گه‌ڕان

Shadow Shadow

هەرێم مەرج بۆ کابینەکەى عەلاوى دادەنێت لە بەرانبەر ڕادەستکردنی نەوتدا

2020.02.05 - 11:39
هەرێم مەرج بۆ کابینەکەى عەلاوى دادەنێت لە بەرانبەر ڕادەستکردنی نەوتدا
ناس کورد- حکومەتى هەرێم جەخت لە پابەندبوون بە ڕادەستکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیلى نەوت ڕۆژانە بەبەغدا دەکاتەوە، بەمەرجى ئەوەى کابینەى نوێ بەسەرۆکایەتى محەمەد تۆفیق عەلاوى پابەند بێت بە یاساى بودجەوە. . ئەمڕۆ چوار شەممە، 5ى شوباتى 2020، جوتیار عادل، وتەبێژى فەرمیى حکومەتى هەرێمى کورستان بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاند، "پێش دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى هەرێم لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ ڕێککەوت داهاتى 250 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە ڕادەستى بەغدا بکات لە بەرانبەر پابەندبوونى حکومەتى فیدراڵ بە پێدانى شایستە داراییەکانى هەرێم". . ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ڕێککەوتنەکە لەناو پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵى 2020 چەسپاوە و حکومەتى هەرێمیش ئامادەى جێبەجێکردنى مادەکانى بودجەکەیە و ڕۆژانە داهاتى 250 هەزار بەرمیل ڕادەستدەکات بەو مەرجەى حکومەتى فیدراڵیش پابەندى بەڵینەکانى بێت و ئەو ڕەشنوسەى پڕۆژەیاساى بودجە جێبەجێبکات. . جوتیار عادل ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە کە "بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بەڕێژە دیارى نەکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک پابەندبوون چەسپێنراوە لە پڕۆژەیاساکەدا." . لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا هەرێم و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەى بودجەى 2020، بەجۆرێک بەغدا پابەندبێت بە خەرجکردنى شایستە داراییەکانى هەرێم، لەبەرانبەر پێدانى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە لەلایەن هەرێمەوە بەبەغدا. . بەهۆى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدییەوە لە پۆستى سەرۆکوەزیران، چارەنوسى ڕێککەوتنەکە بە نادیارى ماوەتەوە، بەتایبەت کە هێشتا پڕۆژە یاساکە نەنێردراوەتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنى. . لە ئێستاشدا کە محەمەد تۆفیق عەلىوى ڕاسپێردراوە بۆ سەرۆکوەزیران باس لە ئەگەرى گۆڕانکارییکردن کردن لە دەکرێت لە پڕۆژەکەدا و دیار نییە بەچى ئاڕاستەیەک دەبێت. . خالید شوانی، سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا بۆ ناس کوردى وت “ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، نەک سەرۆکوەزیران و ڕێککەوتنەکە نوسراوەتەوە، بۆیە پێناچێت هیچ کێشەیەک لەو پرسەدا ڕووبدات”. . ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات نزیکبوونەوە لە کاتی ناردنی ڕەشنوسی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان ئەوا سەردانەکانیان بۆ بەغدا دەستپێدەکەنەوە و لەگەڵ فراکسیۆن و لایەنە عەرەبییەکاندا کۆدەبنەوە بۆ دروستکردنى “لۆبی” و دەنگدان بەو بڕگانەی پڕۆژەیاسای بودجە کە لە بەرژەوەندی کوردن.