گه‌ڕان

Shadow Shadow

سەدر کڵاو شینەکانى هەڵوەشاندەوە

2020.02.11 - 21:04
سەدر کڵاو شینەکانى هەڵوەشاندەوە
ناس کورد- موقتەدا سەدر، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر هەڵوەشانەوەى کڵاوشینەکانى ڕاگەیاند، ئەوەش دواى ئەوەى لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا ئەو کڵاو شینانە کە سەر بە ڕەوتى سەدرن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بەیەکیاندادا و بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون. . سەدر لە هەژماری خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر بڵاویکردەوە: "گوێمان لە پەستانە حزبى و تاییفیەکان دەبێت بۆ پێکهێنانى حکومەت، ئەوەش دواى ئەوەی باوەڕنەبونمان پێى زیادى کردووە و ئەوەش دەبێتەهۆى ئەوەى خۆمانى لێ بێبەرى بکەین، تائێستاش ئێمە لەوانەین کە داواى چاکسازى دەکەین". . رونیشیکردوەتەوە: "وەک بیستومانە شۆڕش وردە وردە دەگەڕێتەوە سەر رێچکەى یەکەمى خۆى ئەوەش سەرەڕاى بوونى هەندێک تێکدەر و داواکارانى توندوتیژى، هیوام بە شۆڕشگێڕان هەیە کە کاردەکەن بۆ کۆتایى هێنان بەوانە ئەویش وردە وردەو لەسەرخۆ". . سەرۆکى رەوتى سەدر ئاشکراشیکردوە: "هەڵوەشانەوەى کڵاوشینەکان رادەگەیەنم و نابێت بەو ناونیشانەوە بچنە ناو خۆپیشاندانەکان، تەنها کاتێک دەتوانن بەشدارى بکەن کە ببنە بەشێک لە خۆپیشاندەران بەبێ ئەوەى باس لە لایەنگرى خۆیان بکەن". . سەبارەت بە پێکدادانەکانى خۆپیشاندەران و کڵاو شینەکان و کوشتن و بریندارکردنى چەندین خۆپیشاندەر لە مەیدانى سەدرەین لە نەجەف، سەدر ئاماژەی بەوەکردووە، تائێستاش چاوەڕێى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان دەکات بۆ ئەوەى بەپێى ئەوە هەڵسوکەوت بکات. . لەماوەى چەند رۆژى رابردوودا دواى راسپاردنى محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنگرانى سەدر کە بە کڵاوشینەکان ناسراون و پێشتر کاریان بۆ پاراستنى مەیدانەکانى خۆپیشاندانەکان دەکرد، ویستیان کۆتایى بە خۆپیشاندانەکان بهێنن و دەستیان کرد بە تێکدان و سوتانى خێوەتگەکان و کردنەوەى رێگە داخراوەکان، بەهۆى ئەوەشەوە پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و ئەو کڵاوشینانە دروستبوو کە تێیدا هەشت خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 100ى دیکە برینداربوون، خۆپیشاندەرانیش موقتەدا سەدریان بە ناپاکى لە خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کرد.