گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد هۆکارەکەى ئاشکرادەکات

بازرگانە کوردەکانى چین ناگەڕێنەوە بۆ هەرێم

2020.02.01 - 16:10
بازرگانە کوردەکانى چین  ناگەڕێنەوە  بۆ هەرێم
ناس کورد- هەرێمى کوردستان ڕێوشوێنەکانى بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چینەوە بۆ هەرێم توندکردووە، ئەو بازرگانە کوردانەش کە چونەتە ئەو وڵاتە "ناگەرێنەوە" و چونەتە وڵاتانى دیکە. . هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییە ناوخۆییەکانى پشت بە هاوردەکردنیان دەبەستێت لە چەندین وڵاتەوە لەناویاندا چین کە پشکى شێرى بەردەکەوێت. . بە هەزاران بازرگان ساڵانە لە هەرێمى کوردستانەوە سەردانى چین دەکەن بەمەبەستى هاوردەکردنى کاڵا، بەو پێیەى نرخى کاڵاکان لەو وڵاتە هەرزانترە بەراورد بە کاڵاى وڵاتانى دیکە. . بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، هەرێمى کوردستان دەرگاى بەڕووى ئەو وڵاتەدا داخستووە و ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت بچێتە ئەو وڵاتە یان لەو وڵاتەوە بێتە هەرێم، لەو چوارچێوەیەشدا ڕێگە نەدرا چوار هاوڵاتى چینى بێنە هەرێم و لە فڕۆکەخانەى هەولێرەوە گەڕێنرانەوە. . مستەفا عەبدوڕەحمان، سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کورستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لە ئێستادا بەیەکجارى سەردانى بازرگانان لە هەرێمەوە بۆ چین وەستاوە، هۆشداریمانداوەتە ئەندامەکانمان سەردانى ئەو وڵاتە نەکەن و ئەوانەى لەوێشن بگەڕێنەوە". . وتیشى "پەیتا پەیتا ئەوانەى لە چینن دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو بازرگانانە چونەتە دوبەى یان تورکیا دواى ئەوەى پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین، تا ڕۆژى هەینیش پڕۆسەى گەڕانەوە بەردەوام بووە و کەس نەماوە". . سەبارەت بەوەى ئەگەر ئەو کەسانە بیانەوێت بگەڕێنەوە ڕێگەیان پێدەدرێت یاخود نا، مستەفا عەبدورەحمان وتى، "لەوانەیە ئەو کەسانە خۆشیان نەیانەوێت بێنەوە، چونکە لە چین ئیشوکارى زۆر بەهێزیان هەیە و چونەتە تورکیا و دوبەى و لەوێ کۆمپانیایان هەیە و ئیدارەى ئیشوکارەکانیان دەکەن و ناگەڕێنەوە کوردستان". . لەگەڵ تەشەنەسەندنى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا، هەرێمى کوردستان چەندین ڕێوشوێنى بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە گرتەبەر، لەدوایین ڕێوشوێنیشیدا وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریدا هاتن و چوون بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە بکرێت. . هەر لە ئێستاوە ئەو ڕەوشە کاریگەریى لەسەر جموجۆڵى بازرگانى هەرێم و چین داناوە و هاوردەکردنى کاڵا و کەلوپەل لەو وڵاتەوە بەتەواوى وەستاوە. . سەرۆکى یەکێتى هاوردە و هەناردەکاران وتى، "بەهۆى ئەم ڕەوشەوە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ چین زۆر کەمدەکات، ئەگەریش بەردەوام بێت پەیوەندییەکان بەتەواوى دەپچڕێن". . بەپێى ئامارەکان، لەدواى تورکیا گەورەترین قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هەرێم لەگەڵ چیندایە کە ساڵانە دەگاتە  10 ملیار دۆلار، هەروەها قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى چین و عێراق ساڵانە 30 ملیار دۆلارە. . ئەحمەد کەلارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هیچ بازرگانێکى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لە وڵاتى چین نییە و بەتەواوى سەردانى بازرگانان بۆ ئەو وڵاتە وەستاوە. . وتیشى، "ئەو کەلوپەلانەى لە چینەوە هاوردە دەکرێن خۆراکى نین، زیاتر جلوبەرگ و کەلوپەلى کارەبایی و کەمالیاتن بۆیە زۆر کاریگەریى نابێت لەسەر هەرێم". . بەوتەى ئەحمەد کەلارى، ئەگەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ چین بوەستێت، کێشەى ئەوتۆ دروستنابێت، چونکە بازاڕەکانى هەرێم ئەوەندە کاڵاى لەو جۆرانەیان تێدایە کە بەشى دوو ساڵى دیکەش دەکات.