گه‌ڕان

Shadow Shadow

پلانەکەى ترەمپ لەنێوان پێشوازی و ڕەتکردنەوەدا.. هەندێکیش هەڵوێستیان ڕوون نییە

2020.01.28 - 23:36
پلانەکەى ترەمپ لەنێوان پێشوازی و ڕەتکردنەوەدا.. هەندێکیش هەڵوێستیان ڕوون نییە
ناس كورد- ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ناوەڕۆكی پڕۆژەی “گرێبەستی سەدە”ی ئاشكراكرد و بەشێوەیەكی زۆر ورد باسی پڕۆژەكەی كرد كە بەوتەی ئەو دەبێتە هۆی "ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین"، هەردوای ڕاگەیاندنەکەش، چەندین کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. . سەبارەت بە پلانەكەی ترەمپ، لەیەكەم لێدوانی فەرمیدا میخائیل بۆگدانۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند: "خوێندنەوە بۆ گرێبەستی سەدە دەكەین، بەڵام گرنگترین شت بۆچوونی فەلەستینیەكان و عەرەبە و هەر گرێبەستێك پێویستی بە دانوستانی ڕاستەوخۆی فەلەستینیەكان و ئیسرائیل هەیە و پێویستە ئەوان ڕێكبكەون و بەیەكەوە چارەسەرێك بدۆزنەوە كە لەلایەن هەردوولایانەوە قبوڵ كراو بێت". . پێشتریش  سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا سەبارەت بە گرێبەستەكە ئاماژەی بەوەدابوو: "ئەمریكا ڕوسیای لە وردەكاری پلانەكە ئاگادار نەكردوەتەوە، پێشنیازی ئەوەش دەكات لیژنەیەكی چوارقۆڵی لە نێوەندگیریە نێودەوڵەتیەكان كە (ڕوسیا، ئەمریكا، نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپا) پێكبهێنرێت بۆ شیكردنەوەی ئەو بابەتە". . لەلایەكی دیکەوە سەرۆكایەتی بەریتانیا بڵاویكردوەتەوە، پلانی ئاشتی كە ترەمپ ڕایگەیاندوە لەپێناو رێكکەوتنی ئیسرائیل و فەلەستینیەكان ئەكرێت ببێتە هەنگاوێكی ئیجابی و پشتگیری پلانەكە دەكەن. . هاوکات ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئەردەن تەئكیدی كردوەتەوە، ئەوان دەست بە بنیادنانی دەوڵەتی فەڵەستینیەوە دەگرن كە پایتەختەكەی قودسی ڕۆژهەڵات بێت، "ئەوەش تاكە ڕێگای ئاشتییە، ئەردەن ئاشتی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی دەوێت و ئەوەش بەپێی بڕیارە شەرعیە نێودەوڵەتیەكان، بەوەش داگیركاری كۆتایی دێت و مافەكانی گەلی فەڵەستین دەپارێزرێت و بەرژەوەندیەكانی ئەردەنیش پارێزراو دەبێت." . هەرچی لە عێراقیشە بەرەی رزگاری و گەشەپێدان ڕاگەیەندراوێکی دەركرد و ئیدانەی پلانەكەی كرد و پشتگیری خۆشی بۆ گەلی فەڵەستینی پیشاندا و ئیدانەی تاوانەكانی ئیسرائیلیشی دژی فەڵەستینیەكان كرد.   باڵیۆزی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئیمارات پێیوایە فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان دەتوانن پێکەوە ئاشتی بەرپا بکەن و پێکەوەژیانی ڕاستەقینە دروستبکەن بە پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی". . دەشڵێت، "ئیمارات هەوڵە بەردەوامەکان ئەمریکا دەنرخێنێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان."   هاوکات ئەڵمانیاش پێی وایە کە "تاکە ڕێگای کۆتاییهێنانی بە ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین بریتییە لە ڕێگەچارەیەک کە هەردوو قبوڵی بکەن." . هاوکات وەزارەتى دەرەوەى میسر دەڵێت، "بە گرنگی چارەسەرکردنی دۆسیەی فەڵەستین لە دەستپێشخەرییەکەى ئەمریکا تێدەگەین کە مافی تەواو بداتە گەلی فەڵەستینی لەڕێگای دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ." . دەشڵێت، "داوا لە لایەنەکان دەکەین خوێندنەوە بۆ بۆچوون و ڕوانگەى ئەمریکا بکەن و کەناڵی گفتوگۆ بکەنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."