گه‌ڕان

Shadow Shadow

دیوە شاراوەکانى پشت ڤایرۆسى کۆرۆنا.. ئەوەى لەسەر کۆرۆنا نەتبیستوە

2020.02.10 - 11:55
دیوە شاراوەکانى پشت ڤایرۆسى کۆرۆنا.. ئەوەى لەسەر کۆرۆنا نەتبیستوە
ناس كورد- شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن ڤایرۆسى کۆرۆنا گەیشتوەتە ترۆپک و  ماوەى 2 هەفتەى داهاتوو خراپترین شەپۆلى بڵاوبونەوەى ئەو ڤایرۆسە دەبێت، لەلایەکى تریشەوە دەزگا راگەیاندنەکانى روسیا پێیان وایە کۆرۆنا پلانگێڕییەکى خۆرئاوایە بەتایبەتى ئەمریکا و ئەو بابەتەش بوەتە قسەوباسى سەرەکى راگەیاندنەکانى ئەو وڵاتە. . ئاژانسى بلومبێرگى ئەمریکى لەزارى شارەزایانى ژینگەوە بڵاویکردەوە، ڤایرۆسى کۆرۆنا لەنێوان ناوەڕاستى مانگى 2 بۆ كۆتاییەکەى دەگاتە ترۆپک و ئادەم کوشارسکى، مامۆستاى زانستى ژینگە لە کۆلێژى تەندروستی شاری لەندەن دەڵێت "لەناوەڕاستى مانگى دوو تا کۆتایى هەمان مانگ ڤایرۆسى کۆرۆنا دەگاتە ترۆپک، ئەوەش بەپێى ئەو شیکاریە بیرکاریانەى کە  کۆلێژەکە بۆ داینامیتى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە کراوە". . لەلایەکى ترەوە "بنیامین کاولینگ" سەرۆکى بەشى زانستى ژینگەناسى لەزانکۆى هۆنگ کۆن وتویەتى: دوو هەفتەى داهاتوو زۆر گرنگە بۆ تیگەیشتن لەوەى کە چى رودەدات تایبەت بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، لەو ماوەیەدا دەزانین کە ڤایرۆسەکە لەناوچەى تر بڵاوبوەتەوە یاخود نا، یان بەهۆى رێوشوێنەکانەوە ئەوەمان تێپەڕاندوە کە ببێتە پەتایەکى جیهانى. . ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر رێکخراوى تەندروستى جیهانى ئاشکرایکرد، لەماوەى چەند رۆژى رابردودا بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە هێوربوەتەوەو رێژەى توشبون کەمیکردوە، ئەوەش هەواڵیکى دڵخۆشکەرە بو بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو ڤایرۆسە. . بەوتەى ئادەم کوشارسکى پێشبینى ئەوە دەکرێت بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە بۆ %5 بەرز ببێتەوە، ئەوەش بەگوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كان لەسەر کەسانى توشبوو لە ووهان، شارەزایانیش پێیان وایە، رێژەى %5 واتاى ئەوەیە کە 500 هەزار کەس توشى ئەو ڤایرۆسە دەبن، ئەو کەسانەش بەشێکن لەو 10 ملیۆن کەسەى کە مەترسى توشبونیان لێدەکرێت، ئەو شارەزایانە پێشیان وایە لەنێو توشبواندا تەنها %1یان مەترسى گیان لەدەستدانیان لەسەرە. . لەلایەکى ترەوە جیاواز لە بڵاوبونەوەى ڤیرۆسەکە و ژمارەى قوربانیان، کەناڵەکانى راگەیاندنى روسیا دەستیان کردوە بە تۆمەتبارکردنى خۆرئاوا بەتایبەتى ئەمریکا و ئەو وڵاتە بە پلانگێڕى و بڵاوکردنەوەى ڤایرۆسەکە تۆمەتبار دەکەن. . ئەو بابەتە بوەتە بابەتى سەرەکى میدیا روسیەکان و چەندین بەرنامەی لەسەر دەکرێت، هەموشیان تەرکیز لەسەر یەک خاڵ دەکەنەوە، ئەویش ئەوەیە کە نوخبەى سیاسى خۆرئاوا بەتایبەتى ئەمریکا لەپشت بڵاوبونەوەى ئەو ڤایرۆسەوەن. . کارەکە هەر بە کەناڵە تایبەت و ئەهلیەکانەوە نەوەستاوە تەنانەت کەناڵى فەرمى حکومەتیش کە یەکێکە لە دیارترین کەناڵەکانى روسیا بڕگەیەکى تایبەت و جێگرى بە پلانگێڕى خۆرئاوا دەربارەى بڵاوکردنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا داناوە کە بەرنامەیەکى هەواڵییە و ئێواران پێشکەش دەکرێت. . بەرنامەکە شێوەى گاڵتەئامێزە بەڵام ئەوە لاى بینەران جێدەهێڵێت کە بەشێک لەڕاستیشى تێدایە و دەڵێت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا بەشێوەیەک لەشێوەکان دەستى لەبڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکەدا هەیە. . لەیەکێک لەبڕگەکاندا تایبەت بەو بابەتە بێژەرى کەناڵەکە بەگاڵتە ئامێزەوە دەڵێت "ترامپ وا فێر بوە لە پێشبڕکێى شاجوانەکاندا خۆى تاجەکە بداتە دەستى شاجوان، کۆرۆناش شێوەیەکى تاجى تێدایە"، لە زنجیرەیەکى ترى بەرنامەکەیدا دەڵێت "لەوانەیە بڵێیت ئەمانە هەموى تڕوهاتن، منیش هاوڕام لەگەڵتا، ئەگەر پەیامنێرەکەمان ئەمەى نەوتایە کە لەم راپۆرتەدا هاتوە". . لەراپۆرتەکەدا بەناوى "چەکى بایەلۆجى رەگەزیى" ئاماژە بەوە دراوە، شارەزایەک دەڵێت کە ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ لە تاقیگەدا دروستکراوە و هەواڵگرى ئەمریکى و کۆمپانیا گەورەکانى دەرمان لەپشت ئەو بابەتەوەن، هەروەها راپۆرتەکە ئەو نوسراو و بڵاوکراوانەش پیشان دەدات کە پێشتر حکومەتى روسى بڵاویکردبوەوە و تێیاندا ئاماژە بەوە درابوو کە ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا تاقیگەیەک لە جۆرجیا بەڕێوە دەبات کە تێیدا چەکى بایەلۆجى لەسەر مرۆڤ تاقیدەکەنەوە، دواتریش لە راپۆرتەکەدا پەیامنێرەکە باس لەو پلانگێڕیانە دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبونەتەوە و رونیده‌كاته‌وه‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا تەنها ئاسیاییەکان دەکاتە ئامانج و چەکێکى بایەلۆجى رەگەزییە. . لەکۆتایى راپۆرتەکەشدا پەیامنێرەکە دەڵێت، بەدڵنیاییەوە هیچ بەڵگەیەک نییە ئەم پڕوپاگەندانە بسەلمێنێت، بەڵام شارەزایانیش هیچ ئەگەرێک رەتناکەنەوە. . تەلەفزیۆنى فەرمى روسیا  بەرنامەیەکى ترى تایبەت کردوە بە کۆرۆناو ناوى لێناوە "کات دەریدەخات" کە بەرنامەیەکى گفتوگۆى سیاسیەو بە ئازادیەکى زۆرتر باسى بابەتەکانى تێدا دەکرێت، بەرنامەکە باس لە نهێنى پلانگێڕیەکانى خۆرئاوا دەکات بەتایبەتى رۆڵى دامەزراوە و کۆمپانیاکانى دەرمانى ئەمریکا بۆ دروستکردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا یان لانیکەم بڵاوکردنەوەى ترس و تۆقاندن لەو بارەیەوە، بەرنامەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئامانجى ئەم کارە بەدەستهێنانى قازانجێکى زۆرە لەلایەن کۆمپانیاکانى دەرمانەوە ئەویش لەو ڤاکسینەى کە دروست دەکرێت، یاخود دامەزراوەکانى ئەمریکا دەیانەوێت ئابورى چین لاواز بکەن و دواتر لەروى جیۆسیاسیەوە رکابەرەکانیان لاواز بکەن. . بەپێى راپۆرتێکى کەناڵى BBC بەریتانى، ترس لە ڤایرۆسى کۆرۆنا بەرپرسانى روسیاشى گرتوەتەوەو گەشتەکان بۆ چین راگیراون و ئەو هاووڵاتییه‌ روسیانەى لە چینن و دەگەڕێنەوە جیادەکرێنەوە، تەنانەت کڵێساکانى مۆسکۆ نوێژى دەربازبون لە ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکەن. . بەگوێره‌ی راپۆرتەکە ئەو ترسە رێگەى خۆى بۆ سەرەوەى هەڕەمى سیاسى ئەو وڵاتە کردوەتەوە، بەپێى زانیاریەکانى گۆڤارى فیدۆمۆستى، لە کرملن هەر کەس لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکى ئەو وڵاتە کۆببێتەوە لەپێشدا پشکنینى پلەى گەرمى بۆ دەکرێت، ئەوەش لەلایەن دیمترى بیسکۆف سەرۆکى پەرلەمانى ئەو وڵاتەوە تەئکید کراوەتەوە و وتویەتى "ئەو کارە ڕێگەیەکى خۆپاراستنە". .