گه‌ڕان

Shadow Shadow

گەڕاندنەوەى خوێندکارە عێراقییەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە

خوێندکارانی عێراق لە چین: کۆرۆنا زۆری بۆ هێناوین و چەند ڕۆژێکە چاوەڕێی فڕۆکەی عێراقی دەکەین

2020.02.01 - 13:53
خوێندکارانی عێراق لە چین: کۆرۆنا زۆری بۆ هێناوین و چەند ڕۆژێکە چاوەڕێی فڕۆکەی عێراقی دەکەین
ناس کورد- وەزارەتى دەرەوەى عێراق هێشتا بڕیاریان نەداوە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەى کە لە چینن و بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، ئەو کارەش بۆ ڕێگریکردنە لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا. . چالاکانى عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسیان لەوە کرد، باڵێۆزخانەى عێراق نامەیەکى بۆ خوێندکاران و ڕەوەندى عێراقى لە چین ناردووە و گواستنەوەیانى لە چینەوە بۆ عێراق بۆ کاتێکى نادیار دواخستووە، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەى لیژنەیەکى وەزارى  باڵا پێکهێنرا و لەگەڵ بەرپرسانى چیندا باس لە گرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنێکى پێویست کراوە بۆ پاراستنى ڕەوەندى عێراقى لە شارى ووهانی چینى کە بۆ یەکەمجار نەخۆشیەکەى تێدا بڵاوبویەوە. . لەسەر ئەو پرسە، ئەمڕۆ شەممە، 1ى شوباتى 2020، ئەحمەد سافى، وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "تائێستا وەزارەتى دەرەوە هیچ ڕێنمایەکى نەداوەتە باڵێۆزخانەى عێراق لە چین بۆ ئەوەى ڕەوەندى عێراقى لەو وڵاتە بگوازرێتەوە و هێشتا کارەکە ماوە". . ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ هەینى، لیژنەیەکى باڵاى وەزارى کە بۆ مەبەستى چاودێریکردنى دۆخە پێکهێنراوە ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و چەند زانیارییەکى لەسەر خوێندکاران و ڕەوندى عێراقى لە چین بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، هیچ هاوڵاتیەکى عێراقى دانیشتووى چین توشى ڤایرۆسەکە نەبووە. . هاوکات ئەمین ناسر، ڕۆژنامەنوسی عێراقی دواین بارودۆخی خوێندکارانی عێراقی باسکردووە کە لە ئێستادا لە چین گیریان خواردووە. . ئەمین دەڵێت، یەکێک لە خوێندکارەکان لە چین بەناوی (أ. ف.) پەیوەندی پێوەکردووە کە خوێندکاری ماستەرە لە ئەندازیاری ژینگە لە شاری ووهان، خوێندنەکەشی تەنها سێ مانگی ماوە. . بەپێی بڵاوکراوەى ئەو ڕۆژنامەنوسە، ئەو خوێندکارە وتوویەتی، "ئێمە بە چرکە و خولەک کات دەژمێرین لێرە، چونکە مانەوەمان واتە توشبوونمان بە ڤایرۆسەکە." . ئەو خوێندکارە دەشڵێت، "ژمارەی سەرجەممان بە خوێندکار و خێزان و منداڵەکانیانەوە 63 کەسە، بەڵام هیچ کەسێکمان توشی ڤایرۆسەکە نەبووە." . دەشڵێت، "ماوەى چەند ڕۆژێکە چاوەڕێی فڕۆکەى عێراقی دەکەین بگاتە ئێرەوە و بگەڕێینەوە بۆ نیشتمان."