گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد وردەکاریی ڕووداوەکە بڵاودەکاتەوە

هێزەکەى هەواڵگریی عێراق چۆن چوونە سنورى گەرمەسێر و چۆنیش کشانەوە؟

2020.01.29 - 15:39
هێزەکەى هەواڵگریی عێراق چۆن چوونە سنورى گەرمەسێر و چۆنیش کشانەوە؟
ناس کورد- هێزێکى دەزگاى هەواڵگریی عێراق "بەهەڵە" چوونە سنورى گەرمەسێر، بەڵام بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاسایشى ناوچەکە گەڕانەوە شوێنەکانى خۆیان و ناوچەکەیان جێهێشت. . دوێنێ سێشەممە، 28ى کانوونى دووەمى 2020، هێزێکى سەر بە دەزگاى هەواڵگریی عێراق چوونە ناوچەى کۆڵەجۆى زەنگاباد لە دەڤەرى گەرمەسێر کە چوار ئۆتۆمبیلى سەربازى لەجۆرى هەمەریان پێبووە. . عەقید شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەرپرسى هێزەکانى ئاسایشى ناوچەى کۆکس و کۆڵەجۆ بەناس کوردى ڕاگەیاند، "لەلایەن بنکەیەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە لە دێى عەلى خەڵەف ئاگادارکراینەوە کە هێزێکى عێراقى هاتوونەتە ناوچەکە، دواتر چووینە لاى هێزەکە و داواى ڕوونکردنەوەمان لێکردن چونکە ئەوان بەبێ هیچ بڕیارێکى فەرمى و ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە هاتبوونە ناوچەکەوە، ئەوانیش ئەوەیان پێڕاگەیاندین کە کە بەهەڵە هاتوونەتە ناوچەکەوە و دەبوو بچنە ناوچەى قەرەتەپەوە". . وتیشى "هێزەکە داواى لێبوردنى کرد و دواتریش بەپێى ئۆسوڵ مەفرەزەمان لەگەڵیاندا نارد و ڕەوانمانکردن بۆ ئەو شوێنەى بۆى دەچوون و هیچ گرفت و ئاڵۆزیەک دروست نەبوو بەشێوەیەکى زۆر گونجاو مامەڵەمان لەگەڵ ڕوداوەکە دا کرد". . بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، مەبەست لە چوونى ئەو هێزە بۆ ناوچەکە بۆ کۆکردنەوەى زانیاریى بووە لەسەر جمجۆڵەکانى داعش لەو ناوچەیە، هەروەها کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر ناوچەکانى کارێز و سنورى کفرى و چەند گۆڕانکاریەکى ترى سەربازیى لەناوچەکەدا. . بەشێک لەو ناوچەیەى کە هێزەکەى هەواڵگرى عێراق چووبونە ناوییەوە، بۆشایی ئەمنییە و چەکدارانى داعش چەند جارێک لەو سنورەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە.