گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا لە وەرزی هاویندا لەناودەچێت؟

2020.02.25 - 22:22
کۆرۆنا لە وەرزی هاویندا لەناودەچێت؟
ناس کورد- ئایا کۆرۆنا لە وەرزە گەرمەکاندا لەناودەچێت؟ لە وەرزە ساردەکانى ساڵى داهاتوو دەگەڕێتەوە؟ ئەوەى توشبوەو چاکبوەتەوە جارێکى تر دەیگرێتەوە؟ ئەمە و چەندین پرسیارى تر لاى زۆرێک ڕوون نییە و هۆشیاریەکى تەواو لەسەر ئەم ڤایرۆسەبوونى نییە. . بەپێى لێکۆڵینەوەکان ڤایرۆسى کۆرۆنا و سەرجەم ڤایرۆسەکانى ترى کاریگەر لەسەر سیستمى هەناسەدان بە وەرزە گەرمەکاندا لەناو دەچن، چونکە بە گەرما ناتوانێت بژى و سوڕەکەى تەواو بکات، شارەزایان دەڵێن ڤایرۆسى کۆرۆناش وەک هەموو ڤایرۆسەکانى تر ئەنفلۆنزای وەرزییە و لەگەڵ چونە وەرزە گەرمەکان و بەرزبونەوەى پلەکانى گەرما لەناو دەچێت. . "جزلە فزە" شارەزاى بوارى تەندروستى گشتى لەو بارەیەوە دەڵێت، بەبۆچونى شارەزایان کۆرۆناش لەگەڵ چونە وەرزە گەرمەکاندا کاریگەرى نامێنێت، چونکە ناتوانێت لەپلەى گەرمى بەرزدا بژى، کاتێک پلەى گەرما دەگاتە 30 بۆ 40 پلەى سەدى ڤایرۆسەکانى ناو هەوا و سەر تەنەکان دەمرن، بۆیە زانایان ئومێدیان بەوەیە لە وەرزى هاویندا ڤایرۆسەکە لەناو بچێت. . لەئێستا کە وەرزى زستانە پلەکانى گەرما نزمن و کەشوهەوا ساردە ئەوەش هۆکارێکى سەرەکى گواستنەوەى ڤایرۆسەکەیە بە شێوەیەکى خێرا و لە عێراقدا زیاتر لە یەک مانگى ماوە بۆ گەیشتنە کەشوهەواى گەرم و لاوازبونى ڤایرۆسەکە. . سەبارەت بەوەى کە ئەوانەى توشدەبن و چاک دەبنەوە، ئایا جارێکى تر دەیگرنەوە؟، ئەو شارەزایە باسى لەوەکرد، ئەو کەسانە بەرگریان دژى ڤایرۆەکە بۆ دروست دەبێت و جارێکى تر توشنابنەوە، چونکە سیستمى بەرگرى لەشیان گەشەى بەخۆى داوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسەکە زۆر بەباشى. . لەلایەکى ترەوە تانگ شین، لێکۆڵەرى پزیشکى بە گۆڤارى "چاینا تودەى"ى وتوە، لەگەڵ بەرزبونەوەى پلەکانى گەرما ڤایرۆسەکەش چالاکیەکانى کەمدەبێتەوە و 56 پلەى سەدیش باشترین پلەیە کە تێیدا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکى زۆر خێرا و بەتەواوەتى لەناو بچێت. . لەئێستادا پێنج حاڵەتى توشبوو بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە عێراقدا تۆمار کراوە کە یەکیان هاوڵاتیەکى ئێرانى بوو لە شارى نەجەف و نێردرایەوە بۆ وڵاتەکە، چواری دیکەشیان ئەندامانى خێزانێک بوون لەشارى کەرکوک کە بە گەشت چوبونە ئێران و گەڕابونەوە. .  سایمۆن کلارک شارەزاى بوارى زیندەوەرزانى خانەکان  لەزانگۆى ریدینگى بەریتانى دەڵێت، هۆکارى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا کەشوهەواى ساردە، چونکە لە کەشە ساردەکاندا مرۆڤ توشى سەرما و کۆکە دەبێت و ڕێڕەوى هەناسەى هەستیار دەبێت و کێشەى تێدەکەوێت، بەهۆى ئەوەشەوە ئەگەرى زۆرتر دەبێت بۆ توشبوون بە ڤایرۆسەکان. . ئەو شارەزایە باس لەوەشدەکات، کۆرۆنا یەکێکە لە ڤایرۆسەکانى دەزگاى هەناسەدان و لەڕێگە پژمین و کۆکەوە بۆ کەسانى تر دەگوازرێتەوەو کەشوهەواى سارد و وشکیش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەى ئەو ڤایرۆسە بۆ ماوەیەکى زیاتر لە هەوادا بژى و بۆ مەوداى فراوانترین بگوازرێتەوە. . لەئێستادا ڤایرۆسى کۆرۆنا دەیان وڵاتى لەجیهاندا گرتوەتەوە بەتایبەتى لە کیشوەرەکانى ئاسیا و ئەوروپا و تائێستا زیاتر لە 80 هەزار کەس توشبون کە زۆرینەیان لە وڵاتى چینن و 2 هەزار و 707 کەسیش گیانیان لەدەستداوە