گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئاماری مردووانی کۆرۆنا لە 500 نزیک بووەوە و هیچ ئاماژەیەکی خاوبوونەوەش نییە!

2020.02.05 - 09:16
ئاماری مردووانی کۆرۆنا لە 500 نزیک بووەوە و هیچ ئاماژەیەکی خاوبوونەوەش نییە!
ناس کورد- دوای ئەوەى 65 حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین تۆمارکران، ئاماری گشتیی ئەو کەسانەى بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 490 کەس. . ئەمرۆ چوارشەممە، 5ی شوباتی 2020، لیژنەى تەندروستی نیشتمانی چین ڕایگەیاند، "سەرجەم حاڵەتە نوێیەکانی گیانلەدەستدان لە هەرێمی هوبی تۆمارکراون کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، لە شاری ووهانیش تائێستا 49 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراوە." . هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها دوێنێ سێشەممە، سێ هەزار و 887 حاڵەتی نوێی توشبوون لە چین تۆمارکراوە و ژمارەی گشتیی توشبووانیش لە چین گەیشتووەتە 24 هەزار و 328 کەس، نزیکەى 200 حاڵەتیش لە 27 وڵاتی جیهاندا تۆمارکراون. . ئەوەى دۆخەکەى سەختتر کردووە ئەوەیە تائێستا هیچ نیشانەیەک نییە بۆ خاوبوونەوەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، شارەزایانی تەندروستی دەڵێن "ئەگەر هەیە ئاماری مردووان زیاتر بکات بەهۆی زۆری ژمارەى توشبووانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاستی ئەگەری مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بریتییە 2% و زۆر کەمترە لە سارس کە 10% بوو. . هاوکات شارەزایان هۆشداری دەدەن لەبارەى کەمی زانیاری و داتا لەسەر مەترسیداری ڤایرۆسەکە، چونکە زۆرێک لە دانیشتوانی شاری ووهان کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە پێیان وایە کە ڕێژەى توشبوون و مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زۆر زیاترە لەوەى بەرپرسان ڕایدەگەیەنن، چونکە بەشێک لەو نەخۆشانەى کە نیشانەکانیان وەک ئەنفلۆنزا وابووە لەلایەن نەخۆشخانەکانەوە دەرکراون و کەرتی تەندروستی ووهانیش زۆر قەرەباڵغ بووە و ئامێر و پێداویستی پێویستی تێدا نییە. . بەڵام لە هەمان کاتدا، ژمارەى چاکبووەکانیش لە نەخۆشییەکە لە بەرزبوونەوەدایە کە ئاماژەیەکە بۆئەوەى دەرمان و چارەسەرەکان وەڵامدەرەوەن و کاری خۆیان دەکەن. تەنها دوێنێ سێشەممە، 262 توشبوو دوای ئەوەى چارەسەریان بۆ کراوە نەخۆشخانەکانیان بەجێهێشتووە. . لەبارەى ئەو کەسانەى مردوون، لیژنەى تەندروستی نیشتمانی چین دەڵیت، دوو لەسەر سێی مردووان پیاون، 80%ی پیاوەکانیش لەسەروی 60 ساڵییەوەن.