گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە زۆرینەى ئەو ئاهەنگانەى لەوڵاتانی تر ئەنجامیداوە گرانترە

نرخى بلیتى ئاهەنگەکەى ئەلیسا لە هەولێر مشتومڕ دروستدەکات

2020.02.23 - 22:19
نرخى بلیتى ئاهەنگەکەى ئەلیسا لە هەولێر مشتومڕ دروستدەکات
ناس کورد-   نرخى بلیتى ئاهانگە چاوەڕوانکراوەکەى هونەرمەندى لوبنانى ئەلیسا لە هەولێر مشتومڕ و کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت کە نرخەکە زیاترە لەزۆربەى ئەو ئاهەنگانەى لە وڵاتانى دیکە پێشتر ئەنجامیداوە. . بڕیارە هونەرمەندى ناسراوى لوبنانى  ئەلیسا رۆژى 2020/3/20 بێتە شارى هەولێر و لە هۆڵى (گالاکسى) لە ناوچەى عەینکاوەى ئەو شارە ئاهەنگێک ساز بکات، چالاکوانانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس لەوە دەکەن، هەرچەندە لەچاو زۆرینەى وڵاتانى عەرەبیدا خەڵکى عێراق هەژارە بەڵام بلیتى ئاهەنگەکەى ئەلیسا لە زۆرینەى ئەو ئاهەنگانەى لەو وڵاتانە ئەنجامیداوە گرانترە. . لە بارەى ئاهەنگەکە و نرخى بلیتەکان ناس کورد پەیوەندیکرد بە ئیدارەى هۆڵى گالاکسیەوە و ئاماژەیان بەوەدا، بلیتى ئاهەنگەکە لە 250 دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەرزترین نرخیش 500 دۆلارە، تائێستا 201 بلیت فرۆشراوە و بەردەوامیشن لە فڕۆشتنى. . لەهەرێمى کوردستان ساڵانە سەدان هونەرمەندى عەرەب بانگهێشتى بۆنە جۆراوجۆرەکان دەکرێن بۆ سازکردنى کۆنسێرت و ئاهەنگى تایبەت، نرخەکان هیچ چاودێرییەکى حکومیان لەسەر نییە و بەپێی ڕێککەوتنى نێوان هونەرمەندەکە و لایەنى بانگهێشتکار دیاریدەکرێت. . ئەلیسا لەهەژمارى خۆى لە تویتەر پۆستەرى تایبەت بە ئاهەنگەکەى بڵاوکردووەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خەڵکێکى زۆر ڕەخنەیان لێگرتووە لەسەر ئەوەى نرخى بلیتەکانى گرانن. . سیروان تۆفیق بەڕێوەبەرى گشتى دەستەى گەشتوگوزار بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو بابەتە لە دوور و نزیک هیچ  پەیوەندى بە حکومەتەوە نییەو کۆمپانیایە و بازرگانى دەکات، بۆیە خۆى بلیت بە چەند دەفرۆشێت ئەوە پەیوەندى بە خۆیەوە هەیە و خەڵک بە دڵى بوو دەچێت و بەدڵى نەبوو ناچێت". . بەپێی بەدواداچونى ناس کورد، بۆ نرخى بلیتەکانى ئەو هونەرمەندە لە چەند وڵاتێکى تر، لە ئاهەنگێکى هاوشێوەدا لە لوبنان لە ڕۆژى 2017/8/3 نرخى بلیتەکەى 119 دۆلار بووە، هەروەها لە بەروارى 2019/12/13 ئاهەنگێکى لە هۆڵى ئۆپرا لە زانکۆى زانست و تەکنەلۆژى ئەنجام داوە و نرخى بلیتەکەى لەنێوان 115 دۆلار بۆ 212 دۆلاردا بووە. . پێش ئەلیسا چەندین هونەرمەندى دیکەى ناسراوى عەرەب هاتونەتە هەرێم و کۆنسێرتیان کردووە، لەوانە نانسى عەجرەم هونەرمەندى لوبنانى کە  لە 2011/12/6 لەشارى هەولێر و لە هەمان هۆڵ (هۆڵى گالاکسى) ئاهەنگێکى ئەنجام داو نرخى بلیتەکان (75 دۆلار و 150 دۆلار و 250 دۆلار) بوون. .