گه‌ڕان

Shadow Shadow

عەسائیب دەستیدەگات بە فڕۆکەى ئێف 16؟

تەکنەلۆژیاى هەستیارى چەکى ئەمریکى لە عێراق لەبەردەم مەترسیدایە

2020.02.02 - 18:58
تەکنەلۆژیاى هەستیارى چەکى ئەمریکى لە عێراق  لەبەردەم مەترسیدایە
ناس کورد-     گۆڤارێکى ئەمریکى ئاشکرایکرد، بەهۆى کشانەوەى ئەو بەڵێندەرانەى کە سیستەمى فڕۆکەى ئێف 16ى ئەمریکیان پاراستووە لە عێراق، مەترسی هاککرنى سیستەمى پاراستنى فڕۆکەکان هەیە، بەرپرسانى ئەمریکیش جەخت لە مەترسییەکە دەکەنەوە. . گۆڤارى فۆرن پۆڵسى ئەمریکى لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ئەو کۆمپانیایەى کە سەر بە دوو به‌ڵێنده‌ری ئەمریکى بوون و کاروبارى سکیورتى تەکنەلۆژیاى بنکەى سەربازیی بەلەدیان دەکرد بەتایبەتى کاروبارەکانى فڕۆکەى ئێف 16،  بەهۆى هەڕەشەى میلیشیا چەکدارەکانى سەر بەئێران لەعێراق کارمەندەکانیان کشاندووەتەوە و ئەو بنکەیه‌یان چۆڵکردووە. . بەرپرسێکى سەربازی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆى ئەوەى ئێستا بنکەى بەلەد شارەزاى تەکنەلۆژیاى تێدا نەماوەتەوە ترسیان لەهاککردنى سیستمى پاراستنى چەکەکانیان هەیە بەتایبەتى فڕۆکەى ئێف 16. . به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتەکەى فۆرن پۆڵس، بڕیارى فڕۆشتنى چەک بەعێراق بۆ بەرگریکردن لەخۆیى و بۆ شەڕى داعش ترسى ئەوەى لەلاى ژمارەیەک لەبەرپرسانى ئەمریکا و عێراقییەکان دروستکردووە، ئەو چەکانە بەتایبەتى فڕۆکەى ئێف 16 لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانى سەر بەئێران لەعێراقدا هاک بكرێن یاخود بەخراپى کەڵکى لێوەر بگیردرێت. . باسى لەوەشکردووە، کۆمپانیاى ساڵیپۆرت گلۆباڵ سەر بەدوو بەڵێندەرى ئەمریکین کە سەرپەرشتى کاروبارەکانى فڕۆکەى ئێف 16ى لەبنکەى سەربازى بەلەدى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق دەکرد، بەڵام دوابەدواى هێرشە موشەکییەکانى ئێران لەمانگى ڕابردودا بۆ سەر چەند بنکەیەکى سەربازى کۆمپانیاکە بەڵێندەرەکانى کشاندووەتەوە، بەوەش ئەگەرى ئەوە کراوە کە تەکنەلۆژیاى هەستیارى ئەمریکا کەوتبێتە مەترسییەوە. . مێگەر ڕۆپ لۆدڤیک وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا دەڵێت، بەهۆى پاراستنى گیانى کارمەندانیەوە کۆمپانیاکە  له‌و بنكه‌یه‌ كارمەندەکانى کشاندووەتەوە. . جەختیشى لەوەکردووەتەوە کە ئەمریکا هەموو کات هەست بەدڵەڕاوکێ و نیگەرانى دەکات بۆ دابینکردنى ئاسایش بۆ کارمەندانى کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان، هەروەها ڕێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنى لەهەر پڕۆسەیەکى دزە پێکردن و هاککردن دەگرێتەبەر. . فۆرن پۆڵسى باسى لەوەکردووە، لەدواى گرژبوونى بارودۆخەکە بەهۆى کوژرانى قاسم سولەیمانى و گرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنیک بۆ تۆڵەکردنەوە، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا هانى  ژمارەیەک لەکارمەندە مەدەنییەکانیداوە عێراق جێبهێڵن، ئەگەرچى ئێران کۆتایى پڕۆسەکەى ڕاگەیاندووە و پەرلەمانى عێراقیش بڕیارى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکاى پەسەند کردووە. . ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لەو کاتەوەى چەند کارمەندێکى شارەزاى ئەمریکا بنکەى بەلەدیان بەجێهیشتووە، ژمارەیەک لەبەرپرسانى سەربازى ترسى ئەوەیان لێنیشتووە چەک و تەکنەلۆژیا و ئەوانەى پەیوەندییان بە ئێف 16ەوە هەیە بکەوێتە مەترسییەوە. . مایکڵ نایتس توێژەر لەپەیمانگاى واشینتۆن بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگۆڤارەکەى وتووە "ئەگەرى ئەوە هەیە عەسائیبى ئەهلى هەقى سەر بەسوپاى پاسداران بتوانن بگەنە ئەو چەکانەى کە پێشتر ئەو بەڵێندەرانە پاراستوویانە". . بەرپرسێکى سەربازى ئەمریکا کە ئاگادارى کاروبارەکانى فڕۆکەى ئێف 16 یە بەگۆڤارەکەى ڕاگەیاندووە، لە دەسته‌بەرکردنى تەکنەلۆژیاى هەستیار بۆ ئەو چەکانە لەدڵەڕاوکێدان، چونکە لەئێستادا هیچ ڕێگەیەکیان لەبەردەستتدا نیە وەکو پێشتر چاودێرى بکەن،  هیچ کەسێک نییە لەبنکەى بەلەد ئاسایشى تەکنەلۆژیى بۆ ئەوە دەستەبەربکات. .