گه‌ڕان

Shadow Shadow

مەسرور بارزانی شەقامی سەد مەتری وەستاندووە بەڵام بەم نزیکانە بڕیار لە چارەنوسی دەدرێت

2020.02.02 - 16:01
 مەسرور بارزانی شەقامی سەد مەتری وەستاندووە بەڵام بەم نزیکانە بڕیار لە چارەنوسی دەدرێت
ناس کورد- شەهرام عەزیز جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی تائێستا، چەندین کاردانەوەی لێکەتووەتەوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار  پڕۆژەکە بە فەرمانی مەسرور بارزانی وەستێنراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.

.

بەهۆی جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکە، بەشێک ڕەخنە لە یەکێتی و گۆڕان دەگرن و پێیانوایە ناتوانن مافی هاووڵاتیانی سنوری سلێمانی بەدەستبهێنن، هاوکات تیمی گۆڕان لە حکومەت دەڵێت، جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکە دورو نزیک پەیوەندی بەوانەی نییە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەى "ئەگەر پڕۆژەکە لە ساڵی 2020 نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە هەڵوێستی توندیان دەبێت." . سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت وەستێنراوە و بۆ جێبەجێکردنی تەنها یەک واژووی ئەوی دەوێت". . وتیشی، لە ماوەی ڕابردوودا و لە کۆبوونەوەیەکدا مەسرور بارزانی وتویەتی: "ڕازیم پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەوشێوەی ئێستا هەیە نا، پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بودجەکەی کەمبکرێتەوە". . ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: "گۆڕانکاریکردن لە پڕۆژەکەدا قورسە و پێناچێت بەرپرسانی سنوری سلێمانی بەوە ڕازی بن، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە و بڕیارێک لەوبارەیەوە بدرێت". . جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا شەقامی 120 مەتریی هەولێر کرایەوە و لەئێستاشدا کار لە شەقامی 150 مەتریدا دەکرێت، ئەوەش بەشێک لە پەرلەمانتاران و چالاکوانان و هاوڵاتیانی سنوری سلێمانی لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان توڕەکردووە و حکومەت لایەنی دەسەڵاتداری یەکەمی حکومەت کە پارتییە بەوە تۆمەتباردەکەن کە سلێمانی پەراوێز خستووە و یەکێتی و گۆڕانیش بە کەمتەرخەم دەزانن لەو پرسەدا. . لەوبارەیەوە جەمال حەوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ڕاستە بەگشتی سنوری پارێزگای سلێمانی لەلایەن حکومەتەوە پەراوێز خراوە و بەراورد بە هەولێر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی زۆر کەمن کە ئەو بەشێکە لە شۆڕشی نوێی کورد و شایەنی هەموو شتێکە". . وتیشی، پەراوێزخستنی سلێمانی هەر لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە دوو ئیدارەیی کۆتایی هات و سەرجەم وەزارەتەکان بردرایە هەولێر، بەڵام لە ڕاستیدا دەبوو چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بهێڵدرایەتەوە بۆ ئەوەی سلێمانی قورسایی خۆی بمێنێت. . سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەڵێنیشیدا بەهەموو شێوەیەک پێداگری بکەن لە جیاوازینەکردن لەنێوان ناوچەکاندا و ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر لە ساڵی 2020دا پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا هەڵوێستی توندیان دەبێت". . لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی شوباتی 2020، تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: "بەرپرسیارێتی جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دور و نزیک پەیوەندی بە تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە، چونکە ئەو پڕۆژەیە لە سنوری کاری وەزارەتی شارەوانیدایە، کە دورە لە کاری ئەو چوار وەزارەتەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت وەریگرتووە". . ئاماژەی بەوەشکردووە: "گۆڕان لەسەر دوو بنەما بەشداری ئەم کابینەیەی کردووە، ئەویش ڕێککەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و پارتییە کە ناوەرۆکەکەی چاکسازیی گشتییە لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی، ئابوریی و سیاسیدا، بنەمای دووەمیش هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتە، کە سەرۆکی حکومەت لەبەردەم پەرلەمان خوێندییەوە،  بۆیە ئێمە وەک تیمی وەزاری بزوتنەوەی پابەندبونی خۆمان دوپات دەکەینەوە بە بەرنامەی چاکسازی و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستانە". . بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی تیمی وەزاری گۆڕان، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری کە لە رۆژی 27ی کانونی دووەمی 2020 بەڕێوەچوو، سەرۆکی حكومەت ئاماژەی بەوە کردووە: " لاریم نییە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵام ناكرێت لەهەولێر بۆ یەك كیلۆمەتر دوو ملیۆن و  500 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام لەوەی سلێمانی بڕی نۆ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، رازیم ئەگەر دوو ئەوەندەی هەولێریش تەرخان بکرێت، بەڵام ناکرێت نزیكەی چوار ئەوەندە بێت". . ناس کورد لەسەر ئەو پرسە چەندین جار پەیوەندی بە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە و پارێزگاریش ژمارەکەی بەردەست نەبوو و بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە وڵاتی بەریتانیایە.