گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کونسوڵگەری بۆ ناس کورد دەدوێت

کونسوڵگەرى ئێران لە سلێمانى: بڕیارى قەدەغەکردنى هاتوچۆى هاوڵاتییان بۆ هەرێم نەدراوە

2020.02.22 - 12:59
کونسوڵگەرى ئێران لە سلێمانى: بڕیارى قەدەغەکردنى هاتوچۆى هاوڵاتییان بۆ هەرێم نەدراوە
ناس کورد-   تا ئێستا کۆمارى ئیسلامى ئێران بڕیارى قەدەغەکردنى گەشتى هاوڵاتیانى بۆ ناو هەرێم نەداوە بەمەبەستى ڕێگریکردن لە گواستنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کە ئەو وڵاتەى گرتووەتەوە. . ئەمڕۆ شەممە 22ى شوباتى 2020، بەشى پەیوەندییەکانى کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەشارى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند"تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنى هاتوچۆ لەهاوڵاتیانى ئێران بۆ ناو هەرێمى کوردستان نەدراوە، ئەوەى کە بڕیارەکە دراوە پێچەوانەیە و عێراق بڕیارى داوە". . وتیشى "ئێستا چاوەڕوانى کۆتایى هاتنى ئەو چەند سێ ڕۆژە دەکرێت کە عێراق ڕایگەیاندووە بۆ قەدەغە کردنى هاتوچۆ، بۆ مامەڵەکردنى بڕیارەکەى هەرێمیش بۆ قەدەغەى گەشتیاران دەکرێت لەسەر ئاستى باڵا دانیشتن بکرێت بۆ ئەوەى ڕێکارەکان و چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵیدا و چۆنیەتى ڕێکخستنى کاروبارى هاوڵاتیان یەکلایى بکرێتەوە". . دواى مردنى دوو هاوڵاتى ئێرانى لەشارى قوم بەهۆى توشبوون بەڤایرۆسى کۆرۆنا و تۆمار کردنى چەند حاڵەتێکى ترى نەخۆشییەکە، وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا هاتن و چوون لە خاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئێران قەدەغە بکات، جگە لەهاتن و چوونى شاندى دیپلۆماتکاران کە پشکنینى تەواویان لەخاڵە سنورییەکانەوە بۆ دەکرێت. . هەروەها حکومەتى عێراق بڕیاریداوە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ گەشتى هاوڵاتیان و گەشتى پێچەوانەش قەدەغە بکات. . هەرێمى کوردستان و ئێران چەند دەروازەیەکى نێودەوڵەتى و دەیان دەروازەى نافەرمى پێکەوە دەیان بەستێتەوە، جگە لە گەشتى ئاسمانى لەنێوانیاندا، لە ئێستاشدا هاتوچۆ لەتەواوى ئەو دەروازانە وەستێنراوە. . بەپێى بڕیارەکانى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و ناوخۆى هەرێم، پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی بۆ ناو هەرێم تاکاتێکی نادیار راگیراوە، ئەوانەشی نشینگەی هەرێمیان هەیە ڕێگەیان پێ نادرێت بێنەناو هەرێمەوە جگە لەشاند و دیپلۆماتکاران کە پشکنینی تەواویان بۆ بکرێت. . هەروەها بریاردراوە بە قەدەغەکردنی هاتنەژوورەوەی ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی کە لەبەرواری ۲۰۲۰/۲/٥ سەردانی ئێرانیان کردووە. ئەو هاوڵاتی یە عێراقیانەشی لەئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەر لەدەروازەکەدا بەووردی پشکنینیان بۆ دەکرێت لەلایەن تیمی تایبەتی تەندروستی بۆ دڵنیابوون لەتوشنەبونیان بەو ڤایرۆسە. لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار. . هەر بەپێى بڕیارەکان، تیمی تەندروستی تایبەت لەدەروازە پشکنینی تەواو ئەنجام دەدەن بۆ ئەو گەشتیارانەی دەگەنەوە خاکی هەرێم، پشکنینی بەردەوامیش ئەنجامدەدەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەدەروازەکەدا لەئەرکدان.