گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئەمریکا  پاتریۆت لەعێراق جێگیر دەکات و باس له‌ هاتنی هێزێكی نوێ ده‌كات

2020.02.05 - 22:34
ئەمریکا  پاتریۆت  لەعێراق جێگیر دەکات و باس له‌ هاتنی هێزێكی نوێ ده‌كات
ناس کورد- بەرپرسێکی ئەمریکی، ڕایگەیاند، وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەربارەی جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت، بەرەوپێشەوە چووە و سەدان سەربازی ئەمریکیش لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەوانەی عێراق دەکەن بۆ پاراستن و ئیشپێکردنی سیستمەکە. . ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5ى کانوونی 2020)، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاند :"بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا دانووستان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کراوە ئەوەش بە مەبەستی ڕێگەپێدان بە ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا". . ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا دەیەوێت بە زوترین کات ئەو سیستمە لە عێراق دابنێت ئەوەش لە پێناو پاراستنی گیانی ئەو دبلۆماتکار و سەربازە ئەمریکییانەی کە لەناو خاکی عێراقدا کاردەکەن لە مەترسی ئەو موشەکە هەڕه‌مەکیانەی وەک " کاتیۆشا" کە ناو بەناو ئاڕاستەی شوێنی کارکردنی فەرمانبەر و سەربازە ئەمریکییەکان دەکرێن. . رونیشیكرده‌وه‌ ، دانانی ئەو سیستمە لە ناو خاکی عێراقدا کاریگەری باشی دەبێت لە پاڵپشتیکردنی کردە سەربازییەکانی سوپای عێراق دژ بە ڕێکخراوی داعش، بەتایبەتی لە بواری کاراکردنی سیستمی هۆشداریدان و ڕاداردا. . لێداوانەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە کاتێکدایە، کە لە30ى مانگی ڕابردودا مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاند :"ئەگەر سیستمی پاتریۆت لە بنکەی سەربازی "عەین ئەسه‌د" هەبوایە، موشەکەکانی ئێران نەیاندەتوانی سەربازەکانمان بکەنه‌ ئامانج". . ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان پێشتر خۆیان بۆ هێرشە موشەکییەکانی ئێران ئامادە کردبوو بۆیە هێرشەکان زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە. . وەک وه‌ڵامدانەوەیەک بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە بەغدا، ئێران لە 8ى مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەژمارەیەک مووشەکی دوور مەودا هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازی "عەین ئەسەد" لە ڕۆژئاوای عێراق، بەو هۆیه‌شەوە دەیان سەربازی ئەمریکی برینداربوون. .