گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلاوى باس لە پلانى شکستهێنانى دەکات

لایەنەکان لە کەشتییەکەى عەلاوى هەڵدێن

2020.02.25 - 11:29
لایەنەکان لە کەشتییەکەى عەلاوى هەڵدێن
ناس کورد-   لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى دانیشتنى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان خۆیان لە پشتیوانى عەلاوى بەدور دەگرن و دژى دەوەستەوە، بە پێچەوانەى ئەو پشتگیرییە زۆرەوە کە لەکاتى کاندیدکردنیدا لێی دەکرا. . بڕیارە ڕۆژى (پێنجشەممە) پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەى عەلاوى کۆبێتەوە، بەڵام تادێت ژمارەى ئەو  فراكسیۆنانه‌ی پشتیوانى دەکەن کەمدەبێتەوە و لە ئێستادا تەنها فراكسیۆنێك بۆ دوو فراكسیۆن پشتیوانى دەکەن، ئەوەش ئەگەرى شکستهێنانى تێپەڕاندنى کابینەکەى هێناوەتە ئارا لەکاتى خستنەدەنگدانیدا لە پەرلەمان. . بەپێی لێدوانى بەرپرسانى لایەنەکان و دیدارە تەلەفزیۆنەکان و ڕاگەیەنراوى کۆبوونەوەکان، عەلاوى بە ڕەزامەندى هەریەکە لە هاوپەیمانى سائیرون، فەتح، هێزە سوننییەکان، پڕۆژەى عەرەبی، هێزە کوردییەکان لەسەرووى هەمویانەوە پارتى بۆ سەرۆکوەزیران ڕاسپێردراوە، دواى ئەوەى سەرۆککۆمار چوار ڕۆژ مۆڵەتى پێدان بۆ پێشکەشکردنى ناوێک کە مشتومڕى لەسەر نەبێت. . لە ڕۆژانى سەرەتاى ڕاسپاردنیدا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە لەسەرەتاى ئەم مانگەدا، عەلاوى لەلایەن زۆربەى زۆرى لایەنەکانەوە پشتیوانى کرا، بەڵام ئێستا کە وادەى دەنگدان لەسەر کابینەکەى نزیکبووەتەوە، خەریکە بە تەنها دەمێنێتەوە. . گەیشتنى دۆخەکە بەو ئاستە، ئەیاد عەلاوى ناچارکردووە باس لە پلانى "شکستپێهێنانى" کابینەکەى بکات، تا لە پەرلەمان تێنەپەڕێنرێت. . عەلاوى ئەمڕۆ (سێشەممە) لە تویتێکدا ڕایگەیاند "گوێبیستى پلانێک دەبین بۆ شکستهێنانى تێپەڕاندنى حکومەت بەهۆى ئەوەى ناتوانن بەردەوام بن لە دزى، چونکە وەزارەتەکان کە لەلایەن وەزیرى سەربەخۆوە بەڕێوەدەبرێت، ئەو پلانە بۆ ئەوەیە دەنگدان لەسەر کابینەکە بەشێوەى نهێنى بێت، هیوادارین ئەو زانیارییە ناڕاست بێت". . هەڵگەڕانەوەى هەڵوێستەکان . بەدرێژایی چەند ڕۆژى ڕابردوو، هەڵگەڕانەوەیەکى فراوان لە هەڵوێستى زۆربەى فراكسیۆنه‌ پشتیوانیکەرەکانى عەلاوى بەدیکرا، دواى ئەوەى سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو داواى کوتلە سیاسییەکانى بۆ پارێزگاریکردن لە پشکەکانیان لە حکومەت ڕەتکردەوە. . هاوپەیمانى هێزە سونییەکان بەسەرۆکایەتى محەمەد حەلبوسى یەکێکە لە دیارترین ئەو کوتلانەى ڕەخنە لەکارنامەکەى عەلاوى دەگرن و جەختیان کردووەتەوە کە بایکۆتى دانیشتنى دەنگدان بەکابینەکەى دەکەن. . هاوپەیمانێتییەکە کە خاوەنى 40 کورسییە لە پەرلەمانى عێراق دوێنێ (دوشەممە) لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگەیاند، کارنامەى عەلاوى قەیران دروستدەکات و دابەشبوونى لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەکان بیگۆڕن بە کەسێک کە قبوڵکراوبێت. . هەروەها لایەنە کوردییەکان کە خاوەنى 57 کورسین لە پەرلەمانى عێراق لەکۆى 329 کورسی، بەئاشکرا ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر هەنگاوەکانى عەلاوى دەربریوە و پێناچێت ئامادەبن دەنگى پێ بدەن. . لە راگەیەنراوێکى هاوبەشدا کە دوێنێ (دووشەممە) دواى کۆبوونەوەى نێوانیان بڵاویانکردەوە، سەرۆکایەتى هەرێم و لایەنە کوردییەکان جەختیان کردەوە،کە هەنگاوەکانى عەلاوى جێگەى دڵنیایی نین، بۆیە پێویستە پێداچونەوەى پێدابکرێت. . پاشەکشەى هەڵوێستەکان تەنانەت گەیشتووەتە ناو ئەو کوتلانەى کە وەک پشتیوانى سەرەکى عەلاوى ناسراون، ئەوەش چارەنوسى کابینە لەدایک نەبووەکەى عەلاوى بەنادیارى هێشتووەتەوە. . محەمەد غەبان سەرۆکى کوتلەى فەتح کە خاوەنى 48 کورسییە لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، عەلاوى کاندیدێک بووە کە زۆربەى کوتلەکان ڕەزامەند بوون لەسەرى، بەمەرجێک کابینەکەى سەربەخۆ بێت و بەرنامەى حکومەتەکەى پابەندبوون بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى تێدا بێت. . وتیشى "بەڵام عەلاوى لە بەرنامەکەیدا بەشێوەیەکى ڕوون بەڵێنى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى تێدا نییە، ئەوەش پێچەوانەى ڕێنماییەکانى مەرجەعیەت و داواکارییەکانى گەلە". . ئەگەر کابینەکەى عەلاوى ڕەتبکرێتەوە چى ڕوودەدات؟ . بەپێى دەستورى عێراق، کابینەى حکومەت بە دەنگى زۆرینەى ڕەهاى بەشداربووانى دانیشتنى پەرلەمان واتە نیوە+1 تێدەپەڕێت، نەک زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمان کە ژمارەیان 329 کەسە. . بەوتەى تارق حەرب پسپۆڕى دەستورى، زۆرینەى رەها واتا زۆرینەى ئامادەبوونى دانیشتنى پەرلەمان نەک نیوەى ئەندامانى پەرلەمان کە دەکاتە 165 ئەندام. . ڕونیشیکردووەتەوە "ئەگەر کەمترین ئەندام ئامادەبوو بۆ تەواوکردنى نیسابی یاسایی دانیشتنەکە کە دەکاتە 166 ئەندام، ئەوکات 84 دەنگ بەسە بۆ متمانەدان بە کابینەکە، بەپێی ماددەى 76ى دەستور". . ئەگەر نیوە زیاترى ئەندامانى بەشداربووى کۆبوونەوەى (پێنجشەممە)ى پەرلەمان دەنگ بە کابینەکە نەدەن، چەند سیناریۆیەک دێتە پێشەوە. . سیناریۆى یەکەم ئەوەیە سەرۆککۆمار کەسێکى دیکە بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕاسپێرێت بەمەرجێک ئەو کەسەى پێشوو نەبێت. . سیناریۆكانى دیکەش ئەوەیە، عادل عەبدولمەهدى وەکو سەرۆکوەزیرانى کاڕبەرێکەر بمێنێتەوە، یان سەرۆککۆمار ئەرکەکانى سەرۆکوەزیران بگرێتە دەست بەپێی ماددەى 81ى دەستور، یان پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و داواى هەڵبژاردنى پێشوەخت بکات بەپێی ماددەى 64ى دەستور. .