گه‌ڕان

Shadow Shadow

بزانە قازانجی گواستنەوەی گازی شل چەندە وا کۆمپانیاکان شەڕی لەسەر دەکەن (تایبەت)

2020.02.03 - 19:45
بزانە قازانجی گواستنەوەی گازی شل چەندە وا کۆمپانیاکان شەڕی لەسەر دەکەن (تایبەت)
ناس کورد - شەهرام عەزیز ماوەی چەند ڕۆژێکە کێشەی نەبوونی غاز لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە و وەک دەوترێت کێشەکە بەهۆی ئەوە دروست بووە کە گواستنەوەی گازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە، لە کۆمپانیایەک وەرگیراوەتەوە کە گرێبەستەکەی کۆتایی هاتووە و بە تەندەر دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە. . بەگوێرەی وتەی پەرلەمانتارێک، ئەو کۆمپانیایەی ئەو غازە دەگوازێتەوە مانگانە نزیکەی دەیان ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حکومەت خۆی دەتوانێت ئەو گازە شلە بگوازێتەوە نەک بیدات بە کۆمپانیا، بەڵام بۆ قازانجی کۆمپانیاکان ئەو کارە دەکەن. . غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کێشەی گەورەی هەرێم لەوەدایە، هەر کۆمپانیایەکی گەورە لە سنوری هەولێر هەبێت هی پارتییە و ئەوانەی سنوری سلێمانیش هی یەکێتین و هەر کۆمپانیایەکیان گازەکە بگوازنەوە هەر لە زیانی هاوڵاتیانە و ئەوان شەڕی خۆیان دەکەن". . ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد: "چەندین ساڵە حکومەت لەڕێگەی دانە گازەوە ڕۆژانە بڕی زیاتر لە هەزار تۆن گاز دەدات بە کۆمپانیا بۆ گواستنەوە، حکومەت هەر تۆنێکی بە 390 هەزار دینار دەدا بە کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکە لەو هەزار تۆنە 700 تۆنی بە بڕی 430 هەزار دینار دەفرۆشێتەوە بە کارگەی غازەکان بۆ هاوڵاتیان". . "جگە لەوەی زۆر جار کۆمپانیاکە لە وەرزی زستاندا غازەکە بە کەمی دەخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی کەمببێتەوە و گران بێت و دواتر لە بازاڕی ڕەشدا بە گرانتر دەیفرۆشێتەوە کە نرخەکەی دەگاتە زیاتر لە 550 هەزار دینار"، غالب محەمەد وادەڵێت. . بە پشتبەستن بەو ژمارانەی غالب محەمەد، کۆمپانیای گوێزەرەوەى گاز مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت، کە خۆی بە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار دەیخەمڵێنێت. . پێدانی گواستنەوەی غازی شل بە کۆمپانیا لەکاتێکدایە زۆرێک لە پڕۆژە و کەرتەکانی دیکەش دراون بە کۆمپانیاکان، کە دواهەمینیان بەستنی پێوەری ئاو و کۆکردنەوەی پارەکەی بوو، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش دەڵێت، حکومەت بۆ قازانجی کۆمپانیاکان وادەکات. . شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بۆ ناس کورد وتی: "حکومەت بە ئاسانی دەتوانێت خۆی ئەو غازە شلە بگوازێتەوە، بەڵام بۆ قازانجی کۆمپانیاکان ئەو کارە دەکات و چەندین ساڵە ئێمە داوادەکەین کە ئەو کارە لە کۆمپانیا وەربگیرێتەوە". . وتیشی، بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەو پرسە دەکەن و دوور نییە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان بکەن. . هاوکات غالب محەمەد دەڵێت، ئەگەر ئەو کارە حکومەت خۆی بیکات، ئیتر کۆمپانیا ناتوانێت غازەکە قۆرخ بکات و بە کەمی بیخاتە بازاڕەوە و لە بازاڕی ڕەشدا بیفرۆشێتەوە و هاوڵاتیانیش زەرەرمەندی یەکەم بن.