گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاووڵاتیەکى گەڕاوە لە ئێران: ئێمە خۆمان کەرەنتین کردوە و تێکەڵاوى کەس نابین

زانیارى ورد لەسەر ئەو هاووڵاتیانەى لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ..ئەوان چى دەڵێن و حکومەت چى دەڵێت؟

2020.03.02 - 10:59
زانیارى ورد لەسەر ئەو هاووڵاتیانەى لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ..ئەوان چى دەڵێن و حکومەت چى دەڵێت؟
ناس كورد- وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی ئەو كەسانەى بڵاوکردەوە کە گەڕاونەتەوە شارەکانى هەرێمى کوردستان و پشکنینیان ئەنجامنەداوە.  یەکێک لەو کەسانەش کە گەڕاوەتەوە و ناوى لە لیستەکەدا هەیە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئەوە ڕاست نییەو ئەوانیش پشکنینیان بۆ کراوە و مۆرى وەزارەتى تەندروستیش لە پاسپۆرتەکەیان دراوە"، وتەبێژى ئەو وەزارەتەش ڕەتیدەکاتەوە ئاگادارى ئەو پشکنینە بێت. . دواى ئەوەى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ناوى ئەو کەسانەى بڵاوکردەوە کە گوایە لە خاکى ئێرانەوە لە مەرزى مونزریەوە گەڕاونەتەوە خاکى هەرێمى کوردستان و پشکنینیان بۆ نەکراوە، ئەوەش مشتومڕی دروستكرد و ئەوانەشى ناویان هاتوە لە لیستەکەدا رەتیدەکەنەوە کە بە قاچاخ یان بێ پشکنین گەڕابێتنەوە. . سەبارەت بەو بابەتە، وەزارەتی تەندروستی بانگەوازێکی بەپەلەى ئاراستەى هاوڵاتیان کرد کە تێیدا هاتبوو، دوای بڵاوبونەوەی لیستی ناوی ئەو گەشتیارانەی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی کەڕەنتین بکرێن و جیابکرێنەوە وەیان بە قاچاغ و دور لە تیمەکانی پزیشکی ئێستا لە هەرێمی کوردستانن یان هەر گەشتیارێکی تر کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو گەڕاونەتەوە جێگای مەترسین. . باس لەوەشکرابوو، ئاگاداریان دەکەینەوە کەوا بەزوترین کات دورکەونەوە لە ماڵ و منداڵ و خێزانەکانیان و پەیوەندی بە تیمەکانی پزیشکی بکەن، داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کەوا نزیک نەبنەوە لەم بەڕێزانە لەپێناو تەندروستی خۆتان و خانەوادەتان و پەیوەندی بکەن بە تیمەکانی تەندروستی لەپێناو ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19. . سەبارەت بەو بابەتە محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى عێراق بە ناس کوردى وت، ئەو کەسانە بە ماوەیەکى کورت پێش ڕاگەیاندنى کەرەنتین گەڕاونەتەوە هەرێم لەوانەیە چەند کەسێکیان پشکنینیان بۆ کرابێت بەڵام ئێمە بۆ زیاتر پاراستنى سەلامەتیان داوا دەکەین ئەگەر لەو ڕۆژەوەى داخڵ بوون تا ئێستا ماوەى دوو هەفتەى پێ نەچوبێت پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ ئەوەى پشکنینیان بۆ بکەین، ئەگەر هەر نیشانەیەکیان هەبێت جیادەکرێنەوە و وەک گومانلێکراو سەیر دەکرێن، ئەگەر پێویستیش بکان پشکنینى تاقیگەییان بۆ دەکرێت. . وتیشى، بەڵام ئەگەر هاتوو هیچ نیشانەیەکیان پێوە نەبێت و ئەو 14 ڕۆژەى بەسەردا چوبێت تەنها زانیارى گشتیان پێدەدەین، مەرج نییە هەرکەس پەیوەندیمان پێوە بکات جیایبکەینەوە و بیخەینە کەرەنتین، بەڵام ئەگەر لە 14 ڕۆژى کەمتر بێت هاتبێتەوە و لە یەکێک لەو 7 وڵاتەى دیارى کراون گەڕابێتنەوە ئەوا پێویستە کەرەنتین بکرێن. . وتەبێژەکەى وەزارەتى تەندروستى هەرێم سەبارەت بەوانەى کە تائێستا کەرەنتین کراون ئاشکرایکرد "نزیکەى 1800 کەس کەرەنتین کراون، لە 21 شوێنیش کەرەنتینمان هەیە ئەوەش بەپێى شارەکان دابەشکراون، سەرەتا ژمارەى کەرەنتینەکان کەمبون بەڵام دواتر زیادکران ئەگەر پێویستیش بکات شوێنى تر ئامادە دەکرێت، هەروەها زیاتر لە 200 قەرەوێڵەش بۆ ئەگەرى تۆمارکردنى توشبون بە ڤایرۆسەکە ئامادەکراوە و ئەویش پێویست بکات زیاد دەکرێت". . سەبارەت بەو دەنگۆیانەى کە دەوترێت شوێنى کەرەنتین کەمە و بەهۆى ئەوەشەوە ژمارەیەک خەڵک کە گەڕاونەتەوە نێردراونەتەوە ماڵەوە، محەمەد قادر بۆ ناس کورد وتى، تا ئەم ساتەش هەر کەس لەو 7 وڵاتە بێتەوە کە دیاریکراون (چین، ئێران، ئیتاڵیا، سەنگافورە، تایوان، کۆریاى باشور و ژاپۆن) ئەوا %100 کەرەنتین دەکرێن و هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەى نەخرێنە کەرەنتینەوە، کەرەنتین شتێک نییە کە بە ئاسانى دەستبەردارى ببین و بەهەند وەرینەگرین، تائێستاش رێوشوێنى زۆر باش گیراونەتە بەرو ڕێگەمان نەداوە ڤایرۆسەکە بگاتە هەرێمى کوردستان. . سەبارەت بەو پشکنینانەى ئەو کەسانە ناویان لە لیستەکەدا هاتوە کە بڵاوکراونەتەوە و گوایە چەندین پشکنینیان بۆ کراوە رونیکردەوە، زانیاریم لەسەر ئەو بابەتە نییە و بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەوانەى ناویان لە لیستەکەدا هاتوە سەردان بکەن، تەنها زانیاریان لێوەردەگیردرێت و ئەگەر پێویست بکات کەرەنتین دەکرێن بۆ ئەوەى تەندروستى خۆیان و کەسوکاریان و هاوڵاتیان بپارێزن، هەروەها سەبارەت بەوەى ئەگەر ئەو کەسانە سەردان نەکەن چى بەرامبەریان دەکرێت وتى، ئێمە وەک وەزارەت ئەوەمان بۆ حکومەت ڕونکردوەتەوە کە دڵنیانین لەو کەسانەو پێویستە سەردان بکەن. . لاى خۆشیەوە هیوا غه‌فور،  یەکێک لەو کەسانەى ناوى لە لیستەکەدا هاتوە ڕونکردنەوەیەکى بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە، ئەوەى بڵاوکراوەتەوە هیچ ڕاست نیە، کە ئێمە بەبێ پشکنین هاتبینەوە، بەڵکو ئەو پشکنیانەی کە لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئێمەش کراوە، مۆری وەزارەتی تەندروستیش لە پاسەپۆرتەکانمان دراوە بۆدڵنیایی کە ئێمە بە بێ پشکنین نەهاتوینەتەوە. . جه‌ختیشی کردوەتەوە، دوای هاتنەوەمان بۆ دڵنیایی خۆمان و خانەوادەکانمان تێکەڵی خەڵکی نەبوین و سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەمان کردوە لە سەرچنار کە تایبەت کراوە بە نەخۆشی کۆرۆنا، پێیان وتین بچن بۆ نەخۆشخانەی شار ئەگەر گومانێک هەبێت ئەوان دەتاننێرن بۆ ئێرە، ئێمەش هەروامان کرد و چوین لە ڕێگەی خوێنەوە 20 پشکنینیان بۆکردین لەگەڵ ئەشیعەی سنگمان، وتیان سوپاس بۆخوا هیچ کێشەیەکتان نیە، دەتوانن بچنەوە ماڵی خۆتان، بەڵام هەر بۆ دڵنیایی، دوو هاوڕێمان چوین سەردانی لیژنەی بەرنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنامان کرد، لە گوندی سەناریای گەشتیاری، بەمەبەستی کەرەنتینە، وتیان پێویست ناکات و پشکنینەکان پاکە، دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ناوەکانیشمان کە گوایە ئێمە پشکنینمان نەکردووە، جارێکی تر چوینەوە بۆ نەخۆشخانەکەی سەرچنار و نەخۆشخانەی شار و بەردەم ئەو لیژنە پزیشکییەی لە گوندی سەناریای گەشتیاری ئامادەکراوە بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، تا چی ڕێکارێکی یاسایی هەیە ئەنجامی بدەین جارێکی تریش پشکنینمان کردەوە وتیان سوپاس بۆ خوا کێشەتان نیە و دەتوانن بڕۆنەوە، هیچ پێویست بە کرنتینە ناکات. . ئەو هاوڵاتیە کە بۆ خوێندن ڕویکردبوە کۆمارى ئیسلامى ئێران سەبارەت بەهۆکارى گەڕانەوەیان لە مەرزى مونزریەوە دەڵێت، کاتێک لەڕێگەبوین بۆ مەرزى باشمانخ هەواڵى ئەوەمان بیست مەرزەکان داخراون و نایەڵن کە بچینه‌ خاکى هەرێمەوە بۆیە ناچار چوین لەو مەرزەوە گەڕاینەوە، دواتریش دەرکەوت هەواڵەکە ناڕاستە. .