گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەى  گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەو کەسانەى کەرەنتینکراون بۆ ماڵەکانیان ڕاگەیەنرا

وەزارەتى تەندروستى: هێشتا بەشێکى زۆرى ئەوانەى بەقاچاخ هاتونەتەوه‌ لەدەرەوەى کەرەنتینەکانن

2020.03.03 - 12:20
وەزارەتى تەندروستى: هێشتا بەشێکى زۆرى ئەوانەى بەقاچاخ هاتونەتەوه‌ لەدەرەوەى کەرەنتینەکانن
ناس کورد-   وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوى لە سێ ڕۆژى داهاتووە بۆ ئەوەى ئاستى مەترسی بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا نزمبێتەوە، بەڵام ترسى لە مانەوەى "بەشێکى زۆرى خەڵکە" کە بەقاچاخ هاتونەتەوە و هێشتا لەدەرەوەى کەرەنتینەکانن. . ڕۆژى هەینى داهاتوو وادەى مانەوەى بەشى زۆرى ئەو کەسانە لە کەرەنتینەکان تەواو دەبێت کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێم، بەوەش کۆتایی بە هەفتەى یەکلاکەرەوە دێت بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە. . محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند "دواى سێ ڕۆژى دیکە، ئەو کەسانەى لە کەرەنتینەکان ماونەتەوە لەرووى پزیشکییەوە هیچ کێشەیەکیان نابێت، وەک هەر کەسێکى ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێنە ماڵەوە، ئەگەر هیچ نیشانەیەکى توشبوونیان لەسەر دەرنەکەوت". . وتیشى"بەکۆتایی هاتنى ئەم هەفتەیە ئاستى مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسەکە کۆتایی دێت". . تا ئێستا نزیکەى 2500 کەس لە هەرێمى کوردستان لە کەرەنتییەکان خراونەتە ژێر چاودێرى تەندروستییەوە، کە بەشى زۆریان لە سنورى پارێزگاى سلێمانین. . وەزارەتى تەندروستى هەرێم تا ئێستا پێنج حاڵەتى توشبوونى بە کۆرۆنا ڕاگەیاندووە، کە سەرجەمیان لە سلێمانین، لەناو 89 حاڵەتى گومانلێکراودا کە بەپێی پشکنینەکان دەرکەوتووە هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین. . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى وتى "ژمارەى گومانلێکراون لەسەرجەم پارێزگاکان بوونى هەبووە، بەڵام زیاتر لە پارێزگاى سلێمانى بووە، بەو پێیەى ژمارەى کەرەنتییەکانیش لەو پارێزگایە زیاترن". . لە ئێستادا رۆژانە خەڵک بەبەردەوامى دەگەڕێنەوە هەرێم و دەخرێنە ناو کەرەنتیەکانەوە، بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى تەنها دوێنێ 124 کەسى دیکە کەرەنتین کراون، بەڵام وەزارەت چاوى لەمەترسییەکى گەورەترە، بەهۆى مانەوەى بەشێکى ئەو کەسانەى بە قاچاخ گەڕاونەتەوە لەدەرەوەى کەرەنتینەکان. . بەوتەى محەمەد قادر، لەگەڵ ئەوەى بەشێکى زۆرى ئەو کەسانەى بەقاچاخ گەڕاونەتەوە چونەتە کەرەنتیینەکانەوە و خۆیان بە تیمەکانى تەندروستى ناساندووە، بەڵام هیشتا بەشێکى زۆریش لەدەرەوەى کەرەنتین و رێوشوێنە تەندروستییەکانن، ئەوەش کارەکانیان بۆ رێگرى زیاتر لەبڵاوبوونەوەى کۆرۆنا قورس دەکات. . ڕونیشیکردەوە "مەترسییەکانمان زیاتر لەسەر ئەو کەسانەیە، بەردوامیش تیمەکانى ئاسایش و تەندروستى بەدواى ئەو کەسانەوەن کە لەدەرەوەى رێوشوێنەکان ماونەتەوە". . لەگەڵ تۆمارکردنى حاڵەتەکانى توشبوونى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى تەندروستى قۆناغى چارەسەرسازى ڕاگەیاند، لەکاتێکدا پێشتر قۆناغى خۆپارێزى پەیڕەو دەکرد. . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى باسى لەوەکرد، رێوشوێنەکان هێشتا وەکو خۆیەتى، ئەگەر پێویست بکات رێوشوێنەکان توندتر بکرێن ئەو کارە دەکەین ئامادەکارییەکان بەردەوامن، چونکە لەهەندێ وڵات بەخێرایی بڵاوبووەتەوە. .