گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئەگەرەکانی چارەنوسی ئیدلیب و کوردانی ڕۆژئاوا

2020.02.08 - 19:48
ئەگەرەکانی چارەنوسی ئیدلیب و کوردانی ڕۆژئاوا
ناس کورد- ئالان م. نوری سوپای سوریا بە یاریدەی ڕوسیا و هێزە چەکدارە هەوادارەکانی ئێران لە دواترین ئۆپەراسیۆنیاندا شاری ستراتیجیی (سەراقیب) ی خۆرهەڵاتی ئیدلیبیان کۆنترۆڵ کرد. بەم شێوەیە دووڕیانی ڕێگا نێودەوڵەتییەکانی M4 و M5 کەوتە ژێر کۆنترۆڵیانەوە. . پێدەچێت ئامانجی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکان لە قۆڵی سەراقیبەوە بە تەواوی کۆنترۆڵکردنی M5 بێت کە پاتەختی ئابووریی سوریا (حەلەب) بە پایتەختی ئیداری (دیمەشق) بۆ یەکەمین جار دوای چەندین ساڵ لە شەری ناوخۆیی ببەستێتەوە. لە ئێستاشدا ڕوەو خۆرئاوا، هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری ئیدلیب لەم ئۆپەراسیۆنەدا کۆنترۆڵ کراوە. . پێشتریش لە درێژەی هێرشەکەدا، شاری (مەعەڕڕەت ئەلنوعمان) و ناوچەکانی دەوروبەری کە پێگەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی جۆراوجۆری هەواداری تورکیا بوو کۆنترۆڵ کرا و چەندین خاڵی پشکنینی سەربازیی تورکی کە لەو ناوچەیە دانرابوون کەوتنە ناو ناوچەکانی کۆنترۆڵی حکومەتی سورییەوە. . شایانی باسە ئەو خاڵە چاودێرییە سەربازییانەى تورکیا و خاڵەکانی ڕوسیاش کە لە بەرامبەریان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وڵاتدا دانران بۆ هێورکردنەوەی بارگرژی لە ناوچەکانی ئیدلیب. ئەم ڕێککەوتنە (هیئة تحریر الشام) کە دەرهاوێشتەی ڕێکخراوی (جبهة النصرة)یە ناگرێتەوە بەو پێیەی ئەم ڕێکخراوە بە میراتگری ڕێکخراوی قاعیدە دادەنرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسرێت، بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع، هێزە چەکدارەکانی ئەم ڕێکخراوە بڕبڕەی پشتی ئەو هێزانەن کە ناوچەی ئیدلیبیان کۆنترۆڵ کردووە و لە هەموو بەرەکاندا شەڕکەری سەرەکین. . سوریا و ڕوسیا پابەندنەبوونی نوسرە بە ئاگربەست و پابەندنەبوونی خۆیان بە هێرش نەکردنەسەریان لە ئاگربەستەکەدا کردە بەهانە بۆ سازدانی ئۆپەراسیۆنەکەیان. . خێرایی ڕوخانی ورەی چەکدارەکانی ئیدلیب و کەوتنە ژێر مەترسیی خاڵە چاودێرییەکانی سوپای تورکیا و کوژرانی هەندێک سەربازیان بوو بە مایەی نیگەرانیی تورکیا، ئێستا ئەنقەرە سەرقاڵی ناردنی هێزێکی سەربازیی گەورەیە بۆ ناوچەکە و هەڕەشەی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوریادا دەکات. . لە پاڵ ئەم فشارە تازەیەشدا لە دانوستاندایە لەگەڵ ڕوسیادا بۆ ڕێکخستنی ئاگربەستێکی نوێ، لە هەمان کاتدا پێشرەویەکانی سوپای سوریا، بە یارمەتی ڕوسیا، بەردەوامن. . شەڕ لەگەڵ سوریا یان ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ڕوسیا؟ هەڵگیرساندنی شەڕی ڕاستەوخۆی تورکیا لە دژی سوریا لە مەودای کورت و مامناوەندیدا، ئەگەرێکی ئەستەمە چونکە شەڕێکی لەو جۆرە دەبێت بە شەڕ لەگەڵ ڕوسیاشدا، ئەوەش لە چوارچێوەی تێڕوانینی ئەردۆغاندایە، لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی و حیزبەکەی و بەرژەوەندیی باڵای تورکیادا نییە. کەواتە لە مەودای کورت و مامناوەندیدا هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی ئیدلیبدا تەنها توانای خۆپاراستن و پڕچەککردنی هێزە نەیارەکانی سوریایان هەیە، ئەمەش بەو هیوایەی کە بتوانن پێشەنگییەکانی سوریا ڕاگرن. . لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیش، تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی تراژیدیای کۆڕەوی هاوڵاتیانی سیڤیلی ئیدلیب و، ترسی لە بنەڕەتدا ڕەگەزپەرستیانەی وڵاتانی ئەوروپا لەو کۆڕەوە، بۆ دروستکردنی فشارێکی نێودەوڵەتی تا سوریا ناچاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی بکرێت. لە هەمان کاتدا، هەروەک پێشتر، چاوەڕوانکراوە کە ڕوسیا لەم دانوستانە تازەیەیدا، سەرلەنوێ داوای کەنارخستنی ڕێکخراوی نوسرە بکات و ئەمەش بە تورکیا نەیەتە دی. . بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ئاگربەستی نوێش، لە نێوان تورکیا و ڕوسیا، ڕابگەیەنرێت ئەوا چانسی پراکتیکی جێبەجێکردنی نییە و داهاتووی ئیدلیب بەندە بە ڕادەی خۆڕاگریی چەکدارانی نوسرە بەرامبەر هێرشەکان. ئەگەری واقیعیش ئەوەیە کە لە ئیدلیب بەرگە ناگرن و ئەوەی لێیان بمێنێتەوە بەرەو عەفرین بڕۆن، یان بە ناو خاکی تورکیادا بگوێزرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی باکووری سوریا (ڕۆژئاوا) کە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادان. واتە بۆ ناوچەکانی سەرێکانی و دەوروبەری تا دەگاتە درێژایی هێڵی M4 لە نێوان تەل تەمر و عەین عیسا. ئەمەش مانای وایە کە دەچنە ئەو ناوچانەی بە شێوەیەکی فەرمی، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، تورکیا وەک هێزێکی داگیرکاری ڕاستەوخۆ لێیان بەرپرسیارە. . لێرەوە باس دێتە سەر ئەگەرەکانی بەردەم هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارە سیڤیلە خۆسەرییەکانی یەپەگە و هاوپەیمانانیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتدا کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵیاندا ماون: . یەکەم: پێش هەموو شتێک، بەبۆنەی ڕێککەوتنی تورکیا و ڕوسیا لە دوای داگیرکردنی سەرێکانی و ناوچەکانی دەوروبەری، ئەو سنورە تا ڕادەیەک جێگیر بووە و ئەگەری چوونە دەرەوەی تورکیا بەندە بە چارەنووسی ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە گشت سوریادا. ئەگەری هاتنی هێزەکانی نوسرە بۆ ناوچەکە و خۆجیاکرنەوەیان لە تورکیا و کارکردنی سەربەخۆیان بۆ هەژاندنی سنوورەکان لەو ناوچەیەدا لە ئارادایە. ئەزموونی ڕابوردوویش ئەوە دەسەلمێنێت کە هێزەکانی ئەمریکا، تا ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بێت، ئەوا تا خۆیان یان ناوچە نەوتییەکانی دەیرزو نەکەونە مەترسییەوە، ئامادەی شەڕ نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی نوسرە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە ئەگەری ئەم شەڕەدا تەنها دەتوانن پشت بە ڕوسیا و وەکالەتی ڕوسیا بۆ ڕژێمی سوریا ببەستن. . دووەم: جگە لە ناوچە بە فەرمی کۆنتڕۆڵکراوەکان لە لایەن تورکیاوە، ناوچەیەکی بیابانی خوارووی پارێزگای حیمص، کە بە سنوری ئوردون و عێراقەوەیە ماوە و تەنها گرنگیی ئەوەیە کە بریتییە لە قووڵایی ستراتیژیی پاشماوەکانی داعش کە لە ناوچەی بیابانی تەدمور چالاکن، ناوچەیەکی دیکە نامێنێت لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ڕژێمی سووری جگە لە خۆرهەڵاتی فورات، واتە ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان یەپەگەیە. یەکلایی کردنەوەی بارودۆخی ئەم ناوچەیە، پێدەچێت ئامانجی داهاتووی سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانی بێت. بۆ لێکۆڵینەوەی ئەگەرەکانی ئەمەش ئەم زانیارییانەی خوارەوە دەبێت ڕەچاو بکرێن: - دەستگرتنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی بەو شێوەیەی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی پێدەکات، بەسەر نەوتی خۆرهەڵاتی فوراتدا، لە سیستەمی یاسایی ئەمریکا خۆیدا بە تاوانی جەنگ لە قەڵەم دەدرێت و، بەردەوام بوونیشی بەندە بە خۆخەڵەتاندن و ملکەچیی ڕێژەی پێویست لە ئەندامانی حیزبەکەی لە کۆنگرس لە لایەک و کەڵەکەبوونی پێشێلکارییەکانی ترەمپ بەرامبەر بە یاسا لە ئەمریکادا بە جۆرێک کە ڕای گشتی نەیپەرژێت خەمی باری یاسایی  بیرە نەوتییەکانی  سوریا بخۆن، ئەگەر لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەمساڵی ئەمریکادا دیموکراتەکان بیبەنەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بیرە نەوتەکانی سوریا 180 پلە بگۆڕدرێت. . - ترەمپ هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەستووەتەوە تەنها بەو بیرە نەوتانەوە، دەنا باس لە کشاندنەوەی هێز و سەرلەنوێ دامەزراندمەوەی لە گشت خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. دیموکراتەکان کە لە سەردەمی ئۆبامادا بە دەست پێکهاتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاوە دۆش دامابوون و پێیان وابوو شەریکێکی ڕاستەقینەیان لە سوریادا نییە، گەر بێنەوە سەر حوکم، ڕایان باشتر نابێت و پێدەچێت هانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بدەن کە بەرەو جۆرێک لە ئاشتەوایی لەگەڵ ڕژێمی سوریادا بڕۆن. . - سەرەڕای ئەوەی لە ڕابوردوودا یەپەگە نەرمییەکی زۆری بەرامبەر بە ڕژێمی سوریا نواندووە و لە ڕێگەی ئیدارە خۆسەرییەکانی (بە هەموو کەموکوڕییەکیانەوە) وەک نەیارێکی سیاسیی عەقلانی خۆیان ناساندووە، بەڵام  تێگلانیان لە دۆسیەی نەوت و پاراستنی ڕۆڵی ئەمریکا لەو دۆسێیەدا، زیانێکی گەورەی بەو خۆناساندنە گەیاندووە. . - لە بەرامبەر ئەمەشدا هەڵوێستی دژە دیموکراسی و نا مەنتیقیی ڕژێمی سوری بەرامبەر داوا سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی خۆرهەڵاتی فورات لە سوریا قابیلی بەردەوام بوون نییە، بە تایبەتی ئەگەر مەسرەفی دارایی و سەربازی و سیاسیی ئەو هەڵوێستە لە ئەستۆی ڕوسیا بێت. . لەبەر هەموو ئەمانەی سەرەوە، پێدەچێت ئەگەر هەریەک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕژێمی سوری دەرهاوێشتەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدلیب بە هەڵە نەخوێننەوە، ئەوا دەرفەتێکی سیاسیی هەڵکەوتووە بۆ دانوستان لەسەر شێوازی گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوریا بۆ خۆرهەڵاتی فورات. یەپەگە و ئیدارەی سیڤیلی خۆسەرییەکان لە بەردەم دووڕێیانێکی گرنگدان. ڕۆژانی داهاتوو سەنگی مەحەکە بۆ لێهاتوویی سیاسییان.