گه‌ڕان

Shadow Shadow

قوباد تاڵەبانی نێوەندگیری کردووە

نهێنی ڕێککەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆتا کاتژمێردا 

2020.02.18 - 20:55
نهێنی ڕێککەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆتا کاتژمێردا 
ناس کورد - شەهرام عەزیز سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، دواجار بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردران و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە دەڵێت، ئەمڕۆ کێشەکان چارەسەرکراون کە دوو خاڵی سەرەکی بوون.  . ناس کورد زانیویەتی قوباد تاڵەبانی و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە ڕێککەوتنی نێوان ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ و هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی و خاڵێکی سەرەکی ڕێککەوتنەکەش ئەوەیە پێنج کارگێڕی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕەفعەت عەبدوڵای تێدا دەبێت. . کێشەکان چی بوون؟  هەر لەگەڵ بڵابوونەوەی زانیاری لەبارەى بوونی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکانی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتی ناڕازیبوونی خۆی دەربڕی و داوایکرد کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە ڕابگیرێن و دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ چووە دەرەوەی وڵات. . ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت: "دوو کێشەی سەرەکی هەبوون، یەکێکیان دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتی بوو کە کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردایەتی دەکات، بەڵام تائێستا هیچ دەسەڵاتێک نەچەسپێندراوە و هێڵدراوەتەوە و دواتر گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەکەن، هەرکات دەسەڵاتەکان دیاریکرا دەخرێتە ناو پەیڕەوی ناوخۆوە". وتیشی، کێشەی دووەمیش پەیوەندی بە چۆنێتی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و هەروەها چۆنێتی بەڕێوەبردنی یەکێتی بوو کە کۆسرەت ڕەسوڵ بەوشێوە هاوسەرۆکایەتییە ڕازی نەدەبوو. . کێشەکان چۆن چارەسەرکران و کێ نێوەندگیر بوو؟ زوبێر عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنیی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی کاک کۆسرەت لە سەفەر گەڕایەوە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە نێوەندگیری هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، مستەفا چاوڕەش، خەسرەو گوڵ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ڕزگار عەلی گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون و ئەو کێشانەی هەبوون چارەسەر کراون". . ناس کورد زانیویەتی ئەو گفتۆگۆیانە تا بەیانی ئەمڕۆ بەردەوامبوون و زوبێر عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندوون: "کۆبوونەوەکە دەکرێت و کاک کۆسرەت بە بەڕێوەبردنی هاوسەرۆکی ڕازی بووە و هاوسەرۆکەکان هەڵدەبژێردرێن". . ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەی ئاشکراکرد: "بڕیاردراوە ئەنجومەنێکی کارگێڕیی پێنج کەسی هاوشێوەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پێشوو دروست بکرێت و ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕەفعەت عەبدوڵا دوو ئەندامی ئەنجومەنەکە بن". . هاوکات سەمیر هەورامی، بەرپرسی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی بۆ ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد، قوباد تاڵەبانی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە نێوەندگیری لەو پرسەدا کردووە و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی یەکێتی، بە بەردەوام لەم چەند ڕۆژەى کۆتاییدا سەرقاڵی ئەو نێوەندگیرییە بووە. . "کوڕ و برازایەکی مام جەلال و ڕەخنە لە بنەماڵەیی بوون" هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوی دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتیی ڕەخنەی ئەوە لەو حزبە دەگیرێت کە بەرەو حزبی بنەماڵە دەڕوات. لەوبارەیەوە زوبێر عوسمان باسی لەوەکرد: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر پارتیی دیموکراتی کوردستان بە حزبی بنەماڵە ناسراوە و لەدوای مەلا مستەفای ڕەحمەتی کاک مەسعودی کوڕی بوو بە سەرۆکی حزبەکە، سەبارەت بە یەکێتی 16 بازنەی جیاوازمان هەبووە، واتە ئەوانەی ئەو دوو هەڤاڵەیان هەڵبژاردووە هەموویان خزمی ماڵی مام جەلال نەبوون". . ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی یەکێکیان کوڕی جەلال تاڵەبانی و ئەوی دیکەیان برازایەتی، بەڵام هەردووکیان شایەنی ئەوەن و لێهاتوون، نەوەک بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەی تاڵەبانی و ماڵی جەلال تاڵەبانی بن هەڵبژێردرابن، بەپێجەوانەوە ئەوان لە ڕابردوودا ڕۆڵی باشیان بینی و لێهاتووی خۆیان سەلماند و بە هەڵبژاردنیش هەڵبژێردراون و بەزۆر نەسەپێندراون.