گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

واحید لەسەر دەمەقاڵێیەکی سەرەی بەنزین کوژرا

2020.02.25 - 20:17
واحید لەسەر دەمەقاڵێیەکی سەرەی بەنزین کوژرا
ناس کورد - سابیر عەبدوڵا ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی بریندار گیانی لەدەستدا کە شەوی ڕابردوو لە سنوری پشدەر لە سەرەی بەنزیندا لەگەڵ کەسێکی تر بوو بە شەریان. . دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی ترسیان لە نەمانی سوتەمەنی، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سنوری قەزای پشدەر  و سەرجەم ناوچەکانی هەرێم ڕوویان لە بەنزینخانەکان کرد، بەهۆی قەرەباڵغییەوە دوو هاوڵاتی دەبێتە دەمەقاڵێیان، هەرچەندە ئەمڕۆ هەردووکیان ئاشت کراونەوە، بەڵام  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە یەکێکیان دەستڕێژی گولـلەى لە ماڵی ئەوی تریان کردووە. . لەو بارەیەوە، عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەى گشتیی قەڵادزێ بە ناس کوردی وت، "ئێوارەى ئەمڕۆ هەردوو کەسەکە بە بریندار گەیەنرانە نەخۆشخانە، یەکێکیان بە ناوی (واحید عەبدوڵا) و تەمەن 45 ساڵ گیانی لەدەست داوە کە پیشەی کاسبە، هاوڵاتییەکەی تر بە سەختی بریندار بووە بەناوی  (أ .م .ب) کە تەمەن 33 ساڵە و پیشەی کاسبە، هەردووکیان دانیشتووی ناحیەی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەرن. . هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕوداوەکە بە ناس کوردی وت، "هەرچەندە هەردوو ئاشت بوو بوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێکیان دەستڕێژی لە ماڵی ئەوی تریان کردووە و واحیدی کوشتووە و کەسێکی تریشی بریندار کردووە". . وتیشی، "ئەمڕۆ هەردووکیانم بینی و هیچ کێشەیەکیان نەبوو،  لام سەیرە ئەو کارەی کردووە".