گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئێمە پێشوازى لێدەکەین و لاریمان لێى نییە

مەسرور بارزانی: ئەمریکا چاوەڕێی مۆڵەتی عێراقە بۆ دانانی سیستمی بەرگری لە هەولێر

2020.02.05 - 09:41
مەسرور بارزانی: ئەمریکا چاوەڕێی مۆڵەتی عێراقە بۆ دانانی سیستمی بەرگری لە هەولێر
ناس کورد- مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت سیستمى بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە هەرێم دابنێت بۆ پاراستنى هێزەکانى و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانى مۆڵەتی حکومەتی عێراقە و دەڵێت، پێشوازى لە وەها هەنگاوێک دەکەن و لارییان لێی نییە. . لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى فرانس 24 و لە وەڵامى بابەتی دانانى سیستمى بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پاراستنى هێزەکانى لە هەرێم بە تایبەت دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران لە تۆڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانیدا، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، " لەبارەى دانانى سیستمى بەرگریی ئەمریکا (پاتریۆت) قسەى لەبارەوە کراوە و ئەمریکییەکان چاوەڕوانى مۆڵەتی حکومەتى فیدراڵین بۆ دانانى سیستمەکە لە هەرێم". . سەرۆکى حکومەت جەختیشى لەوەش کردەوە کە لەلایەن ئەوانەوە پێشوازى لەو بڕیارە دەکەن، بەڵام ئەو کارە پەیوەندى بە بەغداوە هەیە و ئەوان هیچ لاریەکیان لەسەرى نییە. . لە وەڵامى پرسیارى هێرشەکانى حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتیی حزبوڵاى لوبنانی بۆ سەر مەسعود بارزانى باوکى دواى کوژرانى قاسم سولەیمانی کە داواى هەڵوێست وەرگرتنى لە بارزانى کردبوو و بە "شڵەژاو لە ترسى هاتنی داعش" ناوی بردبوو، مەسرور بارزانى ووتى، " بەو قسەکردنەى ڕاستگۆیەتى لەدەست دا، کەسێکى وەکو ئەو کە لەو پلەیەدایە پێویستى نەدەکرد بەو شێوەیە قسە بکات، قسەکانى ڕاست نین، قسەکانى نەک بەلاى کوردەوە بەڵکو بەلاى زۆربەى عەرەبانى ناوچەکەشەوە سەیر و کتوپڕبوون". . هەر لە دریژەى وەڵامى ئەو پرسیارەدا، بارزانى کوڕ وتیشى، "سەرۆک مەسعود بارزانى سەرکردایەتى شەڕى دژى داعشى کردووە و لەبەرەکانى پێشەوە بووە لە تێکشکاندنى ئەفسانەى داعشدا و لەسەرەتاشەوە ئێرانیەکان بە ناردنى شتومەک هاریکاریان کردووین وەکو ئەوانى تر". . لەسەر کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکاش لە عێراق کە ژمارەیەک لەلایەن شیعەکان دواى کوژرانى قاسم سولەیمانى داواى دەکەن،، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى، "نابێت لەبیر بکەین هاتنى هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ شەڕى تیرۆرە و لە هەموو عێراقدا شەڕیان کرد شانبەشانى پێشمەرگە لەدژى داعش و مانەوەشیان پێویستە چونکە ئێستاش مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش بەردەوامە و بڕیارەکەى پەڕلەمانی عێراقیش لەو بارەیەوە بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان پەلەکردنى تێدا بوو، ئومێد دەکەم ڕێگەیەکى تر بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسەى بدۆزرێتەوە".   https://www.youtube.com/watch?v=9jd98trd6Z0