکى پارتى: لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنى هەمیشەیی نییە

2020.03.04 - 18:12
پەرلەمانتارێکى پارتى: لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنى هەمیشەیی نییە
  ناس کورد-   پەرلەمانتارێکى دەوڵەتى یاسا ڕایگەیاند، چەند لایەنێکى شیعە و سوننە و کورد داوایان لەنورى مالیکى کردووە پۆستى سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە، پەرلەمانتارێکى پارتیش دەڵێت ئەوان مەرجیان لەسەر کەس نیە و پرسە گشتییەکانى هەرێمیان بەلاوە گرنگترە. . سەعد مەتڵەبى، پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا لەپەرلەمانى عێراق  لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "لەلایەن لایەنى شیعى و سوننى و کوردەوە داواى ئەوە لە مالیکى کراوە جارێکى تر خۆى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران کاندید بکاتەوە و ئەویان بە پێویستى ئێستاى بارودۆخى وڵات زانیوە، بەڵام مالیکى ئەو داوکارییەى ڕەتکردووەتەوە". . نورى مالیکى بۆ ماوەى دوو خول سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو، دژى راسپاردنى عەلاویش بوو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ و جێگرتنەوەى عادل عەبدولمەهدى. . مەتڵەبى وتى "چەندینجار پێش ڕاسپاردن و دواى ڕاسپاردنى چوار جار عەلاوى سەردانى مالیکى کردووە و ئەویش ڕێنمایى ئەوەى پێداوە کە خۆى کاندید نەکات بۆ پۆستەکە و بکشێتەوە". . لاى خۆیەوە، ناسر هەرکى، پەرلەمانتارى پارتى لەبەغدا بەناس کوردى ڕاگەیاند، ئاگادارى ئەوە نییە لایەنى کوردى لەسەر ئەو پرسە هیچ پێشنیار و داواکارییەکیان خستبێتە ڕوو بەو پێیەى ئەو پرسە زیاتر پەیوەندى بەکاروبارەکانى شیعەوە هەیە. . وتیشى وەکو کورد و پارتى هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەسەکاندا نییە گەر هەر کەسێک بۆ ئەو کارە ڕابسپێردرێت بەمالیکیشیەوە، چونکە ئەوان سیاسەت دەکەن و لەسیاسەتیشدا دۆست و دوژمنى هەتا هەتایى نییە بەڵکو پرسە گشتیەکە گرنگە. . هەرکى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، هەر کەسێک کاندید بکرێت بۆ پۆستەکە ئەوان کۆمەڵێک مافى کوردیان بەلاوە گرنگترە کە بەپێى یاسا و دەستور بۆ کورد چەسپاوە نەک قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەى کەسایەتیەکان. . دواى شکستهێنانى عەلاوى لەمتمانە وەرگرتنى کابینەکەى و کشانەوەى، جموجۆڵە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنى بەربژێرێکى نوێ دەستیپێکردووە و باس لەچەند ناوێک کراوە بۆ ڕاسپاردنى بۆ پۆستەکە، لەوانە حەیدەر عەبادى و چەند کەسایەتیەکى تر، بەڵام ئێستا قۆناغى گفتوگۆکردنە لەسەر ناوەکان و هێشتا سازانی لەسەر ڕانەگەیەنراوە. .