ناس کورد-
تارق حەرب شارەزاى یاسایى دەڵێت، هەروەک چۆن عادل عەبدولمەهدى و حکومەتەکەى تێپەڕێنران، محەمەد تۆفیق عەلاوى و حکومەتەکەشى لەپەرلەمان تێدەپەڕێنرێن.
.
تارق حەرب لە هەژمارى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسیویەتى، پێشتر هاوپەیمانى فەتح عادل عەبدولمەهدیان بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران وەزیران دیاریکرد و سائیرونیش رازیبوون لەسەرى، ئێستا سایئرون محەمەد تۆفیق عەلاوى دیاریکردوەو فەتح رازیبوون لەسەرى، هەروەک چۆن حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لەپەرلەمان تێپەڕێنرا حکومەتەکەى عەلاویش لەماوەى 30 رۆژدا تێدەپەڕێنرێت.
.
ئاماژەى بەوەشداوە، بەڵام عەبدولمەهدى بە گرێبەستێکى گەورە تێپەڕێنرا کە سەرۆککۆمار و سەرۆکى پەرلەمانیش بەشێک بون لهگرێبەستەكه، بەڵام ئەوە لە حکومەتەکەى عەلاویدا نییە.
.
ئەو شارەزا یاساییە رونیشیکردوەتەوە، دەستور لەمادەى 64دا هەڵوەشانەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەختەى کردوە بەمەرج، ئەوەش لەماوەى 60 رۆژى دواى هەڵوەشانەوەى پەرلەمان.
.
باسى لەوەشکردووە، یەکەم رێگە ئەوەیە پەرلەمان خۆى هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش پێویستى بە دەنگى 165 پەرلەمانتار هەیە و زۆرینەى پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشانەوەى پەرلەمان رازى نابن، چونکە دوو ساڵى پەرلەمانتاریان نامێنێت.
.
تارق حەرب سەبارەت بە رێگەکەى تر دەڵێت، رێگەى دووەم بۆ هەڵوەشانەوەى پەرلەمان پێشنیارى سەرۆکوەزیران و رەزامەندى سەرۆککۆمارە، بەدواى ئەوەشدا هەڵبژاردنى نوێ و سەرۆککۆمارى نوێ وسەرۆک وەزیرانى نوێ دێن.
.
پرسیارى ئەوەشدەکات، ئایا پەرلەمان دەنگ بە حکومەتەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى دەدەن؟ پەرلەمان رازى دەبێت لەسەر هەڵوەشانەوەى خۆى؟ ئایا سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان رازى دەبن بە هەڵوەشانەوەى پەرلەمان؟ ئاستەنگى و ئاڵۆزى ئاشکرا هەیە.
.