گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستی ڕەتیدەکاتەوە

پەڕلەمانتارێکى ئێران: 50 کەس بەهۆى کۆرۆناوە مردوون.. دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە

2020.02.24 - 17:40
پەڕلەمانتارێکى ئێران: 50 کەس بەهۆى کۆرۆناوە مردوون.. دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە
ناس کورد- پەڕلەمانتارێکى ئێران کە خەڵکى شارى قومە ئاشکرایکرد، بارودۆخى تەندروستى شارەکەیان لەدۆخێکى خراپدایە و کۆنترۆڵکردنیشى لەژێر دەستى دەوڵەت دەرچووە و 50 کەس بەهۆى کۆرۆناوە مردوون، وەزارەتى تەندروستیش ڕەتیدەکاتەوە. . ئاژانسى هەواڵى ئێلناى ئێرانى بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەى ئەمڕۆ دوو شەممە، 24ى شوباتى 2020ى پەڕلەمانى ئێراندا ئەحمەد ئەمیر ئابادى فراهانیى پەڕلەمانتار و نوێنەرى شارى قوم لەو ئەنجومەنە ڕایگەیاندووە، بارودۆخى بڵاو بونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەباشیدا نییە و ڕێوشێوینەکانى دەوڵەتیش بۆ کۆنترۆڵکردنى ڤایرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە. . ئاماژەى بەوەشکردووە، لەئێستادا پەرستاران و کارمەندانى نەخۆشخانەى شارەکە جل و بەرگ و کەلوپەلى پێویستى پزیشکیان لەبەردەستتدا نییە، ئەمەش وایکردووە بەترس و دڵەڕاوکێوە چاودێرى نەخۆشەکان بکەن. . بەوتەى ئەمیر ئابادى، کێشە و گیروگرفتى زۆر ڕوبەڕووى کارمەندان و پەرستارانى نەخۆشخانەکانى قوم بووەتەوە و توانایەکى کەم لەبەردەستدایە بەتایبەتى تاقیگەى پێویست بۆ حاڵەتە کتوپڕەکان کەمن. . ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ڕۆژانە 10 کەس بەهۆى ڤایرۆسەکەوە لەناو دەچن و دەمرن و تا دوێنێ شەو نزیکەى 50 کەس بەهۆى توشبوون بەڤایرۆسەکەوە مردوون و وەزیرى تەندروستى لەو پرسەدا کەمتەرخەمە. . پەڕلەمانتارەکەى شارى قوم باسى لەوەشکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 250 کەس خراوانەتە ژێر دۆخى گلدانەوەى زۆرەملێوە، لەقوم شوێنى پێویست نییە بۆ ئەو مەبەستە و خەڵکیش بەئاسانى ناتوانێت دەستى ڕابگاتە دەستکەوتنى دەمامک لە دەرمانخانەکاندا. . ئەمیر ئابادى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، هیچ کەسێک لەخەڵکى بۆ ڕیگریکردن لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە و دورکەوتنەوە لەقەرەباڵغى کێشەیان لەگەڵ داخستنى دەوام و شوینە ئاینیەکاندا نیە بەڵام تا ئێستاش ئەوە نەکراوە. . ڕەخنە لەوەش دەگرێت لەماوەى 48 کاتژمێرى ڕابردودا تیمێکى چوار کەسى پسپۆڕى سیییەکان هاتونەتە نەخۆشخانەى شارەکە بەڵام شەوانە قوم بەجێدەهێڵن و تیایدا نامێننەوە. . لەکاردانەوەیەکیشدا بەرامبەر قسەکانى ئەو پەڕلەمانتارە، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئێران زانیارییەکانى ناوبراوى ڕەتکردەوە و مردنى 50 کەسیش لەقووم بەکۆرۆنا بەدرۆ خستەوە. . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئێران ئاماژەى بەوەکردووە، بەپشتبەستن بەبڕیارى دەوڵەت و ئەنجومەنى ئاسایش هیچ کەسێک مافى بڵاو کردنەوەى هەواڵ و زانیارى لەو شێوەیەى نییە و ئەوان چاودێرى دۆخەکە دەکەن وحاڵەتەکان دەپشکنن، نە ئەو پەڕلەمانتارە و نەهیچ کەسێکى تر مافى ئەوەیان نیە ئەو زانیارییانە بەدەستبخەن . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئێران باسى لەوەشکردووە، ئێستا کاتى کێبڕکێ سیاسیەکان نییە و ناکرێت لایەنەکان کۆرۆنا بکەنە پرسیکى سیاسى، دەبێت پێکەوە و دەستلە ناو دەست ڕوبەڕووى بارودۆخەکە ببنەوە. . هاوکات، حوسێن سەلامى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسدارارنى ئێران لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرى تەندروستى وڵاتەکەى ئامادەیی سوپاى پاسدارانى بۆ هەر جۆرە هاریکاریی و ڕێوشوێنێکى روبەڕووبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەربڕى.