گه‌ڕان

Shadow Shadow

محەمەد عەلاوی ناپاکی لەگەڵ سەدر کردووە؟

سەدر دەیەوێت عەلاوی بە دەردی عەبدولمەهدی ببات و خۆپیشاندەران ئاشت بکاتەوە

2020.02.08 - 15:12
سەدر دەیەوێت عەلاوی بە دەردی عەبدولمەهدی ببات و خۆپیشاندەران ئاشت بکاتەوە
ناس کورد- جارێکى تر گۆڕانێکى خێرا لە سیاسەت و بۆچوونەکانى لایەنگرانی سەدردا ڕویدا و هەنگاوەکانى ئێستاى سەدر و سەرکردەکانى ڕەوتەکەى بەرەو ئاڕاستەى ئاشتکردنەوەى شەقام و دژایەتیکردنى دەسەڵاتداران و کەوتنى کاندیدە نوێیەکەیە بۆ سەرۆکى حکومەتى نوێ. . بەرێوەبەرى نوسینگەى سەدر بە ناس کوردی وت، ڕەوتى سەدر و خۆپیشاندەرانى بەغدا ڕێککەوتن و لە پەرلەماندا دەنگیش بە عەلاوی نادەن. . هاوکات بەگوێرەى سەرچاوەکانى نزیک لەو ڕەوتەش ، عەلاوى "لە سنورى خۆى دەرچووە بێ پرس و ڕاوێژ بە سەدر لەگەڵ خۆپیشاندەراندا ڕێکەوتووە، بەلاى چاودێرانیشەوە، گومان لەم پێشهاتە نوێیەى جموجۆڵەکانى سەدر و عەلاویش دەکرێت. . ئیبراهیم جابرى، بەڕێوەبەرى نوسینگەى موقتەدا سەدر تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند، "کۆبوونەوەکەى نوێنەرى سەدر لەگەڵ خۆپیشاندەراندا پێنج کاتژمێرى خایاندووە و ئامانجیش لێى دامرکاندنەوەى فیتنە و ئاژاوەگیڕى بووە لە سەرجەم مەیدانەکانى خۆپیشاندەراندا". . وتیشى، "دیارترین خاڵى کۆبوونەوەکە وتوێژ بووە لەسەر نەهیشتنى کڵاوشینەکان لە مەیدانەکانى خۆپیشاندانەکان بە تایبەت لە بەغدا و شارەکانى تر، سەرەڕاى هاریکاریکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بۆ پاراستنى ئاسایشى خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکاندا کە ئەوەش لەڕێگەى هەماهەنگی نێوان لایەنگرانى ڕەوتى سەدر و خۆپیشاندەراندا دەبێت و نابێت بکەونە دواى قسەى گێرەشوێنان کە دەیانەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە دڵى خەڵکییەوە". جابرى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، هەندێک لە خوێندکارە خۆپیشاندەرەکان دەیانەوێت لەلایەن ڕەوتى سەدرییەوە بەفەرمیى داواى لێبوردنیان لێبکرێت بەپاساوى ئەوەى مامەڵەى خراپیان لەلایەن چەند کڵاوشینێکەوە لەگەڵ کراوە و ڕەوتى سەدریش دەڵێت (داوى لیبوردن لە براکەت بکە دەستکەوتە) و لەساڵى 2003ەوە ئەو وتەیەى گواستووەتەوە بۆ ناو خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە و "بەدور بووە لە فیتنە و ئاژاوە." . جابرى ئەوەشى خستەڕوو، "دانیشتنی برایانەى باش هەیە کە بگوزارێتەوە بۆ مەیدانەکانى خۆپیشاندەران بە بەشداریکردنى سەدر و ئامادەباشى بۆ قۆناغى داهاتوو، سەرەڕاى ئەوەى هەردوولا داواکارى هاوبەشیان هەیە بۆ دەرکردنى قەناس بەدەستەکان کە خۆپیشاندەران دەکاتە ئامانج و قۆناغى داهاتووش دەبێتە بەرەیەکى برایەتى لەدژى دەسەڵاتداران کە عێراقییەکان دەکوژن و هەر لە کۆبوونەوەکەى نێوان سەرکردەکانى ڕەوتى سەدر و خۆپیشاندەران لەسەر چەند خاڵێکى جەوهەری ڕێککەوتوون بۆ نەهیشتنى فیتنە و ئاژاوەگیڕى و کۆبونەوەکانى داهاتوش بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو دەنێن." . ناوەڕۆکى ڕێککەوتنی نێوان سەدر و خۆپیشاندەران هەر  ئەمڕۆ شەممە، 8ى شوباتى 2020، سەرچاوەیەکى ئاگادار کە نەیویست ناوەکەى بڵاو بکرێتەوە، خاڵە سەرەکییەکانى ڕێککەوتنەکەى نێوان سەرکردەکانى ڕەوتى سەدر و نوێنەرانى خۆپیشاندانەکانى بەغداى بۆ ناس کورد ئاشکرا کرد. . وتیشى،  “وەکو نێردەى موقتەدا سەدر بەیاوەرى چەند سەکردەیەکى ترى سەربازى ڕەوتەکە، ئەبو عیساوى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ نوێنەرى خۆپیشاندەرانى مەیدانى تەحریردا ئەنجامداوە لەسەر چەند خاڵێک گەیشتونەتە ڕێککەوتن، ئەوەش دواى ئەوەى کردەوەکانى ئەمدوایەى کڵاو شینەکانى سەر بە سەدر کەوتنە بەر ڕەخنە و ناڕەزایەتى توندەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە”. . وتیشى “هەر لە کۆبونەوەکەدا عیساوى بەڵێنى ئەوەیداوە دواى ڕێککەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانى دەروبەرى مەیدانەکەدا، کڵاو شینەکان لە مەیدانى تەحریر بکشێنرێنەوە، سەرەڕاى ئەوەش بەڵێنی دا داواى لێبوردن لەو خوێندکارانە بکرێت کە لەلایەن کڵاو شینەکانەوە سوکایەتیان پێکراوە ئەوەش بەئامادەبوونى نوێنەرى ئەو خوێندکارانە لە کۆبونەوەى داهاتوودا". . بە وتەى سەرچاوەکە، وەفدەکەى سەدر بەڵێینى ئەوەشیداوە ڕێستۆرانتی تورکى بکرێتە شوێنى شانۆ و چالاکى ڕۆشنبیرى و بەهەماهەنگى چینى هونەرمەندان لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم گەشتیاراندا بکرێتەوە." لەبارەى گەڕانەوەى خۆپیشاندەران بۆ بیناى ڕێستۆرانتی تورکى، عیساوى بەڵێنى ئەوەشیداوە خۆپیشاندەران بگەرێنەوە بۆ ڕێستۆرانتی تورکى بە مەرجێک  هەموو ئەوانەى کە لە ڕێستۆرانتەکەدا دەبن بەلاى خۆپیشاندەرانى چادرەکانى مەیدانەکەوە ناسراو بن، ئەو پەیامەش دەگەیەنرێتە خۆپیشاندەران کە سائیرون بە بەرهەم ساڵح و لایەنە سیاسیەکانى تر ڕادەگەیەنێت کە دەنگ بە کابینەکەى محمەد تۆفیق عەلاوى نادەن. . ئەوەش لە کاتێکدایە، میدیاکانى ئێران بڵاویانکردووەتەوە، سەدر و فەتح لەسەر کاندیدکردنى محمەد تۆفیق عەلاوى ڕێکەوتوون، بەپێى ڕێکەوتنەکەش سەدر دەستکەوتى زۆرترى لە کابینەکەى عەلاویدا بەردەکەوێت. . عەلاوی ناپاکی لەگەڵ سەدر کردووە؟ بەلاى چالاکانى سیاسى و چاودێرانى مەدەنییەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى موقتەدا سەدر ئەوەیە کە ڕاڕاییە لە بڕیاردادان و زوو پەیامى پێچەوانەى دژ بەیەک بڵاودەکاتەوە بەشێوەیەک پێچەوانەى هەڵوێستەکانى پیشووى ڕەتدەکاتەوە. . تائێستا نازانرێت ڕێککەوتنى سەرکردەکانى سەر بەڕەوتەکەى کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دانیشتوون و هاتووەتە بەرهەم ئایا ئەو ڕەتیدەکاتەوە و وەکو ڕابردوو هەڵویستێکى تر دەنوێنێت یاخود لەسەر ئاستى واقیعى گۆڕانکارى لە چرکەساتى توندوبوونەوەى ڕوداوەکان بەسەریدا هاتووە بەتایبەت دواى کۆمەڵکوژییەکەى نەجەف لەلایەن کڵاو شینەکانەوە و کاردانەوەى شەقامى عێراقى و ڕاو بۆچونى نێو دەوڵەتى لەسەر ڕوداوەکە کە سەدرى تێدا تۆمەتبار کرا بە بکوژى خۆپیشاندەران. . بەگوێرەى سەرچاوەیەکى نزیک لە موقتەدا سەدر بە ڕۆژنامەى (عەرەبى ئەلجەدیدى) ووتوە، موقتتەدا سەدر تاوتوێ کشانەوەى پشتیوانیەکانى لە عەلاوى دەکات کە چەند ڕۆژێکە پاڵپشتیەکانى خۆى بۆ دووپات کردووەتەوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عەلاوى ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر و چالاکانى عێراقى بینیوە کە نەیارى ڕەوتى سەدرن. سەرچاوەکە باسى لەوەش کردووە، عەلاوى بەپەلە تیمێکى پێکهێناوە کە لەچەند کەسێکى نزیکى خۆى و سێ مامۆستاى زانکۆ کە یەکێکیان توێژەری ناوەندى لێکۆڵینەوەکانى بەریتانیا بووە بۆ پرسەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە گەڕان و کۆبوونەوەکانیاندا عەلاوى هەوڵى ئەوەیداوە ژمارەیەک لە چالاکانى خۆپیشاندانەکان ڕۆڵى کاریگەر لە پێکهێنانى کابینەکەى دا بگیڕن. . سەرچاوەکەى نزیک لە ڕەوتى سەدر و ڕابەرەکەى ئەوەشى بۆ ڕۆژنامەکە ئاشکرا کردووە، تا ئێستاش سەدر خۆى بەنوێنەرى سیاسى ناڕەزایەتیەکان لە قەڵەم دەدات و پاڵپشتیکردنى عەلاویش بۆ خۆپیشاندەران بە دەرچوون لە ڕێڕەوى خۆى دەزانێت، ئەوەش بەبێ هیچ هەماهەنگیەک لەگەڵ سەدر یاخود نوێنەرە سیاسیەکانى دا. . سەرچاوەکەى ڕەوتى سەدر دەشڵێت، کشانەوەى پاڵپشتیەکانى سەدر لە عەلاوى واتاى ئەوەى عەلاوى ناتوانێت متمانەى پەرلەمانتاران بەدەستبهێنیت چونکە سەدر قورساییەکى پەرلەمانى هەیە بەتایبەتى لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کە نەیاری دانانى عەلاوین، بۆ نمونە لایەنگرانى مالیکى و حەیدەر عەبادى. . سەدرى بێ دەمامک و سەدر دەمامکدار! خێرا گۆڕینى ئاڕاستەى سیاسەتى موقتەدا سەدر و سەرکردەکانى ڕەوتەکەى بۆ ئاشتەواى لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بە تەمومژاوى دەمێننەوە تا ئەوکاتەى بەتەواوەتى سەرجەم سیناریۆکان ڕوندەبنەوە، چونکە نازانرێت ئایا عەلاوى لەدژى سەدر کەوتووەتە جمجۆڵ، یاخود بەپێى ئەو ڕێککەوتنەى کە لە میدیا ئێرانیى و جیهانیەکاندا باسى لێوە کرا گوایە فەتح و سەدر بە سەرپەرشتى ئێران لەسەر کاندیدکردنى عەلاوى ڕێککەوتوون، ئایا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت یان کیشە و گرفتى تێکەوتووە. . ئەگەر سەدر و ڕەوتەکەى دژایەتى دانانى عەلاوى بکەن لە پەرلەمان ئەوا دوور نییە پێش چوونە پەرلەمان بۆ متمانە وەرگرتن عەلاوى دەستلەکاربکێشیتەوە، یەکێکى تر لە سیناریۆکانى ئەو گۆڕانە خێرایەى سەدر و لایەنگرانیى لەگەڵ خۆپیشاندەراندا وا دەخوێنرێتەوە کە دەیانەوێت خۆپیشاندەران سەرقاڵ بکەن بە مەبەستى وەرگرتنى ڕەزامەندى و پشتیوانیان تا ئەو کاتەى عەلاوى بێ گرفت متمانە لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت.