گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو کیت ـەی گەیشتووەتە هەرێم چییە و چۆن کۆرۆنا دەستنیشان دەکات؟

دواى گەیشتنى کۆرۆنا بە عێراق، هەرێم ئاستى ئامادەکارییەکانى بەرزدەکاتەوە

2020.02.24 - 18:46
دواى گەیشتنى کۆرۆنا بە عێراق، هەرێم ئاستى ئامادەکارییەکانى بەرزدەکاتەوە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح     هەرێمى کوردستان ئاستى ئامادەکارییەکانى بۆ ڕوبەڕوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەرزکردووەتەوە، دواى تۆمارکردنى یەکەم حاڵەتى توشبوون بەو ڤایرۆسە لە عێراق و تۆمارکردنى حاڵەتى توشبوون و گیانلەدەستدانى زیاتر لە ئێران. . ڕێوشوێنە نوێیەکان خۆیان دەبیننەوە لە داخستنى تەواوى سنورەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئێران، پشکنینى ئەو کەسانەى کە گومانیان لێدەکرێت هەڵگرى ڤایرۆسەکە بن. . پشکنینەکە بە ئامێرێکى تایبەت دەکرێت کە تایبەتە بە ڤایرۆسى کۆرۆنا و دەستنیشانکردنى ئەو کەسانەى توشبووى ڤایرۆسەکەن، لەکاتێکدا پێشتر بە هاوکارى عێراق ئەو جۆرە پشکنینە دەکرا. . تۆمارکردنى یەکەم حاڵەت لە عێراق بۆ هەرێم چى دەگەیەنێت؟ تۆمارکردنى یەکەم حاڵەت لە نەجەف پێدەچێت ماناى نزیکبونەوەى زیاترى مەترسی گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ هەرێم دەربخات، بەڵام هێشتا هەرێم هیچ رێوشوێنێکى نوێی لە بازگاکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگرتووەتەبەر، کە ڕۆژانە لە رێگەیەوە خەڵک لەناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە دێنە هەرێم. . محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەناس کوردی ڕاگەیاند "ڕاگەیاندنی یەک حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق نابێتە هۆکاری ئەوەی لە ئێستادا ڕێکاری تووند لە بازەگەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێتە بەر". . وتیشی، "جگە لە دەروازە سنورییەکان هیچ ڕێکارێکی تەندروستی توند لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئێستادا نەگیراوەتە بەر، بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوانیش تەنها هۆکار نییە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری تەندروستی تووند". . ڕوونیشکردەوە، هەر کاتێک زانیان حاڵەتەکە لە عێراق مەترسیدارە، ئەوکات ڕێکاری تایبەت لە بازگەکانی نێوان هەرێم و عێراق دەگرنە بەر. . ئەو کەسەى کە لە نەجەف توشى ڤایرۆسەکە بووە، ماوەیەک لەمەوبەر و پێش قەدەغەکردنى هاتوچۆ لەگەڵ ئێران، گەڕاوەتەوە نەجەف، 10 کەسی دیکەشى لەگەڵدا بووە کە خراونەتە ژێر چاودێرى وردەوە. .  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم وتى "چەند پێوەرێک هەیە بۆ ئەوەی ئێمە دەستبکەین بە ئەنجامدانی ڕێکاری  تووند لەبازەگەکانی نێوان هەرێم و عێراق وەک دیاریکردنی ئەو شوێنەی کە ڕێژەی نەخۆشییەکەی تێدا بەرزە، ئایا ڤایرۆسەکە تاچەند توانای ئەوەی هەیە لەو شۆێنەوە بگۆازرێتەو بۆ شارێکی دیکە و مامەڵەکردنی حکومەتی عێراقی لەگەڵ حاڵەتەکان". .  کیت چییە و چۆن توشبووى کۆرۆنا دەستنیشاندەکات؟ لەگەڵ گەیشتنى ڤایرۆسەکە بە عێراق و تۆمارکردنى یەکەم حاڵەت لە عێراق، ئامێری تایبەت بە پشکنین و دەستنیشانکردنى هەڵگرانى ڤایرۆسەکە گەیشتە هەرێمى کوردستان، کە پێشتر ئامێرى لەو شێوەیە لە هەرێم بوونى نەبوو. . ئامێرەکە ناوى (کیت)ە، کە لەرێگەى مادەیەکی کیمیاییەوە پشکنینەکە دەکات، کاتێک مادەکە کارلێک لەگەڵ مادەیەکی دیاریکراو دەکات ڕەنگەکەی دەگۆڕێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی ئەو مادەیەی کە بۆی دەگەڕێت. کیت جۆری زۆرە و هەریەکەیان بۆ مەبەست و دۆزینەوەی مادەیەکی دەستنیشانکراو بەکاردەهێنرێت. . ئامێرەکە لە ئێستادا لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی  بەردەستە و لەنێوان سێ بۆ پێنج کاتژمێر ئەنجامى پشکنینەکەى دەردەچێت، لەکاتێکدا پێشتر تەنها ئامێرێکی گەرمی پێوی تایبەت بۆ جیاکردنەوەی گومانلێکراوان بە نەخۆشییەکە  هەبوو. . سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەو ئامێرە لە تاقیگەى ناوەندى لە هەولێر و سلێمانى بوونى هەیە، لەکاتێکدا پێشتر بوونى نەبوو. . وتیشى "ئەو ئامێرە پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە گومانى توشبوونیان لێدەکرێت، مەرج نییە هەموو ئەوانەى لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە پشکنینان بۆ بکرێت، چونکە ئەوانە مەرج نییە نەخۆش بن". . لاى خۆیەوە وتەبێژى وەزارەتى تندروستى وتى "ئەو جۆرە پێداویستییە پزیشکیانە سنوردارن و لە هەموو شوێنکی جیهاندا نییە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا تەنها چوار تاقیگە لە و جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو".