گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاتووچۆى هاووڵاتییان قەدەغەکرا

جوڵەى بازرگانى نێوان هەرێم و تورکیا ئاساییە

2020.03.01 - 21:04
جوڵەى بازرگانى نێوان هەرێم و تورکیا  ئاساییە
ناس کورد-   وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەردەوامى جموجۆڵى بازرگانى لەگەڵ تورکیا، سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانیش دەڵێت هاتووچۆى بازرگانى ئاساییە. . لەشەوى ڕابردووەوە وەزارەتى تەندروستى تورکیا سنورەکانى بەڕووى هاتووچۆى گەشتیارى لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانى، عێراق و ئێران و ئیتاڵیا داخستووە، دواى ئەوەى دەیان حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتانە تۆمارکران، هەرچەندە هێشتا هیچ حاڵەتێک لە هەرێم تۆمارنەکراوە، بەڵام تورکیا لەچوارچێوەى عێراقدا سنورەکانى لەگەڵ هەرێمیش داخستووە. . وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند"پاش ئەوەی دەنگۆی راگرتنی جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری نێوان هەرێم و تورکیا بڵاوبوویەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی نێوان هەردوو لا بەردەوام بێت وهەروەها جموجۆڵی بازرگانی سەر سنوورەکان رێکبخرێتەوە بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆ پاراستن". . هەروەها هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە لەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان درێغی ناکات لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بە جۆرێك کە کاریگەری لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و بازاڕی ناوخۆ نەکات. . لاى خۆیەوە، مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "جموجۆڵى بازرگانى لەنێوان تورکیا و هەرێم ئاساییە، تەنها ئەو وڵاتە هاتووچۆى هاوڵاتیان و گەشتیارى قەدەغەکردووە". . وتیشى "تائێستا جموجۆڵى بازرگانى بەردەوامە و هیچ کێشەیەکى نییە". .